سەردێڕ:

سێوەکانی نێچیرڤان و سەبەتەکەی مەسرور بارزانی

8/7/2019 4:44:53 PM
10528 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

نە نێچیرڤان بارزانی ھەموو سێوەکانی تەنھا خستبوونە سەبەتەکەی تورکیا و نە مەسرور بارزانیش تەنھا سەبەتەی بەغدای ھەڵبژاردووە بۆ سێوەکانی، ئەو وەسفکردن و لێکدانەوەیە دروست نیە بۆ وێناکردنی دونیابینی ئەو دوو بەڕێزە لە سەرۆکایەتی کردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا، چونکە لە دوو قۆناغی جیاوازدا ئەو ئەرکەیان پێ سپێردراوە و ھەر قۆناغێکیش روانین و کەرستە و ئامرازی تایبەت بە خۆی ھەیە، بە کورتییەکەی واتا لە تەکتیک و وردەکاریی جیاوازی و روانینی جیاواز ھەیە، بەڵام لە ناونیشانە گەورەکە و ستراتیژ ھەردووکیان بە یەک ئاراستە دەڕۆن و چاویان لە یەک ئامانجە.

بڕوابوون بەوەی کە بەغدا جێگای چارەسەری کێشەکانی ھەرێمی کوردستانە(باشوری کوردستان) زادەی ئەمڕۆ نیە، بەڵکو بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە و باشوری کوردستانی بەبێ خواست گەلی کوردستان و بە زۆرداری پێوە لکێندراوە، لە راپەڕینەکەی شێخ مەحمودەوە تا شۆڕشەکانی بارزان و پاشان شۆڕشی ئەیلول و راپەڕین و تا ئێستاش سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەردەوام ھەوڵیداوە بەغدا دان بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دابنێت و ھەر کاتێکیش بەغدا نیەتی باشی نیشان داوە یان داوای دانیشتن و ئاگربەستی کردووە، سەرکردایەتی کوردستان بەپیر ئەو داوایەوە چووە و تەنانەت یەکجاریش داوای بەغدا بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد رەتنەکراوەتەوە.

وەبیرمە  لە رۆژانی راپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ و ساڵانی دواتریش تا مام جەلال بووە سەرۆک کۆماری عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکەکەی مەسعود بارزانی بەوە تۆمەتبار دەکران کە بەردەوام ھەڵدەدەن لەگەڵ بەغدا رێکبکەون ئەوەشیان بە خیانەت لە پرسی کورد و خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەناساند.

لە ساڵانی رابردوو و ئێستاش کە ھەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی درواسێی عێڕاق ھەیە ھەمیشە لە خزمەت پرسی گەلی کورد بەکارھاتووە نەک بە پێچەوانەوە، پەیوندی بازرگانی و فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە رێگای تورکیادا ھۆکار بوو بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بتوانێ دەستپێشخەری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بکا لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پاکەکە کە ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە شەش ساڵی خایاند و تێیدا گەلی کوردستان لە کوردستانی تورکیا ژیانەوە و بوژانەوەی بەخۆوە دیت لە ھەموو بوارەکانی ژیانی و ژیاریدا، بە تایبەتی لە بەھێزبوونی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی تا ئەو ڕادەیەی ئەو کەسانەی بابوباپیرانیان نکۆڵیان لە کورد بوونی خۆیان کردبوو نەوەکانیان بە شانازییەوە بە دوای ناسنامەی خۆیان دەگەڕان و ھەوڵیان دەدا فێری زمانی کوردی ببن.

لە رووی سیاسیشەوە لە مێژووی کۆماری تورکیا و بزاڤی کوردایەتی لەو وڵاتەدا ھەرگیز وا بەھێز و کاریگەر نەبوو بە رابەرایەتی ژمارەیەک سەرکردەی گەنجی وەک دەمیرتاش و بایدەمیر و لەیلا زانا و ھەڤاڵەکانیان کە توانیان لە ھەڵبژارندەکانی پەڕلەمانی ساڵی ٢٠١٥ھەشتا و یەک کورسی ببەنەوە و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کە ژمارەی کورسیەکانی لە کەمیدا بوو مەمنونی ھەدەپە بوو حکومەتی لەگەڵ پێکبھێنێ و کورد بەھێزەوە ببێتە بەشێک لە ناوەندی بڕیاردان نەک ھەر وەک پاشکۆ بمێنێتەوە.

ئەوانەی ئەو دەرفەتەیان لە دەست کوردانی باکوردا نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکەی نەبوون، بەڵکو سەرکردایەتی پەکەکە بوو لە قەندیل کە لە ژێر کاریگەری ئێران لەلایەک و ترسی سەرکردەکانی قەندیل لەلایەکی دیکەوە لەوەی ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بە ئەنجام گەیشت ئەوە ئەوان رۆڵیان نامێنێ و کەسانی وەک دەمیرتاش رابەرایەتی ئەو قۆناغە نوێیە دەکەن، بۆیە بەھانەیان دایە دەستی دەوڵەت دەمیرتاش و بە سەدان لە ھەڤاڵانیان زیندانی بکەن و باکوری کوردستانیش بکرێتەوە سەربازگەیەکی گەورە، لە جیاتی ئەوەی شەڕ بگوازنەوە ئەنقەرە و ناو پەرلەمانی تورکیا جارێکی دیکە شەڕیان بردەوە ناو ئاوایەکانی باکوری کوردستان.

ھەنگاوەکانی مەسرور بارزانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەوە لێکدراوەتەوە کە بارزانی رووی کردووەتەوە بەغدا، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە بەغدا رووی کردووەتەوە ھەولێر و ئەوەی نیشانداوە کە دەیەوێ کۆتایی بەو دۆخە خراپە بھێنێ کە لە سەردەمی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی لە دژی ھەرێمی کوردستان دروستیان کردبوو، لە بڕینی بودجە و موچە و گەمارۆدانی ھەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی کردن و داگیرکردنەوەی کەرکوک و شەنگال و دەڤەرەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستانی کە مادەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق دەیانگرێتەوە.

تێڕوانینە تەماحکاریەکانی نوری مالیکی و زاڵبوونەوەی عەقلیەتی خۆسەپێن و داگیرکاریی، عەرەبی بەغدای لەھەموو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان ھەڵگەڕاندەوە کە لە دوای روخانی سەدام ھاتبوونە ئاراوە، کە بەعس روخا و عێراق کەوت لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرکردە کوردەکان بوون لە بەغداوە کاریان بۆ بنیاتنانەوەی عێراق کردەوە، بەڵام عێراقی نوێ کە قۆناغی عەقڵیەتی زاڵی رەگەزپەرستی عەرەبی تێبپەرێنێت، بەڵام بەغدا ھەر زوو ئەو دەستپێشخەریەی کوردی لە بیرخۆی بردەوە و گەڕایەوە سەر ھەمان رێچکەی سەدام و رایانگەیاند کە ئەوان دەستبەرداری ئەو عەقڵیەتە نابن کە نزیکەی سەت ساڵە عێڕاقی پێ بەڕێوە دەبەن، لە باشترین حالەتدا ئامادەن کورد وەک برایەکی بچوک تەماشا بکەن کە ھەموو کەس دەزانێ رۆڵی برای بچوک لە ماڵێکدا تەنھا خزمەتکردنی لەخۆ گەورەترەکانە.

ئێستا کە لە بەغدا عادل عەبدولمەھدی نیەتێکی باش نیشانداوە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە دوای ئەو نیەتە باشە داچوون و چاویان لەوەیە ئەوجارەیان دەرفەتی باشتر ھەبێ و چارەسەری پرسەکان رووبەری گەورەتری لە جاران پێببڕێت، بەڵام بەو مانایە نایەت کە ھەرێمی کوردستان پشت لە ھیچ یەکێک لەو وڵاتانە بکات کە پەیوەندی باشیان ھەیە بە تایبەتی تورکیا کە تاکە دەروازەی ھەرێمی کوردستانە بەسەر دونیا ھەروەھا لەوێوە نەوتی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیھان.

لە دوای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرکەوتەکانی دواین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بوو و ئێستا سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لەلایە و لە پەرلەمانیش ھەر کاتێک بیەوێ قسەی کۆتایی دەکات، ھەوڵێک ھەیە کە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بە لاواز و پەرتەوازە نیشان بدا تا ئەورادەیەی کە بە ناچاری رێگای بەغدای گرتووەتە بەر، یان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بەسەر ئەنقەرە و بەغدا دابەش دەکەن تەنھا لە پێناو ئەوەی بڵێن ئەو دوو ئامۆزایە رکابەری یەکترن نەک تەواوکەری یەکتر.

ئەو ھەوڵانە تەنھا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە ئامانج ناگرن، بەڵکو تێکڕای پڕۆسەی سیاسی کوردستان و وردتریش بڵێین ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی بە ئامانج دەگرن کە زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە بنەماڵەی بارزانی لە پێناویان دا تێدەکۆشێ و ١٠٠ ساڵیشە رابەرایەتی ئەو بیرە دەکەن لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە، لە شێخ عەبدولسەلامی دووەم کە بە دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی دادەندرێت تا دەگاتە مستەفا بارزانی کە رابەرایەتی ھاوچەرخترین و بەھێزترین شۆڕشی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکرد تا مەسعود بارزانی، کە رابەرایەتی سەرخستنی ئیرادەی سەربەخۆیی خوازانەی مرۆڤی کرد لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە تێیدا بۆ یەکەمینجار مرۆڤی کوردستانی بە ئیرادە و خواست خۆی بڕیاری لە سەر چارەنووسی خۆیدا بە دەنگدان بە بەڵێ بە سەربەخۆیی کوردستان.

بەر لەو دوو بەڕێزە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ھەمان قسە و لێکدانەوە بۆ پەیوەندی نێوان ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی دەکرا، گرەو لەسەر لێکدابڕانیان دەکرا و وەک رکابەر و ھەندێکجاریش وەک نەیار و دژ وێنەدەکران بە تایبەتی لە سەروبەندی سازدانی کۆنگرەی نۆیەم کە لە دوای کۆچی دوایی بارزانی نەمر بوو و تێیدا ئیدریس بارزانی چووە جێگای بارزانی نەمر وەک باوک و برا بووە پاڵپشتی مەسعود بارزانی برا گچکەی کە بە پاڵپشتی و داخوازی ئەو بووە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بۆیە ئەوەی دەوترێت و دەنووسرێت و خۆزگەی بۆ دەخوازرێ دووبارە کردنەوەی ھەمان مێژوو و خواستە، بەڵام ئەوجارەشیان وەدینایێ چونکە بە کورتیەکەی سێوەکانی نێچیرڤان لە سەبەتەکەی مەسروردان و ئەو سەبەتەیەش بە بنمیچی تەکیەی بارزان ھەڵواسراوە و کە عەقیدەی و باوەڕی ئەو تەکیەیە باوەڕی کوردایەتیە ئەو دەستەواژەیەش نە لە زەوی بەغدا و نە لە ئەنقەرە سەوز نابێ و بەرناگرێ، بەڵکو پێویستی بە خاک و ئاوی کوردستان ھەیە.