سەردێڕ:

نەوەی نوێ: لە کۆمپانیایەکی ئابوورییەوە بۆ کۆمپانیایەکی سیاسیی

4/24/2019 10:24:30 PM
14502 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع
+ -

نەوەی نوێ تازەترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناو کایەی سیاسیی ھەرێمە کە بەر لە ھەموو شتێک زادەی سایکۆلۆژیا و خولیای شەخسیی ملیۆنێر و سەرمایەدارێکی ناڕوون و دووڕوخسارە. ناڕوون و دووڕوخسار بەو مانایەی گەرچی پڕۆژە ئابوورییەکانی و بوونی بە ملیۆنێرێکی گەنج و گەورە، جێگای مشومڕی گەورە و بەدگومانیی بوون لای خەڵکێکی زۆر، بەڵام خستنەگەڕی بەشێک لە سەرمایەکەی و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتە میدیاییەکەی لەناو پرۆسەی دروستکردنی حیزبێکی سیاسیی نوێدا، ڕووداوێکی تازەی ناو کایەی سیاسیی ئێمە بوو. ئەم ھێزە تازەیە خاوەنی گوتارێکی سیاسیی رادیکاڵ و ”بوێرانە“بوو بەرامبەر بەو دەسەڵاتدارێتییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە و ھەر ئەم گوتاری ”بوێریی“ەش بوو، بووە جێگای سەرسامیی ژمارەیەکی بەرچاوی دەنگدەران لە دواھەمین دوو ھەڵبژاردندا. دەنگدەرانێک کە ‌ھەم لەدەسەڵات و لە ‌ئۆپۆزیسیۆن نائومێدبوون، ھەم سەرسامبوون بەم ”بوێریی“ە و ھەم ھەڵگری خەونی دەوڵەمەندبوون و خۆشگوزەرانییەک بوون کە ئایدیاڵ و نموونە باڵاکایەن خودی شاسوار عەبدولواحید بوو.

نەوەی نوێ لە ساتی دروستبوونیەوە خۆی وەک بۆمبێکی سیاسیی قۆناغی دوای بزوتنەوەی گۆڕان نماییشدەکردوە و بانگەشەی ئەلتەرناتیڤێکی دووسەرەشی دەکرد. ھەم ئەلتەرناتیڤی حوکمڕانیی دوو ھێزە باڵادەستەکەی ھەرێم و ھەم ئەلتەرناتیڤی ئەو ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە ”بوێریی“ سیاسییان نەماوە. بەم ڕۆحییەت و وێناکردنە تایبەتەشەوە، لە پاڵ ئەو وێنەشدا کە لەسەرەوە کێشامان، بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دوایەی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و عێراقدا کرد.
یەکەم سەرنج بکرێت لەسەر ئەم بەشداریکردنە دەریببڕین ئەوەیە کە ئەم ھێزە سیاسییە تازەیە ئەو قورسایی و ھێز و قەبارەیەی نەبوو، کە بۆ نموونە بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا نیشانیدا. بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو ئەم ھێزەش ھەڵگری ئەو کاریزما تایبەتە نەبوون کە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ھەبوون. 
شاسوار خۆی و نەوەی نوێی وەک تاقە سیاسیی و تاقە ھێزێکی سیاسیی وێنادەکرد، کە مێژوویەکی پاک و بێگەردی ھەیە و لەوانی تر ناچێت، چونکە ھەموو ھێزەکانی تر، بەزمانی خۆیان، تەقلیدیین و لە ھەناوی حیزبەکانی ترەوە سەریانھەڵداوە. بەڵام گەر بەوردی تەماشای پێکھات و کەسایەتییەکانی جوڵانەوەکە بکەین، وێنەیەکی تر دەبینین. بەشێکی بەرچاوی ناوە دیارەکانی ناو ئەم ھێزە یان لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە ھاتوون، یان لەناو ئەو ماشێنە میدیاییەوە کە لە ھەرێمدا ھەبووە و کاریکردوە. کەسانێکن بە مانای نوێ، نوێ نین و سەر بەو نوخبە سیاسیی و فەرھەنگە میدیاییەن کە لە دونیای دوای ڕاپەڕین و دوای نائومێدبوونی سیاسیی لە ئۆپۆزیسیۆن، دروستبوون. جگە لەمە ھەم ھەڵگریی ئەو کولتورە سیاسیی و ئەو میکانیزمە ئابورییانەن کە لە ھەمان دونیادا دروستبووە. 

بۆ ئەوەی زیاتر لەم ھێزە، یان لە ھەر ھێزێکی سیاسیی تر لە ھەرێمدا بگەین، پێویستە لانیکەم لە سێ ڕەھەندی سەرەکیی بڕوانین. یەکەمیان ئەو گوتارە سیاسییانەیە کە ئەم ھێزە ھەڵیگرتوە. دووھەمیان پێکھاتی ڕێکخراوەیی ئەو ھێزەیە. سێھەمیان ئەو پەیوەندییەیە کە ئەو ھێزە بە کایەی ئابورییەوە گرێیدەدات. 

بەبۆچونی ئێمە گوتارە سیاسییەکانی نەوەی نوێ نموونەیەکی تەواو ڕوونی ئەو جۆرە گوتارەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە پۆپۆلیزم ناونراوە. یەکێک لەڕەگەزە ھەرە بنەڕەتیی و گرنگەکانی پۆپۆلیزم، لە ھەموو مۆدێلەکانیدا، بریتییە لە سادەیی و سەتحیبوونی گوتارە سیاسییەکەی و وێناکرنێکی زۆر ساکاری کێشە ئاڵۆزەکان، ئینجا پێشنیارکردنی کۆمەڵێک ڕەچەتەی سیاسیی ساکارە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئاڵۆز و کەڵەکەبووانە کە حوکمڕانییەکی خراپ دروستیان دەکات. ئامانجی ژمارە یەکی ھێزە پۆپۆلیستەکان دەستکارییکردن و گۆڕینی نوخبەی حوکمڕانە بە نوخبەکەی خۆیان، نەک دەستکاریکردنی ئەو واقیعەی کە ئەو کێشانەی دروستکردوە، داڕشتنەوەی دەزگاکانی و ھێنانەکایەی فۆرمێکی نوێ لە پراکتیک و کردەی سیاسیی و پێداچوونەوەیەکی ھەمەلایەن بە پەیوەندیی نێوان کایەی سیاسیی و کایەکانی تر، بەتایبەتی پەیوەندیی ئەم کایەیە بە کایەی میدیا و کایەی ئابورییەوە. ھێزە پۆپۆلیستەکان دەیانەوێت بەھەر نرخێک بگەنە ترۆپکی دەسەڵات، نەک دەستکارییکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات بکەن. 

ئەوەی پێویستە لێرەدا جیاکارییەکی سەرەتایی تیادا بکەین، جیاکردنەوەی ”خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویی“ە لە ”ڕەچەتەی سیاسیی سادە“. ھێزە پۆپۆلیستەکان ھەڵگری خەونێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مێژوویی نین کە ھێزەکانی ئەو خەونە و ڕەگوڕیشەکانی لەناو ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییەدا بێت کە لەناویدا ئامادەن. ھاوکات عەقڵانییەتێکی سیاسیی حیساب بۆکراویش ئاراستەیان ناکات، بەڵکو ھەڵگری ”ڕەچەتەیەکی سیاسیی“ سادەن کە نەک تەنھا دژ بە ھەموو عەقڵانییەتێکی سیاسییە، بەڵکو تەواو ناکۆکیشە بە ھێز و توانا مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئەو واقیعە. بەم مانایە گوتاری پۆپۆلیستیی لەباتی ئەوەی واقیع بناسێت و ئەگەری گۆڕانکاریی لەناویدا بدۆزێتەوە و گەورەبکات، لەسەر نەفیکردنێکی تەواوی ئەو واقیعە کاردەکات. ئامرازی سەرەکیی ئەم نەفیکردنەش جگە لە پێشنیارکردنی ڕەچەتەیەکی سیاسیی ئاسان، شتێکی دیکە نییە. گوتارەکانی نەوەی نوێ سەر بەم شێوازەن لە ڕەچەتەی پۆپۆلیستی و چارەسەری سادە بۆ کێشە ئاڵۆز و گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین. 

ھەرچی مۆدێلی رێکخراوەیی ھێزە پۆپۆلیستییەکانە، مۆدێلێکی ھەرەمییە و دیاردەیەکی تاکسەرۆکیی ئاراستەیدەکات.  ھەموو ھیوا و گوتار و تواناکانیشی لەسەر لەباقەت و کارامەیی و کاریزمای ئەو تاکە سەرۆکە بەندە. لەناو بزوتنەوە پۆپۆلیستییەکاندا کەسی دووھەم و سێھەم بوونی نییە، چ جای سەرکردایەتییەکی دەستەجەمعیی و دروستبوون و دەرکەوتنی کەسایەتی سیاسیی تازە. بۆیە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بە کەوتنی سەرۆکەکە، بەبێزاربوون و بێتاقەتبوونی، یان بە مردنی، سەرجەمی بزوتنەوەکە و گوتارەکانیشی دەمرێت، یان تووشی شەلەلێکی سیاسیی ھەمەلایەن دەبێت تاڕادەی کۆتاییھاتنی خودی جوڵانەوەکە. بزوتنەوە پۆپۆلیستییە تاکسەرۆکەکان ئەو مۆدێلەن لە بزوتنەوەی سیاسیی کە یەک سەرۆک بەتاقی تەنھا ئاراستەی کۆی سیاسەت و گوتار و ئابووریی و ھەیکەلی ڕێکخراوەیی جوڵانەوەکە دەکات. نەوەی نوێش مۆدێلێکی ئەم ڕەوتەیە کە لە جیھانی سیاسەتدا نموونەی کەم نییە.

نەوەی نوێ وەک ھێزیکی سیاسیی نوێی ناو کایەی سیاسەت لە ھەرێمی کوردستاندا، یەکەم رێکخراوە کە راستەوخۆ لەلایەن سەرمایەدارێکەوە دروستدەکرێت و ھەم خۆیشی سەرکردایەتی و ئاراستەی دەکات. گەر ھێزە سیاسییەکانی تری ھەرێم پاش گرتنەدەستی دەسەڵات گۆڕابن بۆ کۆمپانیایەکی سیاسیی، ئەوا نەوەی نوێ ھێزێکە لە کۆمپانیایەکی ئابورییەوە گۆڕاوە بۆ ھێزێکی سیاسیی. لە ھەردوو دۆخەکەدا پەیوەندییەکی تەواو ناتەندروست لەنێوان سیاسەت و ئابورییدا دروستبووە. لە دۆخی یەکەمیاندا سیاسەت دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوریی، لە دۆخی دووھەمیشیاندا ئابوریی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسیی. لە ھەردووکیشیاندا سیاسەت لەوەدەکەوێت کردە و بڕیاری پێکەوەیی و دەستەجەمعیی بێت بۆ دروستکردنی ”ژیانێکی ھاوبەش“ بەلانی ھەرەکەمی کێشە و گرفت و ململانێوە. 

سەرۆکی نەوەی نوێ سەرمایەدارێکە لەناو ئابوورییە پڕ گەندەڵیی و تاریکییەکەی دونیای دوای ڕاپەڕینی ھەرێمی کوردستاندا بوو بەملیۆنێر. ئەوەی ئەمی لە ملیۆنێرەکانی ناو ئەو دونیایە جیاکردەوە سەرفکردنی بڕێکی سەرمایەکەی بوو لە دروستکردنی دەزگایەکی میدیاییدا کە ماوەیەک رۆڵێکی بەرچاوی لە نیشاندانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و خراپەکارییەکانی سیستەمی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا گێڕا. NRT وەک دەزگایەکی میدیایی، گرنگییەکی مێژوویی تایبەتی لەناو ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیاییە شەخسیی و حیزبیی و ئاراستەکراوەدا ھەیە کە دوو ئەرکی سەرکییان ھەیە: یەکەمیان، فرۆشتنی حیزب و بنەماڵە سوڵتانییەکانە بە نرخی فریشتە و فریادڕەسێکی مێژوویی بە کۆمەڵگای ئێمە. دووھەمیان تێکدان و شێواندنی ھۆشیاریی مرۆڤی ئێمە و بەناسیاسیی و ناڕەخنەییکردنی ئەو ھۆشیارییە. NRT لەدوای دروستبوونی نەوەی نوێوە وەک ھێزێکی سیاسیی، وەک زۆرێک لە تەلەفیزیۆنە حیزبییەکانی تر، بووە بە ئامرازی پڕوپاگەندەکردن بۆ نەوەی نوێ بەگشتیی و بۆ سەرۆکەکەی بە تایبەتی. خاوەندارێتی سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ میدیای NRT وایکردوە گوتارەکانی بزوتنەوەی نوێ، بەفیگەر و قسەکانی شاسواردا بناسرێنەوە. قسەکانی شاسواریش دووبارەکردنەوەیەکی زۆر سادەی ئەو گوتارانەیە کە ‌پێشتر لە کایەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییدا بە شێوەیەکی سیستماتیکیتر و عەقڵانیتر ھەبوون. 

لەماوەیەکی کەمدا ھەم نەوەی نوێ وەک ڕێکخراو و ھەم NRT وەک دەزگایەکی میدیایی، بوون بە حیزب و میدیای تاکسەرۆک. نەوەی نوێ لە ئێستادا رێکخراوێکە کە دامەزرێنەرەکەی کۆماندۆئاسا ھەم رێکخراوەکە بەڕێوەدەبات و ھەم ئابوورییەکەی لەژێر دەستی خۆیدایە و ھەم میدیاکەشی ھی خۆیەتیی. ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتی مانای ئەوەیە کە ئابووریی و میدیا و ئیدارە و سیاسەتی رێکخراوەکە بەریمۆت کۆنترۆڵی دەستی سەرۆکەکەیەوە بەندە. بەشێکی زۆری ئەوانەشی لەناو بزوتنەوەکەدا کاردەکەن، یان بەگرێبەست لە دەزگاکانیدا کارمەندن، یان فەرمانبەر و مووچەخۆری سەرۆکی ڕێکخراوەکەن کە بە خۆبەخش ناودێڕکراون. زۆری پێنەچوو وێنە ڕاستەقینەکەی نەوەی نوێ و شاسواری سەرۆکی بۆ ڕووبەری گشتیی ئاشکرابوو. شاسوار رێکخراوێکی ھەرەمیی دامەزراند کە خۆی کەسی یەکەم و کەسی کۆتایی و بڕیاردەری ناو ڕێکخراوەکەیە. دەزگای میدیایی رێکخراوەکە شەخسی خۆی ئاراستەی دەکات، زمان و گوتارەکانی جوڵانەوەکە خۆی دیاریدەکات و ھەرچی ئەندامانی ڕێکخراوەکەشە کە ناوی ناون خۆبەخش، جگە لە کارمەندێک کە بەگرێبەست کاری بۆ دەکەن، شوناسێکی تریان نییە. 

ئەندامبوون لە جوڵانەوەی نەوەی نوێدا ھەڵگری ھەمان خەسڵەت و مۆدێلی ”کارمەندی گرێبەستە“ لەناو کۆمپانیایەکدا کە لەگەڵ ھەر سەرپێچییەکدا، بێگومان ئەوەی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە لادان و خیانەتی بزانێت، نەک تەنھا ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی ئامادەیە، بەڵکو ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتیشی ئەگەرێکی کراوەیە. بەم چەشنە مۆدێلی حیزبایەتی لەناو نەوەی نوێدا سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی ھەمان پەیکەری سیاسییە کە لەحیزبە نادیموکراسییە ‌سوڵتانییەکانی تردا دەیبینینەوە، ئەگەر لەوان خراپتریش نەبێت. شاسوار دەتوانێت بەگرێبەست سیاسییەکانی ناو بزوتنەوەکە دابمەزرێنێت و موچەیان بۆ ببڕێتەوە، ھەر شاسواریش دەتوانێت گرێبەستەکەیان ھەڵوەشێنێتەوە و دەریان بکات و بێکاریان بکات.

گەر بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک بێت لەو ھێزە ‌سیاسییانەی دوای ڕاپەڕین کە لە ماوەیەکی کورتدا زوو ھەڵکشاو دوای دوو ھەڵبژاردن داکشا، ئەوا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم پلەی یەکەمی لە گۆڕان سەندەوە. گەر گوتاری ”بەڵێ دەیگۆڕین“ی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەیەکی زەمەنییدا مەترسییەک بووبێت بۆ سەر دەسەڵات و لە ئێستاشدا لەناو دیوەخانی دەسەڵاتدا کۆتایی ھاتبێت، ئەوا لەمڕۆدا نەوەی نوێ لە گوتاری گۆڕینی ترۆپکی دەسەڵات لە پایتەختەوە کەوتۆتە ناو مەترسیی ئەوەی ترۆپکی دەسەڵاتەکەی لە گوندی ئەڵمانی بکەوێتە لەرزین. دوای چروکبوونی بۆمبی گۆڕان، بۆمبێکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەی تر لەکۆمەڵگای ئێمەدا لە چروکبووندایە. ئاکامی ئەم پرۆسەیەش تەنھا ناچیزبوونی ئەو ھێزانە نییە کە خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات بە ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینە دەزانن، بەڵکو مەترسیی ھەرە گەورە لەوەدایە کە ھەم مانای ئۆپۆزیسیۆنبوون بەتەواوی وێران دەکەن و ھەم  کردەی سیاسییش لە ھەموو نرخ و بەھایەک دادەماڵن. بەسەریەکیشەوە متمانەی ئەو زیاد لە حەفتا لەسەدەی، دەنگە ناڕازییەکانی دونیای ئێمە بە سیاسەت و گۆڕانکاریی شکستپێدەھێنن. 

ئێمە ھەمیشە جەغدمان لەسەر ئەو خاڵە کردۆتەوە کە لەم قۆناغەدا ھەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەپلەی جیاواز لە پرۆسەیەکی خێرا و ھێواشی بەسوڵتانیبووندان. سوڵتانیبوونیش مانای ئەوەیە خێزانێک دەست بەسەر قەدەری حیزبدا دەگرێت و حیزب دەکات بە کۆمپانیایەک بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و گروپییەکانی خۆی و، ھەموو سیستمی حوکمڕانییش دەگۆڕێت بۆ موڵکایەتییەکی شەخسیی و جوڵاندنی بەپێی لۆژیکی ئەو موڵکایەتییە. ئێمە ڕامان وایە کە پرۆسەی بەکۆمپانیاکردنی سیاسیی نەوەی نوێ بە میکانیزمی بەخێزانییکردنێکی تەواوی جوڵانەوەکە کۆتایی دێت و پرۆسەی ھەڵوەرینی گوتارەکانی و بەداوەشانی جوڵانەوەکە و تەکینەوەی ھەموو ئەو بکەرەسیاسیی و کۆمەڵایەتییانەش کۆتایی دێت کە لە قۆناغی دروستبوونی فەراغی سیاسیی دوای کەوتنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئومێدێکیان پێی ھەبوو.


خاڵێکی دیکە کە ئێمە بەدرێژایی دونیای دوای ڕاپەڕین بەرگریمان لێکردەوە بەستنەوەی سیاسەتە وەک چالاکییەکی ناو ڕووبەری گشتیی بە مەسەلەی ئەخلاقی بەرپرسیارێتییەوە. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ھێزێکی سیاسیی نوێیە کە بە ئەخلاق و کولتوور و میدیا و زمانێکی سیاسیی نوێ و بڕێکی گەورە لە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبێت، ھەم واقیعەکە بناسێت و ھەم کەرەستەکانی دەسکاریکرنیشی گەڵاڵە بکات. ھەموو ئەمانەش لەناو ئەخلاقیەتێکی بەرپرسیارانەدا کە سیاسەت دەگۆڕێت بۆ ئاکتێکی عەقڵانیی و مێژوویی. ئەزموونی سیاسیی کورتی نەوەی نوێش پێماندەڵێت کە ئەم جوڵانەوەیە لە خولی یەکەمی کاری سیاسییدا لە ھەموو بەشەکانی ئەم تاقیکردنەوەیەدا دەرنەچوو.