سەردێڕ:

بارزانی و ماکرۆن و رۆژھەڵاتی نوێ

7/11/2019 10:52:24 PM
7836 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

پڕۆژەی رۆژھەڵاتی گەورە بەرھەمی کۆشکی سپی بوو و شکستی ھێنا و رەنگە پڕۆژەی رۆژھەڵاتی نوێ کە لە ئەلیزێوە کاری لەسەر دەکرێ جێگای بگرێتەوە، ئەو پڕۆژەیە کار بۆ راستکردنەوەی ھەڵە مێژوویەکان دەکات کە فەڕەنسا تێیاندا ھاوبەش و خاوەن بریار بووە، بە تایبەتیش لە دابەشکردنی خاک و خەڵکی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەت بەبێ ئیرادە و ویستی خۆیان.

بانگھێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆشکی ئەلیزێ و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پەیوەندی بەو پڕۆژەیە ھەیە کە فەڕەنسا کاری لە سەر دەکات ئەویش دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر لە چوارچێوەی یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستانی گەورەش نەبێت لایەنی کەم پاراستنی مافی نەتەوەیی نیشتمانی گەلی کوردستان بێت لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە.

نێچیرڤان بارزانی کە لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا زیاتر وەک کەسایەتییەکی جیھانی کاریگەر دەردەکەوێت لە ھەمان کاتدا وەک کەسێکی میحوەری لە دۆزینەوەی رێگای چارەسەری بۆ ئەو گرفتانە رۆڵ دەبینێت.

لە ئەلیزێ سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆچوون و سەرنجیان گۆڕیەوە دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە چەقی بەستووە و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و ئەمەریکاش بەوە خۆشحاڵ نین، ھەروەھا ماکرۆن جدییەتی نیەتی فەرەنسای لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند، بۆچوونی ئەوی دەربارەی ئەو پرسە بە گرنگ و پێویست زانی، چونکە بارزانی لە ساڵانی رابردوو سەرکەوتوو بوو لەوەی بۆیەکەمینجار لە مێژووی کۆماری تورکیادا، حکومەتی تورکیا و نوێنەرانی کورد لە سەر مێزی گفتوگۆ بەیەک بگەیەنێت و پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکات.

چۆنییەتی دەربازکردنی عێراق لە ژێر ھەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی و دوورخستنەوەی مەترسی کۆنتڕۆڵکردنی وڵات لەلایەن مەزھەبێک و پەراوێزخستنی ئەوانەی دیکە ئەو مەترسی و نیگەرانییانە بوون کە ماکرۆن لەگەڵ بارزانی باسی لێوەکردوون و گوێی لە بۆچوونەکانی گرتووە، لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا گرێیەکە دەکرێتەوە و عێراق وەک وڵاتێک کە رێز لە دەستوورەکەی دەگرێ، دەتوانێ بکەوێتەوە سەر پێی خۆی و ببێتەوە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ.

وێڕای ئەو پرسانە ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری شنگال و دەشتی نەینەوا جێگەی بایەخ و گرنگیدان سەرۆک ماکرۆن و حکومەتی فەڕەنسا بوون کە ھەموو جۆرە ھاوکاریەکیان بۆ ئەو مەبەستە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند و قسەیان دەربارەی دۆزینەوەی سیغەیەکی گونجاو کرد لە نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی ھاوکار و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو دەڤەرانە، ھەروەھا بەڕێوەبردن و پاراستنیان.

ھەرێمی کوردستان کە خەریکە دەگەڕێتەوە پێگەی بەھێزی جارانی و وەک بەشێکی گرنگ لە چارەسەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ نەک وەک لایەنێکی گرفت دروستکەر، ئەوە بە ھەموو لێکدانەوە و وردکردنەوەیەک قۆناغێکی نوێیە بۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە کە پێویستی بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەی شەڕ و وێرانیە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە کە ناونیشانەکەی لێکتێگەیشتن و چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکانە کە بە ئیرادەیەکی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دیاریکراوە ھەر ھێزێکیش لە دەرەوەی ئەو دەرفەتە نوێیە بزاڤ بکات رەنگە رووبەرووی چارەنووسێکی نەخوازراو ببنەوە.

ھەرێمی کوردستان جەمسەرێکی ئەو ھاوکێشە نوێیەیە و نێچیرڤان بارزانی چەقی بزاڤگەلێک دەبێ کە لەو ھاوکێشە نوێیە وەبەردێن.