سەردێڕ:

ھۆکاری سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا

6/21/2019 8:22:08 AM
9305 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

لە ھۆکارێک زیاتر لە پشت سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ بەغدا:

- ھەرە گرنگەکەیان پێویستی عەبدولمەھدیە بۆ ئەو سەردانە بۆ ئەوەی لە نێو ئەو گەلەکۆمەی ئێستا لە بەغدا و لەلایەن ھێزە سیاسیەکانی نزیک لە عەبادی لێی دەکرێ پێویستی بەوەیە بەھێزەوە وەدەرکەوێتەوە و وەک پیاوی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان تەماشا بکرێ نەک پیاوی دروست کردنی قەیران و تاکڕەوی وەک عەبادی و بەر لەویش مالیکی.

- ھەر سێ سەرۆکایەتی عێڕاق فیدڕال لە سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران چاویان لەوەیە نێچیرڤان بارزانی ببێتە ھاندەریان بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان دەربارەی کێشە ناوخۆیەکان و کێشە ھەرێمایەتیەکان یەکبخەن،چونکە لە ماوەی رابردوو ھەڵوێستەکانیان دەربارەی کێشە ئیقلیمیەکان لە یەک دوور بوون بە تایبەتی لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا لە سەر ئێران و مەترسی دروست بوونی شەڕ لە نێوانیاندا.

- ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی تەواوکەری سەردانەکەی سەرۆک بارزانیە کە دوای دەستبەکاربوونی عەبدولمەھدی سەردانی بەغدای کرد و ھەردوولا بە لێک تێگەیشتنێکی جەنتەلمانانە گەیشتن بۆ کێشانی ھێلە گشتیەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

- رەنگە ھەرێمی کوردستان نەرمی بنوێنێ بۆ رادەست کردنی نەوت بە بەغدا بە بڕێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی عەبدولمەھدی لە بەرامبەر نەیارانی بەھێزتر بێت،بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا یاسای نەوت و گاز لە پەڕلەمانی فیدڕال بە سازانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەربچێ، ھەروەھا پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە قسە و دانیشتن بکەوێتە دۆخی کرداری.

- بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاق کە لە رۆژی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیەکەی کامل بوو بە ھەموو تواناوە دەیەوێ لە رێگای نێچیرڤان بارزانیەوە بگەڕێتەوە ناو تیمی کوردستانی و لە بەغدا سەرۆکایەتی ئەو تیمە بکا و ھەمان سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود دووبارەبکەنەوە کە نێچیرڤان بارزانی ھاندەری ئەوەیە و سەرۆک مەسعود بارزانیش پاڵپشتە بۆیان.

- ئەو سەردانە کە لە سەرداوای سەرۆک وەزیرانی عێڕاق عادل عەبدولمەھدی بووە جگە لەو خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەیان بۆکراوە، خاڵێکی دیکەی جەوھەری ھەیە کە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێستای ھەرێمی کوردستانە و پەیامی حکومەتی عێڕاقە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەت دەکەن لە ھەولێر نەک گروپێک و کەسانێک کە پرۆژەی پارچەکردنی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکەن بیدەنە بەغدا،عەبدولمەھدی ئەوەی بە نێچیرڤان بارزانی گووتوە کە دەیەوێ لە بەغدا ئەو پەیامە بە ھەموو لایەک بدا.

- حکومەتی فیدڕالی عێڕاق بە ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەیەوە ھێزە کوردستانیەکان بۆ زوو پێکھێنانی کابینەی نوێ ھاندەدەن و پاڵپشتیان لەوە کردووە کە پێویستە لە وادەی یاسایی خۆیدا کابینەی نوێ دروست بێت، لە دانیشتنی بارزانی و بەرھەم ساڵح ئەوە بە وردی باسی لێوە کراوە و ھاوبۆچوون بوون دەربارەی پرسی پێکھێنانی حکومەت و چارەسەرکردنی گرفتە سیاسیەکان.