سەردێڕ:

دوا بڕیاری یەکێتی

2/15/2019 4:13:55 PM
6946 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ھەڵسوکەوت و لێدوان و خۆگرخاندنی یەکێتی بە مل نەدان  بە دەرئەنجامی ھەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان، ھەمان ھەڵسوکەوت و لێدوانەکانە کە پێش رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرمان وەبیردێنەوە، بە ترساندنی لایەنەکانی دیکە کە ئەگەر ھەموو شتێک بە دڵ و داخوازی یەکێتی نەبێت ئەوە نیوەی ھەرێمی کوردستان واتا زۆنی کەسک بە دەردی کەرکوک دەبردرێ و رادەستی بەغدا دەکرێتەوە.

بەستنەوەی کەیسی دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک و بەخشینی وەزارەتی داد لە بەغدا بە یەکێتی بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەرخەری ئەو راستیەن کە یەکێتی لە کەرکوک و بەغدا دۆڕاوە.

دەبووایە باڵی دەست رۆیشتووی یەکێتی پەند لە رووداوەکانی رابردوو وەربگرن بەوەی پشت بەستن بە ھێزی دەرەکی لە یەکلایی کردنەوەی کێشە ناوخۆیەکان زیاتر بێ ھێزیان دەکا و وێنەیان لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان تەڵخ تر دەکات، یەکێتی دەبێت لەوە تێبگات ئەگەر ھێزە ھەرێمییەکان لە پاداشتی رادەستکردنەوەی کەرکوک بە حەشدی شەعبی و پاسداران لە ھەردوو ھەڵبژاردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەرفەتی تەزویرێکی یەکجار زۆریان بۆ دروست کردن تا ئەو ڕادەیەی ھەموو چەکدارانی حەشدی شەعبی لە حەویجە دەنگیان پێ بدەن و لە سلێمانی بە دڵی خۆیان سندوقەکان پڕبکەنەوە، بەڵام تەزویراتەکەش نەیتوانی باری کەوتووی یەکێتی لە شازدەی ئۆکتۆبەرەوە راست بکاتەوە.

لە بەغداش بە دانانی سەرۆک کۆمار بە دەنگی زۆرینەی عەرەب و ئێران ھەوڵیدا یەکێتی لە وێنەی سەرکەوتوو نیشانی خەڵکی کوردستان بداتەوە، بەڵام ھەڵبژرادنی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە حەقیقەتی یەکێتی نیشاندایەوە کە وێڕای تەزویرێکی لە ڕادەبەدەر، بەڵام نەیتوانی نیوەی کورسییەکانی پارتیش بەدەست بھێنێ کە خەونی گەورەی یەکێتی و تاکە ئامانجی لە پەنجا ساڵی رابردوو ئەوە بووە جارێک بەسەر پارتی سەربکەوێ.

یەکێتی کە ئێستا لە دژی ئیرادەی خەڵکی کوردستان وەستاوەتەوە و لە جیاتی قبوڵکردنی بڕیاری خەڵک کە لە رێگای سندوقی دەنگدان یەکێتیان بە جیاوازی بیست و چوار کورسی لە خانەی دووەم لە دوای پارتی داناوە، ھەڕەشەی نەھێشتنی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەکات ڕێک وەک رۆژانی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر کە بەناوی دامەزراندنی حکومەتی ئینقاز و نەمانی شەرعییەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و قەوارە دەستووریەکەی، دەیانویست دەست بەسەر ھەموو ھەرێمدا بگرن و رادەستی بەغدای بکەنەوە و خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی خەڵکی کوردستان بکەنە شاباشی لە ناو بردنی پارتی.

یەکێتی بە ھەموو ئەو کارانەی لە دژی ھەولێر و بۆ بەرژەوەندی بەغدا کردنی بۆی دیار بوو کە بەبێ پاڵپشتی پارتی و شەخسی بارزانی ناتوانێ شتێک بە شتێک بکات، لە کەرکوکیش بە ھەمان شێوە ئەگەر پارتی ھاوکاری نەبێت ئەوە دەبێت ھەر بە دەست راکان جبوری ناڵەیان بگاتە ئاسمان.

بۆ یەکێتی باشترە لە ھەولێر لە خانەی دووەم دابێ و کار بۆ ھەڵسانەوەی خۆی بکا نەک لە بەغدا بە سەرۆک کۆمارێکی بێ بڕیار و لە ترکزە حیسابی لیوایەکی حەشدی شەعبی بۆ نەکرێت، باشترە بۆ یەکێتی ھەولێر بکاتە چەقی یەکلایی کردنەوەی کەیسی کەرکوک و بە پاڵپشتی ھەولێر پارێزگارێکی نوێ دابندرێت نەک لە بەغدا کار بۆ لادانی پارێزگارێکی کورد و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگارێکی کورد بکرێ و بیاندەنە دادگا بە تاوانی کورد بوون و بەرگریکردن لە ئاڵا و کوردستانی بوونی کەرکوک، وەک ئەوەی بەرامبەر نەجمەدین کەریم و رێبوار تاڵەبانی کردیان.

پرسی پەنجا بە پەنجا و دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆن کۆتایی ھاتووە و یەکێتی ھەرچی بکات ناتوانێ کات بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە بەتایبەتیش کە بۆ دە ساڵ دەچێت یەکێتی لە سلێمانی و گەرمیانیش تاکە ھێز نیە و ئەگەر تەزویرات و ئێران ھاوکاریان نەبووایە ئەوجارەش نەیاندەتوانی تەجاوزی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و وەپێشی بکەوێتەوە.

بۆیە یەکێتی لە کۆبوونەوەی ھەژدەی شوبات بەشداربێ یان نا، پێش وەختە لەگەڵ پارتی رێکبکەوێت یان نا، ئەوەی بۆ ناچێتە سەر دۆڕانەکانی لە بەغدا و کەرکوک لە ھەولێر قەرەبوو بکاتەوە، بۆیە باشترە مل بۆ حەقیقەتی و قۆناغی نوێی سیاسی ھەرێمی کوردستان بدا کە ئەو لە کۆی سەد و یازدە کورسی تەنھا بیست و یەک کورسی ھەیە، حەقە لەوەش تێبگات ئەو نەرمی نواندنەی پارتی لە بێ چارەیی و لاوازی پارتی نیە کە بە تەنیا چل و پێنج کورسی ھەیە و ھەر کاتێک بیەوێ دەنگەکانی دەگەیەنێتە رێژەی زۆرینە بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەکان، ئەو کات ئەگەر یەکێتی ھەڕەشەی شەڕ و دوو ئیدارەیی بکات ئەوە رووی راستەقینەی جوانتر بۆ خەڵکی کوردستان و دنیاشەوە دیار دەکەوێت کە لە ھێزێکی عەسکەرتاری زیاتر نیە و مل بۆ دیموکراسییەت و ئیرادەی گەل نادات.

یەکێتی ئیستا دوو ڕێگای لە پێشە ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشداریکردن لە حکومەت کە بڕوا ناکەم ھیچیان دادی بدەن ئەگەر خۆی لە نێوان کوردستانی بوون و عێراقی بوون یەکلانەکاتەوە.

ھەردوو رێگا یەکێتی دەباتەوە سەر سازدانی کۆنگرە کە چاوەڕوانی زیاتر پەرت بوونیان لێ دەکرێت نەک خڕبوونەوە، بە تایبەتیش کە ئێستا شەڕی جێگرتنەوە تاڵەبانی گەیشتووەتە ناو ئەندامانی بنەماڵەکەیان و ئەوجارە نەک یەکێتی بنەماڵەکەش کەرت دەکا.