سەردێڕ:

چەند ڕاستیەک لە بارەی بابەتی مووچە و خۆ بە پاڵەوانکردنی یەکێتی

3/30/2020 12:49:02 PM
25262 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

چەند ڕۆژێکە ڕاگەیاندنکارانی یەکێتی دەستیان بە ھەڵمەتێک کردووە و دەیانەوێت ھەواڵی ناڕاست بڵاوبکەنەوە کە گوایا وەزیرەکانی یەکێتی دژی دەستکاریکردنی مووچە و کەمکردنەوەی وەستاونەتەوە و ئەوە پارتییە ئەو کارە دەکات، لە کاتێکدا ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و وەزیرەکانی یەکێتی دژی ھیچ پێشنیارێک نەبوون بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچە بۆیە ئەو بانگەشەیە لە موزایەدە زیاتر نیە. 

بە گوێرەی زانیاریەکانی من ئەو لیژنانەی پێکھاتوون، بە جۆرێکن کە وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لە ھەر سێ پێکھاتە سەرەکیەکەی واتا پارتی و گۆران و یەکێتی تێیاندا بەشدارن و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتیی زۆربەی ئەو کۆبوونەوانەی کردووە، چونکە زۆر جار سەرۆکی حکومەت بەشدار نەبووە، خودی قوباد تاڵەبانی داوای کردووە کە خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتە بکات، چونکە ئەزموونی لەم بوارەدا ھەیە و کاتی خۆی بەشداری سەرەکیی بابەتی پاشەکەوتی مووچە بووە لە کابینەی پێشووتر دا.

سەرۆکی حکومەت لە ھەموو کۆبوونەوەکان گەڕانەوە بۆ بابەتی پاشەکەوتی ڕەتکردۆتەوە و لەگەڵ ئەوەدا نیە و نایەوێ مووچە پاشەکەوت بکرێت، ھەروەھا جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردۆتەوە کە پەڕلەمانتارانی یەکێتی دژی زۆر بڕگەی ئەو یاسایە بوون بە تایبەتی لادانی ھەموو ئەو کەسانەی کە بەناھەق بەبێ ئەوەی رۆژێک کاریان بۆ حکومەت کردبێ خانەنشینکراون، چونکە یەکێتی زیاتر لە سەت ھەزار کەسی لەو بابەتەی ھەیە.

ئەوەی من زانیاریم دەربارە ھەیە ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی ئامادە کراون، وەزیرەکانی ھەموو لایەنەکان بەشدارییان تێدا کردووە و وەزیرەکانی یەکێتیش دژی ھیچ کام لە پێشنیارەکان نەبوونە و گشت لایەنەکان لەگەڵ ئەوە بوونە ئەم پێشنیارانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ بکرێن و لەوێ بە کۆی دەنگ بڕیاریان لێ بدرێت، نەک ئەوەی میدیاکارانی یەکێتی و بەفیتی کەسانێک کە ھەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن بانگەشەی بۆ دەکەن. 

ئەوەی دیارە و حەقیقەتە ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە بە ھیچ شێوەیەک مووچە پاشکەوت نەکرێت، ھەر بڕیارێکیش بدرێت بڕیاری یەک لایەن نابێت، بەڵکو بڕیاری تەواوی لایەنە بەشدارەکانی حکومەت دەبێت.

جێی داخە کاتێک قەیرانێکی دارایی لە ھەرێمی کوردستان ڕوودەدات یەکێتی دەست بە لێدانی ئەو قەوانە دەکاتەوە کە گوایا ئەوان شەریک نیین لەو حکومەتە و تەنیا بەشدارن، ئەدی باشە بۆ  بۆ مووچە و ئیمتیازات و پارە وەرگرتن بەشدارن، بەڵام کە قەیرانێک دروست دەبێت دەست بە بیانوو ھێنانەوە و خۆ دزینەوە دەکەن ؟. 

ئایا ئەگەر یەکێتی ئەمە ھەڵوێستی بێت جێی متمانە پێکردنە ؟.