سەردێڕ:

پیلانێکی ئاشکرا

8/8/2019 8:52:08 PM
6691 جار خوێندراوەتەوە
سەلام عەبدوڵا
+ -

تا (١٦)ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ھەرگیز نە حکومەتی عێراق و نە عەرەب نە تورکمان لە کەرکوک، نەک داوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایان نەدەکرد، بەڵکو بە ئاشکرا دژایەتیشیان دەکرد، کەچی دوای (١٦)ی ئۆکتۆبەر کە زۆرینەی خەڵکی رەسەنی کەرکوک دەرپەڕێندرا، بە خێرایی پڕۆسەی تەعریب و نیشتەجێ بوونی نایاسایی جارێکی تر دەستیپێکردەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا خەریکە تەواوی دیموگرافیای کەرکوک لە بەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕن، بۆیە وا بەپەلە پرۆزێ داوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەتایبەتی لە کەرکووکدا دەکەن، ئەمەش دوای ئەوەی کە بە ھەزاران عەرەبی ھاوردەیان ھێنایەوە کە قەرەبووش لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە -کرابوون و بە خواست و رەزامەندی خۆیان کەرکووکیان بەجێھێشت و بۆ شارو گوندەکانی خۆیان گەڕابوونەوە، بەڵام ھەر دوای ئەو کارەساتەی بەسەر کەرکووکدا ھێنرا، ئەوا بە بڕیاری راکان جبوری و خودی حکومەتی عێراقی، ھەموو ئەوانە مۆڵەت بە گەڕانەوەیان دراو داوا لە خەڵکە رەسەنەکە دوای چەندین ساڵ نەھامەتی گەڕابوونەوە سەر زێدی باو باپیرانیان کە موڵک و ماڵی خۆیان چۆڵ بکەن.

جا نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو کۆمەڵێک ھەوڵی دوژمنکارانە درا بۆ ناچارکردنی جوتیاران و دانیشتوانی گوندە کوردەکانی نزیک کەرکوک، ئەویش بە سوتاندنی دەغڵ و دانیان کە بژێوی ساڵانەی خۆیانیان پێ پەیدا دەکرد، ئەوانیش ناچار کران کە گوندەکانیان بەجێبھێڵن.

پڕۆسەی تەعریب زۆر بە خێرایی بەردەوامەو رۆژانە عەرەبی ھاوردە و خەڵکانی تر دەھێنرێتە کەرکوک و ھەر بە وتەی کۆمپانیای خۆراکی کەرکووک لە ماوەی ئەم (٧) مانگەدا چل ھەزار کەسی تازە ناوی لە کەرکووک تۆمار کراوەو کە مافی دەنگدانی پێدەدرێت.

بۆیە حزبە کوردییەکان و دانیشتوانی رەسەنی کەرکوک بەھیچ جۆرێک نابێ قبوڵی ئەو ھەڵبژاردنە بکەن تا بارودۆخی کەرکوک بە تەواوی ئاسایی دەکرێتەوە و ھەموو ئەو بڕیارە چەوتانەی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو لەپێناو بە عەرەب کردنی کەرکوک و دەورووبەریدا دابووی پووچەڵ دەکرێتەوە و سەرژمێری ١٩٥٧ دەکرێتە سەرچاوەی دۆزینەوەی دانیشتوانی رەسەنی کەرکوک.

دەنا بەم شێوەیەی ئێستا کە رۆژ لە دوای رۆژ کورد کەمدەکرێتەوە و عەرەب زیاد دەکرێت ئەوا ھەر لە ئێستاوە ئەنجامەکان ئاشکرایە کە لە بەرژەوەندی عەرەب و حکومەتی عێراق دەبێ، ھەرچەند حکومەتی عێراق دەڵێ با جارێ ھەڵبژاردن بکرێ و پاشان بە تۆماریی دەنگدەراندا بچنەوە کە بڕیارێکی چەوت و بێ مانایە، لێرەدا دەڵێین گەر تورکمانەکان وا دەزانن بەم ھەڵبژاردنە نائاساییە سودمەند دەبن زۆر ھەڵەن، چونکە لە کۆتاییشدا ئەوانیش زەرەرمەند دەبن، چونکە حکومەتی عێراقی ھیچ حیسابێکیان بۆ ناکات و کەرکوک بە شارێکی عەرەب لە قەڵەم دەدات، ھەموو بیرمانە ھەڵوێستی تاریق عەزیز لە تورکیا لە کۆتایی ساڵی ھەشتادا کە چۆن لە ئەنقەرە لە وەڵامی رۆژنامەنووسانی تورکدا وتی: (لە عێراقدا تورکمان نییە) و لە زەمانی بەعسیشدا دەبوو تورکمان نەتەوەکەیان بە عەرەب بگۆڕن گەر دەیانەوێت لە کەرکوک بمێنن.