سەردێڕ:

شاسوار جیاوازه‌

10/6/2019 11:16:55 AM
10760 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف فاتیح فەرەج
+ -

ھەڵبەت ھەرکەسێک بەرگەی ئەو ھەموو فشارو توندو تیژی و تۆمەتە بگرێت و بەردەوام بێت جیاوازە ، شاسوار لەو رۆژەوەی جوڵانەوە سیاسیەکەی دروستکردووە لەبەردەم فشاری ھەمە جۆردایە ، ئەوە جگە لە تەقەلێکردن و گرتن و سوتاندنی کەناڵەکەی و ھتد ، بەڵام ئەو ھێشتا بەردەوامە ، من لە وکاتەوە شاسوار لە نزیکەوە دەناسم کە لە زانکۆ بوو ، ئەو کاتەش لە رێی رۆژنامەو میدیاوە دەیویست لەوانی تر جیاواز بێت ، کاتێکیش کە جوڵانەوەکەی دروست کرد، پێش تر قسەی لە گەڵ کردم ، وتی بە نیازی شتێکی وام من لەو دانیشتنەدا سێ کەسی ترم لە گەڵ خۆم بردبوو بۆ لای محەمەدعومەر کاکە کە ئێستا خوێنکاری دکتۆرایە لە میدیا لە روسیاو ئیرەج حەمە شەریف کە دەرچووی کیمیایەو رێزی کوڕم ، من ڕوون و ڕەوان وتم حزب دروست مەکەو خەریکی بزنس و میدیا بیت ، کە ھەردوو کی ئەگەر بە پاکی بکرێت کارێکی زۆر چاکەو مایەی ستایشە ، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر دروستکردنی جوڵانەوەکە ،دواتریش دروستکردنی لیستی پارلەمان .
ئێستا دوای دوو ساڵ لە تەمەنی بزوتنەوە سیاسیەکەی بێئەوەی ئەمڕۆو سبەینێ بکات و نەتوانێ کۆنگرە ببەستێن ، کۆنگرەی بەستا ، ھەڵبەت ئێستا لە ناو سەدان حزبی عیراق و کوردستاندا شاسوار گەنجترین سەرۆکی حزبە کە حزبەکەی لە پارلەمانی عیراق و کوردستان نوێنەری ھەیە ، ھەرچەند نوێنەرەکانی بەغدا لەبەر ھەر ھۆو مەبەستێ بێت پشتیان تێکرد ، بەراستی سەرەڕای ئەو ھەموو نەیاری و شکاندنەی لە رابردوودا بەو پیاوە کرا ، لە ئێستادا شایانی  ئەوەیە پیرۆزبای لێبکرێت ، ئەوەش لەبەر ئەوەی بمانەوێت یان نا لەوانی تر ناچێت و جیاوازە.
من وەک کەسێک کە بڕوام بە جیاوازیە ، بڕوام بە دەستاو دەستی سیاسی و دەسەڵاتە ، بڕوام بە گۆڕانکاری و جێھێشتنە  لە دڵەوە ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ بزوتنەوەکەی دەخوازم و ھیوادارم ھێزە سیاسیە نوێیە گەنجانەکەی ببێتە فاکتی گەشە سەندنی سیاسی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی  سیاسی لە کوردستان و ھۆیەکی قوڵکردنەوەو پەرە پێدانی دیموکراتی بن ، ھەڵبەت من لێرەدا رەخنەو سەرنج و قسەی جیاواز و دیدی جیاواز باس ناکەم ، کە ناکرێ لەسەر شاسوارو بزوتنەوەکەی نەمانبێت ، لێرەدا تەنھا لە سەر ئەو شێوازە سیاسیە قسە دەکەم کە شاسوارو جوڵانەوەو میدیاکەی لەوانی تر جیا دەکاتەوە ، بڕواشم وایە ئەرکی میدیاکاران و رۆشنبیران  و نوسەرانە لە سەر ئەو جیاوازیانە ھەڵوەستە بکەن و قسەی لە سەر بکەن .
بۆ ئەو ھەموو تۆمەت و تانەو ناشرینی دانەپاڵەش ئەوەندە بەسە ھەر ئەوانەی ئەو قسانەیان دەکرد ئێستا لەبارەی رەوشی سیاسیەوە دانیشتنی لە گەڵ دەکەن و داوای ھاوپەیمانەتی لێدەکەن ، لە رابردووشدا تۆمەت و تانەیان دایە پاڵ زۆر لایەن و کەس و دواتریش لە گەڵیان دانیشتن .
من شاسوار عەبدولواحیدم بە دڵە یان نا ، ئێستا ھەیەو قورسایشی لەزۆر حزبی بەتەمەن زیاترە ، حزب ھەیە شاسوار لە دایک نەبووە ھەیە ، کەچی یەک لە دەی شاسوار خەڵکی لە گەڵ نیە .
ھەڵبەت من ئێستاش بڕوام وایە شاسوار بەس کاری بزنس و میدیا بکات بەسە ، کەناڵە ئاسمانیەکانیشی رۆڵی زۆریان لە پێشخستنی میدیا و دیموکراسی ھەبووە .