سەردێڕ:

یەکگرتنەوەى یەکەى حەفتا و هەشتا بەشداری ڕاستەقینەیە لە حکومەتدا

4/23/2019 2:13:45 PM
3229 جار خوێندراوەتەوە
سەلام عەبدوڵا
+ -

شەراکەتی راستەقینە تەنیا بە پێدانی پلە و پایە و پۆست لە وەزارەتەکان نایەتەدی، ئەمە زۆرجار لە ماوەی ئەم (٢٧) ساڵەدا ئەزموون کراو و ئەو شەراکەتە راستەقینەیە نەھاتەدی، چونکە لایەنێکی گرنگی حکومەتێکی بەھێز و سەرکەوتوو و راستەقینە پێویستی بە پلەی یەکەم بە یەکپارچەیی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستانە ھەم بۆ پاراستنی ھەرێم و ھەم بۆ ڕێگری لە دووبەرەکی ، دوو ئیدارەیی، بۆیە تا ئەو کارە نەیەتە دی ئەوا نە ھەرێمەکەمان پارێزراو دەبێت و نە بەرگەی خۆڕاگری حکومەتەکەمان بەرامبەر ھەڕەشەی دەرەکی دەگرێت، چونکە ھەموو لایەکمان ئەو ڕاستییەمان دی کە ھۆی سەرەکی لە دەستدانی لە سەدا پەنجای ھەرێمی کوردستان بەھۆی نەبوونی ھێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە بوو کە تەنھا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی وەرگرێت و تەنیا و تەنیا فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ بکات نەک فەرمانی حزبی جا لە ھەر لایەکەوە بێت.

بۆیە ئەم ھەوڵەی ئێستا بە چڕوپڕی دەدرێت دەبێت لەلایەن پەرلەمان و حزبەکانەوە زۆر بە جدی کاری لەسەر بکرێ و ھێزەکانی یەکەی حەفتا و ھەشتا بەجۆرێک تێکەڵ بە یەکتری بکرێت کە ھیچ پێشمەرگەیەک ھەست نەکات کە ئەو چەکداری لایەکە و دەبێت فەرمان لە حزبەکەیەوە وەربگرێت و ئەم ھێزە نوێیەش دەبێ بە کادری تازە و گەنجانی مەشقپێکراو بەپێی لایەنگری بۆ حزبێک لەو سوپایەدا قبوڵ نەکرێت، بەڵکو وەکو ھاوڵاتییەکی ھەرێم جا سەر بە ھەر حزب و لایەنێک بێت ئەوا دەبێ لەو سوپا یەکگرتووەدا جێگیر بکرێت و بەھیچ شێوەیەک نەھێڵرێت لەنێو سوپادا باسی حزب و حزبایەتی بکرێت، بەڵکو تەنیا لەسەر نیشتمانپەروەری و بەرگری لە نیشتمانپەروەری بکرێ و ھەست بەوە نەکات کە بۆ حزبێک و لایەنێک پەروەردە دەکرێت، بەمەش بەڕاستی سوپایەکی نیشتمانی و حکومەتێکی راستەقینەی ھاوڵاتییان دەستەبەر دەکرێت، بەھیوای ئەوەی پەرلەمان ئەم کارە پیرۆزە بکاتە سەرەکیترین کاری لەنێو پەرلەماندا.