سەردێڕ:

بارزانییەکان و تیرۆر

7/18/2019 8:18:00 PM
15870 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

لە عەقیدەی بارزان کوشتنی ئاژەڵیش رێگە پێدراو نیە نەک مرۆڤ، بیروباوەڕی تەکیەی بارزان لە سەر سێ خاڵ بنیاتنراوە، خواپەرستی و خاکویستی و مرۆڤدۆستی. ئەو باوەڕە کەلتورێکی بەرھەمھێناوە کە ھەمیشە رێگری لە پەنابردن بۆ کوشتن و توندوتیژی کردووە، بەڵام بەو مانایە نا کە مل بۆ داگیرکەر و زاڵم بدەی.

لە دیرۆکی سەد ساڵی رابردوودا نەیارانی ئەو عەقیدەیە بەردەوام ھەوڵیانداوە بزاڤ و تێکۆشان و شۆڕشەکانی بارزانی یان ئەوانەی بارزانییەکان تێیدا بەشداربوون یان رابەرایەتیان کردووە وەک یاخی و چەتە و رێگر و تێکدەر و زۆر ناو و ناتۆرەی دیکە وێنەیان بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا ھەموو ئەو دەستەواژانە پووکاونەتەوە و راستەقینەیی و راستی ئەو رێبازە لە خزمەتی کوردایەتی زیاتر گەشاوەتەوە و وەدیارکەوتووە، چونکە سەرچاوەکەی زەلال و ڕوون بووە.

ھەموو ئەو ھێرش و تانەتەشەر و چیرۆک ھەڵبەستنەی ئێستاش بۆ ئەندامانی ماڵباتی بارزانی درێژکراوەی ھەمان نەفسیەت و ئامانجە تەنھا جیاوازی ئەوەیە کاتی خۆی لە میدیای داگیرکەر و نەیاران ئەو تۆمەت و ناو وناتۆرانە کاریان لە سەر دەکرا، بەڵام ئێستا ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی ناوخۆیی وابەستە بە داگیرکەران ئەو دەستەواژە و تۆمەت و ناوناتۆرانە لە پشت ناوی میدیای سەربەخۆ و ئازاد و ئەھلی ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

بە درێژایی شۆڕشی ئەیلول و دواتریش شۆڕشی گوڵان تەنھا بۆ جارێکیش سەرکردایەتی شۆڕش پەنای بۆ ئەنجامدانی کاری تەقینەوە و تیرۆر نەبردووە، زۆر کەسیش بارزانیان ھانداوە کە ئەگەر ئەو کارانە بکات رەنگە ئەنجامی بۆ شۆڕش باش بکەوێتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا لە پاریس بەڕێز جان ماری پرادیەم بینی کە لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ نامەی دکتۆراکەی ھاتووەتە کوردستان و یەکەمین توێژینەوەی ئەکادیمی بە ناوی کورد شۆرشی بێدەنگ لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاوکردووەتەوە، بەڕێز پڕادیە باسی لەوە کرد کە بە بارزانی ووتوە بۆ ھەندێک کاری تەقینەوە لە بەغدا ئەنجام نادەن، وتی بە بارزانیم وت بۆ نموونە دەتوانن لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا ئەنجامی بدەن، چونکە بە ئاسانی پێی دەگەن، بەو کارانە ھەموو دونیا باستان دەکا، وتی بارزانی بە توڕەیی وەڵامی دامەوە و پرسی تۆ گرێنتی ئەوەم پێ دەدەی کە خەڵکی سڤیل بەرنەکەوێ، پاشان ئەگەر کارێکی وامان کرد چۆن رووم دێ جارێکی دیکە باسی عەدالەت و مافی میللەتەکەی خۆم بکەم، ووتی مستەفا بارزانی پێی وتم تا ئێستا دۆست پێمان دەڵێن تێکۆشەر و دوژمنیش پێمان دەڵێن یاخی بوو، بەڵام ئەگەر کارێکی وا بکەین ئەوە ھەردوولا پێمان دەڵێن تیرۆریست.

بەڕێز پڕادیە وتی ئەو بۆچوونەی بارزانی ھانیدام کتێبەکەم ناوبنێم کورد شۆڕشی بێدەنگ، چونکە کورد باوەڕی خەباتێکی بە ھات و ھاوار نیە وەک ئەوەی ئەو سەردەم لە کوبا و ڤێتنام و گەلێک شوێنی دیکەی جیھان ھەبوون.

چەند ساڵێک پێش ئێستا رۆژنامەنووس و نووسەر فڕانسوا لۆڤا گزاڤێ کە یەکەمین پەیامنێری تەلەفزیۆنی بووە و سەرتای ساڵی ١٩٦٣ چووەتە ناو شۆڕش و نزیکەی ساڵێک لە نزیک بارزانی ماوەتەوە، بۆی گێڕامەوە کە کودەتا بە سەر عەبدولکەریم قاسم سەرکەوت سوپای عیڕاق شلەژا و لە دۆخێکی خراپدا بوون، وتی من لە مەجلیسی بارزانی بووم کە چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی دەزگای پاراستن ھاتنە لای بارزانی و پێیان وت دۆخی سوپا لەو پەڕی خراپیە و باشترین کاتە بۆ ھێرشکردن، ئەوانەی دەزگای پاراستنیش وتیان دەتوانین لە بەغدا و بەسرا و موسڵ تەقینەوە ئەنجام بدەین، بارزانی بە وردی گوێی لێگرتن کە قسەکانیان تەواو بوو بارزانی تۆزێک بێدەنگ بوو و پێی گوتن پەیامێک ئاراستەی کودەتاچییەکان بکەن و داوای دانیشتن و ئاشتیان لێ بکەن.