سەردێڕ:

خوێنی كه‌ركوكی و خه‌نینی ئێوه‌

6/2/2019 3:19:38 PM
2680 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف فاتیح فەرەج
+ -

دوو بەیاننامەی قۆڕو بێناوەڕۆک دەرمەکەن و لە خۆتان وابێت شتتان کردووە ، بیر لەو خوێنە بکەنەوە کە دەڕژێت ، ئێوە بۆ نەوت و دەسکەوت و دۆلار بەلاتانەوە ئاساییە شەڕی براکوژی چێبکەن ، لێ بۆ خوێنی کەرکوکیەکان مویەکتان ناجوڵێت و لە نوکتەو قسەی خۆشی خۆتان ناکەون ، داخم ئەو داخەشە ئەو کەرکوکیە حەیاتانە ھێشتا گۆرانی بە باڵاتانا دەڵێن ، ئەوان گۆرانیتان بۆ دەڵێن و ئێوەش بە بۆشکەو بۆڕی نەوت و خوێنەکەیان ھەڕاج دەکەن ، دەسبەردانی ئێوە لە خاک و خەڵک و قەپکردن بە بۆڕی نەوتا دۆخێکی دروستکردووە ، مەگەر کودەتا و تەفرو تونا کردن .

ئێوە کەرکوکیەکانتان بۆ گورگەکان جێھێشت و بێشەڕ ھەڵاتن و لە دورەوە سەیری خوێنی کەرکوکیەکان دەکەن و ھەڵاتن وھەریەکەتان ئەوی تری تاوانبارکرد بە فرۆشتن ،کەرکوکتان لە نێو دەریایەک رق و قینی ناشریندا دایەوە دەست حەسەن پلایس و مەھدی موھەندیس و دایی و ئاغاکانی نەوت .

بیرتانە لەبەردەم کەرکوکیەکاندا دەخەنینەوە ، ئەو کاتەش ھەندێک چەتەی کوردایەتی خەریکی تاڵان و دزی بوون ، نەوت و زەوی و ناموسی خەڵکیان دەدزی و وەک جەنەڕاڵی کوردایەتی خۆیان نمایش دەکرد ، لەبری تۆوی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ، رقتان چاند ،ئێستاش ئەوەم بیرە کە محەمەد خەلیل جبوری بە رۆژنامەنووسە ئەمەریکیەکەی وت ئێستا کورد ئەنفالمان دەکات ، ، ئەوەم بیر ناچێتەوە کابرای عەرەب بە خۆمی وت کوڕەکەم بزرەو گەڵابەکەی لە بارەگای فڵان بەرپرسە ، ئاخر چەند گایەکی ریخن ئەگەر چارەسەر نەکرێن ھەموو گاڕانەکە توشی نەخۆشی دەکەن.

ئێوە واتان کرد پیاوێکی وەک موقتەدا بە حکومەت بڵێت گەر ھیچ ناکەن ئێمە ھەین ، شەرم نیە موقتەدا لە سەر کەرکوک بێتە دەنگ و ئێوەش خەریکی بە یاننامەی قوڕاوی بن ، خوێن بە بەیاننامە ناوەستێ خوێن پێویستی بەوەیە درۆنەکەن لە گەڵ شارێکا کە نازانم نەوتەکەیتان پێ قودس و دڵە یان خۆی .