سەردێڕ:

بەرپرسان، جارێک وەک گاندی بن

3/21/2020 1:55:37 PM
8027 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

دەڵێن ژنەک منداڵەکی بردە لای مەھاتما گاندی و وتی منداڵەکەم زۆر شەکر دەخوات، ئامۆژگاری بکە تا واز لەو خوە خراپە بھێنێت، گاندی بە ژنەکەی وت ھەفتەیەکی دیکە وەرەوە، دوای ھەفتەیەک ژنەکە چوەوە لای گاندی و ئەویش دەستی بە ئامۆژگاری منداڵەکە کرد و باسی زیانەکانی شەکر خواردنی بۆ کرد، کە تەواو بوو ژنەکە بە گاندی وت بەڕێزم کە وتت ھەفتەیەکی دیکە منداڵەکەت بێنەوە وامزانی دەرمانێکی تایبەتی بۆ ئامادە دەکەی، خۆ دەکرا ھەفتەی پێشوو ئەو ئامۆژگاریانەی کوڕەکەم بکەی و ئەو رێیە درێژە نەدەیەوە بەرە من و ئەو مەسروفەم پێ نەکەی، گاندی بە ئافرەتەکەی وت بمبورە، بەڵام ھەفتەی رابردوو من بۆخۆم شەکرم دەخوارد بۆیە ئەگەر بە کوڕەکەتم بوتبا شەکر مەخۆ و خراپە ئەوە درۆم لەگەڵ خۆم و ئێوەش دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە بڕیارم دا شەکر تەرک بکەم بۆ ئەوەی بە راستگۆیی زیانەکانی شەکر بە کوڕەکەت بڵێم و ئەویش پێم بڕوا بکات.

دیمەنەکانی چەند رۆژەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ و ھەڵسوکەوتی کاربەدەست و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ئەو بەسەرھاتەی گاندی وەبیرھێنامەوە، دیمەنی ئاگرکردنەوەی نەورۆز لەلایەن گەلە بەرپرسەوە و دیمەنی سەیرانی دوای دوازدەی شەوی خەڵک و رێ بەبەرنەکەووتن، جارێکی دیکە ئەو راستەقینەیەی سەلماندەوە کە خەڵک تا ھەست بە راستگۆیی و دڵسۆزی دەسەڵاتداران نەکات باوەڕیان پێ ناکات، دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بیانەوێ بریار و راسپاردە و رێنماییەکانیان لەلایەن خەڵکەوە پەسند بن و جێبەجێ بکرێن دەبی یەکەمجار خۆیان رێز لە خۆیان بڕیارەکانیان بگرن.

کە پارێزگارەکان و وەزیرەکان و ئەوەی ھەندێک قسەی دەڕوا تەواو پێچەوانەی رێنماییەکان ھەڵسوکەوت بکات چۆن دەتوانێ وا لە خەڵک بکات کە دۆخەکە ترسناکە و ھەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جدیە و نابێت لە رێنماییەکان لابدەین.

ئێستا باجی دەرکەوتن لە ماڵ و سوڕانەوە لە ناو شار وەک ئیمتیازێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ھەرچی بەرپرسی سەربازی و سیاسی و ئیداری ھەیە بە منداڵەوە ئەو باجەیان بۆ دروستکراوە و لە رێگای سێلفی و سناپەوە دەسەڵات و قسە رۆیشتنی خۆیان نیشانی خەڵک دەدەن، بە دڵی خۆیان ئەو سەر و ئەمسەری شار دەکەن.

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە مامەڵەکردنی ھاوڵاتیان لەگەڵ قەدەغەی ھاتوچۆ کردیان رێک ھەمان کاردانەوە بووە کە بەرپرسان لە بەرامبەر بڕیارەکە ھەیان بووە.