سەردێڕ:

رۆژئاوا بۆ کورد دەبێ یان بۆ ئەوان ؟

1/19/2019 4:42:27 PM
2803 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

رۆژئاوای کوردستان کەوتۆتە بەردەم دووڕیانێک کە پێویستی بە یەک بڕیارە ئەو بڕیارەش نە ئەمریکا و نە تورکیا و نە رژێمی سوریا نایدەن بەڵکو کورد دەتوانێ بڕیارەکە بدات و ھاوکێشەکە بەلایەکدا ببات.

ئەوەی تا ئێستا لە لێدوان و بزاڤەکانی سەرکردەکانی پەیەدە لە رۆژئاوا دەخوێندرێتەوە ئەوان دەیانەوێ بەھەر جۆر و نرخێک بێت لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ڕێکبکەون، بڕیاری تڕەمپیان کردووە بە بەھانەی ئەوەی کە چارەی دیکەیان نیە جگە لە ڕێکەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئەو ھەڵوێستەی پەیەدە دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێ:

یەکەم: پەیەدە ھەر لە سەرتاوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد و بە سەرپەرشتی ئێران دەستی بە سەر رۆژئاوای کوردستان داگرتووە و ئێستا کە رژێمی سوریا بەھێز بۆتەوە پێویستە ھەرێمەکە رادەستی حکومەت و سوپای سوریا بکرێتەوە.

دووەم: پەیەدە ئامادەیە لەگەڵ ھەموو لایەک ڕێکبکەوێ تەنھا لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد نەبێ لە رۆژئاوای کوردستان، رێکەوتن لەگەڵ رژێمی سوریا رێگر دەبێ لە ناچاربوونیان بە دانیشتن لەگەڵ ئەو پارتیانەی لە ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد(ئەنەکەسە) و ھاوبەشی پێکردنیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان.

پەیەدە داوای لە روسیا و ئێران کردووە کە فشار لە سەر حکومەتی سوریا دروست بکەن ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت بەوە رازی بێت کە سوپای سوریا بگەڕێتەوە سەر سنوورەکان و شارەکانیش لەلایەن ھێزەکان پەیەدە بەڕێوەببرێن، لە قۆناغی دواتر ئامادەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ بکەن و ئەو ھێزانەی شارەکان بەڕێوەدەبەن بە دەزگای ئاسایشی سوریا و وەزارەتی ناوخۆی سوریا گرێبدرێن.

حکومەتی سوریا بەو داوایانەی پەیەدە رازی نەبووە، تەنھا بەوە رازی بووە کە بەبێ مەرج سوپاکەی بگەڕێتەوە سەر سنوورەکان و شارەکانی رادەست بکرێتەوە، لەوە دەچێ پەیەدە لای نەبێت بەڵام ئەوەی ڕێگرە ھەبوونی ھێزەکانی ئەمریکا و فەڕەنسایە لە رۆژئاوا کە بە گفتوگۆکانی پەیەدە لەگەڵ دیمەشق خۆشحاڵ نین.

ئەمەریکا ھەر لە سەرەتای چوونی بۆ رۆژئاوا پەیوەندیەکانی تەنھا لە چوارچێوەی سەربازی ھێشتەوە و مەرجی بەستنی پەیوەندی سیاسی بە ملدانی پەیەدە و یەپەگە بەستەوە بەوەی کە پەیوەندیان لەگەڵ قەندیل بپچڕێنن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردی دابنیشن و ئیدارەیەکی ھاوبەش پێکبھێنن، سەرنەکەوتنی ئەو کارنامەی ئەمریکا و ملنەدانی پەیەدە بۆ ئەو داوایە، ھۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی تڕەمپە بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان لە رۆژئاوا.

ئێستا نە دەرفەت و نە بژاردەی زۆر لە بەردەم پەیەدە نەماوە یان دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکات ئەمریکا و تورکیا لە سەر سیغەیەک پێک بێنن دەربارەی ئەو ناوچە ئارامەی بڕیارە دروستی بکەن و رێکەوتنی ئەو دوولایە بەبێ کورد دەرئەنجامەکەی دیارە چ دەبێ، یان ئەوەتا پەیەدە دەبێ مل بۆ داواکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بدا، کە لایەنەکانی دیکەی کوردی بەشداربن لە بەڕێوەبردنی رۆژئاوا و پەیوەندی خۆیان بە تەواوی لەگەڵ قەندیل بپچڕێنن.

ئەگەر پەیەدە بە مەرج یان دەتوانینن ناوی لێ بنێین داوای دۆستەکانی گەلی کوردستان رازی بێت ئەو کات مەترسی تورکیاش دەڕەوێتەوە و رەنگە قۆناغێک بێتە پێشەوە قسە دەربارەی چۆنیەتی عەفرینیش بکرێ بۆ ژێر دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.