سەردێڕ:

کۆرۆنای دوای وتارەکەی بارزانی

3/15/2020 2:16:37 PM
13149 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

حکومەتی کوردستان بە بەراورد نەک بە حکومەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بە بەراورد بە حکومەتە پێشکەوتووەکانی دونیا ھەنگاوی خێراتر و باشتری ھاویشتووە بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا تا ئەو رادەیەی کە نەیاران بەر لە یاران ئەو گەواھیە دەدەن و بە روونی بە بۆچوونی کوردانی ئەوروپا ئەو فاکتە دیارە کە حکومەت دەرفەت و کەلێنێکی بۆ رەخنە و گلەیی خەڵک نەھێشتووەتەوە بگرە ئەوجارەیان رەخنەکان پێچەوانەن و زیاتر روویان لە ھەڵسوکەوت و عەقڵیەتی بەشێک لە خەڵکە لە چۆنیەتی بەرخوردکردنیان لەگەڵ رێنماییەکان و چۆنیەتی خۆپاراستن لەو دەردە کوشندەیە کە جیھان پێیەوە دەناڵێنێ.
دوای وتارەکەی مەسرور بارزانی کە زۆر بە راشکاوی و بە روونی ئەوەی پێویست بوو بە خەڵکی کوردستانی وت و بێ پێچ و پەنا رایگەیاند، کە رۆژانی دادێ سەختتر دەبن لەوانەی بەڕێمان کردوون، بۆیە تاکە رێگا و باشترین رێگا پێگیری خەڵکە بە رێنماییەکانی خۆپاراستن، ئەوەش پێویست دەکات حکومەت درێغی لێناکات.
پازدان بەسەر ئەو ھەموو خاڵە ئەرێنیانە و تەنھا نیشانەگرتن لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە باسی دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی پێشمەرگە دەکات، بە ئامانجی ھێرشکردنە سەر حکومەت و شەخسی سەرۆکی حکومەت لە وەدیارخستنی کێماسی لە فکر و ھەبوونی گرێی دەروونی و ھەناو رەشی زیاتر نیە، بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و کارکردن بە ئاراستەی شکاندنی ورەی مرۆڤەکان باشترین ھاوکاری و زەمینەسازیە بۆ ڤایرۆسی کڕۆنا کە باشتر بگوازرێتەوە و مرۆڤەکان بکاتە قوربانی، ئەو کەسانە جیاوازیان لەگەڵ کۆرۆنا تەنھا ئەوەیە کۆرۆنا بەبێدەنگی و ئەوانیش بە دەنگەدەنگ و وتەوت ئامانجیان لەناوبردن و تێکدانە.
بێگومان دواخستنی موچەی پێشمەرگە یان ھەر توؽژێکی دیکە کارێکی باش و جێی دەستخۆشی نیە، بەڵام کاتێک کار دەگاتە سەر موچە یان سەلامەتی ژیانی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی بانکەکان بێگومان مرۆڤی عاقڵ و ویژدان زیندوو گیان و سەلامەتی پێشمەرگە و کەسوکاریان و کۆمەڵگای لا گرنگتر و لەپێشترە.
ئەوانەی موچەی پێشمەرگە دەکەنە بەھانە بۆ لێدان لە کەس و کارە سەرکەوتووەکان درێژکراوەی ھەمان کەسایەتی و عەقڵیەتن کە پشتی پێشمەرگەیان بۆ دوژمن چۆڵکرد و بە درێژایی ساڵانی رابردوو دژی ھەبوونی پێشمەرگە بوونە و بە میلیشیا و چەتە و خراپتریش ناوزەدیان کردوون.
حکومەت لە کارەکانی بەردەوام دەبێ و پێشمەرگەش سەربەرزانە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە و کابینەکەی مەسرور بارزانی ژیان و سەلامەتی پێشمەرگە بە قوربانی چەند کەسێکی ھەناو رەش ناکات کە مەبەستیان تێکدانی ئەو ئەزموونەیە کە بەخوێنی ھەزاران ھەزار پێشمەرگە بنیاتنراوە.

‌بەپەلە