سەردێڕ:

یەکێتی بۆ وا دەکات؟ (رێکدەکەوێت و پاشگەزدەبێتەوە)

3/14/2019 5:41:35 PM
13768 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

سێ ھۆکار رێگرن لە ھاتنە پێشەوەی یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھۆکارەکان پەیوەندیان بە ناوخۆیی یەکێتی و ھاوکێشەکانی بەغدا و ململانێی ئەمەریکا و ئێرانەوە ھەیە، یەکێتی بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ پارتی ئیمزایان دەکات و رۆژی دواتر لێیان پەشیمان دەبێتەوە جگە لە گرەو کردن لە سەر کات شتێکی دیکە نیە، یەکێتی بە ھەموو توانایەوە دەیەوێت پێکھێنانی کابینەی نوێ تا دەکرێ دوا بخات لایەنی کەم تا کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایار.

بۆ یەکێتی ئەو کارە دەکات؟ بە باسکردنی سێ ھۆکارەکەی بەرسڤی ئەو پرسیارەمان وەچنگ دەکەوێت.

ھۆکاری ناوخۆیی: شەڕی باڵەکانی یەکێتی ئەوەندە توندە تەنانەت دوای نزیکەی چوار مانگ ناتوانن کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا بکەنەوە، گرفتەکە تەنھا ئەو پۆستە نیە، بەڵکو ناوخۆیی یەکێتی ئەوەندە ئاڵۆز بووە باڵەکان وەک پولی دۆمینۆیان لێھاتووە یان ھەموویان لە تەنیشت یەک بە پێوە دەوەستن یان ئەوەتا ھەریەکێکیان کەوت ئەوانەی دیکەش لەگەڵ خۆی بەردەداتەوە.

یەکێتی کە لە ھەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارتی داواکانی دەگۆڕێت ئێستا لە نێوان وەرگرتنی پۆستی سەرۆک پەڕلەمان یان گۆڕینەوەی بە پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم گیری خواردووە، چونکە ئەگەر سەرۆکایەتی پەڕلەمان رکابەرییەکە لە نێوان کەسێکی پاشناو تاڵەبانی و کەسێکی سەر بە بەرھەم ساڵح و پاڵپشتی کراو لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ بێت، ئەوە پڕکردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم شەڕ دەبێت لە نێوان کوڕی تاڵەبانی (قوباد) و کوڕی کۆسرەت رەسوڵ (دەرباز)، ھەروەھا ئەو کات پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتیش کە ئێستا بۆ قوباد یەکلایی بووەتەوە دەکەوێتەوە ناو ھاوکێشەی ململانێ و شەڕی باڵەکان.

وێنەی ململانێ و ناکۆکییە قوڵەکانی نێوان باڵەکانی یەکێتی لە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی کابینەی نوێ ئەو وێنە گەورەیە پێکدەھێنن کە دەبێتە ناونیشانی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی(بێگومان ئەگەر بکرێ).

ھۆکاری عێراقی: یەکێتی ھێشتا چاوی لە بەغدایە ھاوکاری بێت لە راست کردنەوەی باری کەوتووی و دۆڕانەکانی لە ھەڵبژاردنەکان بەرامبەر پارتی، ھێشتا گرەو لە سەر ئەو بەڵێنانە دەکات کە بەشێک لە ھێزە شیعییەکان پێی دەدەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دانانی یەکێتیەکی سەر بە باڵی شازدەی ئۆکتۆبەر وەک پارێزگاری کەرکوک.

باڵی شازدەی ئۆکتۆبەر کە بەرھەم ساڵحیان کردە سەرۆک کۆمار ھێشتا ئومێد بڕ نەبووە لەوەی کە دەتوانن بەغدا وەک کارتی فشار لە دژی پارتی بەکاریبھێنن بە تایبەتیش کە لە ساڵانی رابردوو لەو ڕوەوە توانیان پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە شیعەکان بۆ راگرتنی باڵانس بەکاربھێنن:

- پێشنیار کردنی بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان تا لە ڕێگەیەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد لاواز بکەن تا ڕادەی چۆک دادان بۆ بەغدا و قبوڵکرنی ھەموو مەرجەکانی کە دەرئەنجامەکەی نەمانی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەبوو.

- رادەست کردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بە ‌ھێزەکانی حەشدی شەعبی و نەوتەکەی بە ئێران، لە پێناو پاشەکشە پێکردن و فەشەل پێھێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە ئامانج لێی رادەست کردنەوەی ھەموو خاکی ھەرێمی کوردستان بوو بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران و نەھێشتنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان.

- ھەوڵدان بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی وەتەنی کە بەرھەم ساڵح و باڵی ماڵباتی تاڵەبانی کاریان بۆ دەکرد، ئامانج لێی بە کارتۆنی کردنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بوو بە گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی حوکمی زاتی کارتۆنی سەردەمی سەدام حسێن.

- پاڵپشتی کردنی دەرچواندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەڕلەمانی عێڕاق و تەرخان کردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو ھێزە تائیفیەی کە راستەوخۆ بە فەیلەقی قودسی ئێرانیەوە گرێدراوە.

- ھەوڵدانی یەکێتی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە خولی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەوەی کێشەکانی کوردستان لە جیاتی ھەولێر لە بەغدا چارەسەر بکرێن بەوەش بەغدا بکەنەوە ئەو ناوەندەی کە بڕیار لە چارەنووسی ھەموو دەوڵەتی نەناو عێڕاق بدات، بە پێچەوانەی ئامانجی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانی کوردستان کە زیاتر لە سەد ساڵە تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی بەغدا ناوەند نەبێ و کوردستان ناوەندێکی تایبەت بەخۆی ھەبێت.

- بەرھەم ساڵح کە ئێستا بە نوێنەرایەتی یەکێتی سەرۆک کۆماری عێڕاقە لە جیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەر بووەتە بەشێک لە قوڵکردنەوەی کێشەکانی کوردستان و دوا خستنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرھەم ساڵح کە یەکەمین سیاسی کوردە لە سەت ساڵی رابردوو داوا لە گەلی کورد بکات پشت لە دروشم و ئامانج و داخوازیە نەتەوەییەکان بکەن و ڕوو بکەنە حوکمی رەشیدی بەغدا، واتا چیدیکە پێویست ناکات بۆ کوردستان کوردایەتی بکرێت، بەڵکو پێویستە کورد بوون لە چوارچێوەی عێڕاق جێگای بۆ بکرێتەوە.

یەکێتی ئێستاش ئامادەیە ھەموو ئەوانە جارێکی دیکە لەگەڵ بەغدا درێژە پێ بدات تەنھا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو گرێ دەروونیەی بکاتەوە کە بەھۆی پارتیەوە تووشی بووە، ھەروەھا بتوانێت ببێتە تاکە ھێزی بڕیار دەر لە ھەرێمی کوردستان وەک بافێل تاڵەبانی ماوەیەک پێش ئێستا ئاشکرای کرد کە دەیانەوێت یەکێتی ببێتە حزبی یەکەمی کوردستان، کە بە وردبوونەوە لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی و پێگەی لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق دیارە قسەی لەو شێوەیە لە واقیعدا کەس مەرحەبای ناکا، مەگەر بە ھاوکاری پاڵپشتی ھێزی دەرەکی بێت وەک ئەو نموونانەی باسمان کردن.

ھۆکاری ئیقلیمی: ئامانجی گەورەی یەکێتی لە کات کوشتن بۆ دواخستنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران ھەیە، یەکێتی دەیەوێت لە چارەنووسی ئێران لە عێراق دڵنیا بێت، بزانێت ئێران بە بەھێزی دەمێنێتەوە یان ئەوەتا لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا پاشەکشە دەکات و لە عێڕاق ھێزی جارانی نامێنێت، بە تایبەتی کە چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داھاتوو گەمارۆی سەر ئێران ھێشتا توندتر بکرێ، بۆیە یەکێتی لە بەردەم دوو ئەگەر دایە:

- ئەگەر پاشەکشە بە ئێران کرا ئەوە یەکێتی بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ پارتی رازی دەبێت و بە نەرمی لە پارتی دەچێتەوە پێش و دەبێتەوە ھاوبەشی دەسەڵات وھەوڵ دەدا رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی توندتر بکات.

- ئەگەر ئێران توانی تەجاوزی گەمارۆکە بکات و کاریگەری سزاکان کەم بکاتەوە  (ئامانجی سەردانەکەی حەسەن روحانی بۆ بەغدا و ئیمزاکردنی رێکەوتنێکی دوازدە خاڵی لەگەڵ عێڕاق کە ھەموو خاڵەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە ئێران زیاتر دەست کراوە بکەن لە عێڕاق، ھەروەھا دراوە جیھانییەکان بە تایبەتی دۆلار بگەیەندرێنە بازاڕەکانی ئێران) یەکێتی بەو رێککەوتنانە رازی نابێت و مەرجی زیاتر بۆ پارتی دادەنێت و سەقفی داواکانیشی ئەوەندە بەرز دەکاتەوە کە ئەگەر دەسەڵات پەنجا بە پەنجاش نەبێت، بەڵام دەبێ ھەمان ناوەڕۆکی ھەبێت.

یەکێتی بۆ ھەردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی و زیاتر وەرگرتنی پاڵپشتی لە بەغدا ھیوای بە ھۆکارە ئیقلیمیەکە ھەیە، چونکە پێشتریش لە ھەموو کەوتنێکی یەکێتی دا ئێران ئەو دەستە بووە کە یەکێتی و ماڵی مام جەلالی گرتۆتەوە.

پارتی و گۆڕان کە ئێستا دوو ھێزی سەرەکی پێکھێنانی کابینەی نوێن و رێکەوتنیان لە نیوان دا ھەیە، ھەروەھا ئەو لایەنانەش کە چاویان لەوەیە بەشداری لە حکومەت دا بکەن چ پێکھاتەکان بن یان لایەنە سیاسیەکان پێویستە خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بڕیار بدەن.

- یان دەبێ چاوەڕوانی یەکێتی بکەن تا ئەو کاتەی کێشەی نێوان باڵەکانی کۆتایی دێت و بەھێز دەبێتەوە و بە مەرجی نوێ دێتەوە ناو گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەتی کە دیار نیە ماوەکەی چەند دەبێ و مەرجەکانی چۆن دەبن.

- یان ئەوەتا پێکەوە ھەماھەنگ بن و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان و یاساکانی کار بۆ پێکھێانانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی لایەنی کەم یەکێتی ناچار بکەن خۆی یەکلایی بکاتەوە و بڕیار بدات بەشداری حکومەت دەکات یان لە دەرەوەی حکومەت وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە، ئەو ھێزانە دەتوانن ئەو پۆستانەش بە بەتاڵی بۆ یەکێتی بەجێ بھێڵن و بە وەکالەت بۆیان بەڕێوە ببەن تا ئامادە دەبن و کاندیدەکانیان یەکلا دەکەنەوە.