سەردێڕ:

زوڵم نا خیانەتە

9/26/2019 11:47:05 PM
11660 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف فاتیح فەرەج
+ -

کاک عەبدولستار مەجیدی پەرلەمانتاری کۆمەڵ باس لە سەنگەر گۆڕکێی پەرلەمانتار دەکات و وەکو زوڵم نیشانی دەدا، ھەڵبەت سەنگەر گۆڕکێ بەو شێوازەی لە کوردستانی باشور ھەیە  لە خیانەت زیاتر نیە، ئاخر پەرلەمانتارێک لە لیستێکدا خۆی بەربژێر دەکات و ئەندام و ھەوادار و نزیکی ئەو لیستە دەنگی پێدەدەن، دواتر بە ھەر ھۆیەکە پشت لە دەنگدەرانی دەکات، ئەوە جگە لە خیانەت چ ناوێک ھەڵدەگرێت؟ چۆن دەکرێت متمانە بەکەسی لەوجۆرە بکرێت، ئەگەر سبەی خەڵکی کۆمەڵی ئیسلامی لەبەر ئەوەی من لە لیستەکەیاندا بم و دەنگم پێبدەن، دواتر کە دەرچوومە لیستەکە و ئەو دەنگدەرە دڵسۆز و ماندووانە جێبێڵم لە کوێی ئاکاردا یەک دەگرێتەوە، نابێت پەرلەمانتاران رێنوێن وپێشەنگی خەڵک بن، نابێت پارلەمان و ناوچە وکۆمیتە جیاوازیان ھەبێت، ھەموو سەنگەر گۆڕکێیەک نەک لە پەرلەمان تەنانەت لە نێوحزبەکانیشدا ئەگەر بۆ پارەو کورسی و لە بەرانبەر خەت مایلی و راپۆرتی جاشیانە بێت، خیانەتە خیانەتێکی قێزەون.

سەنگەر گۆڕکێ لە پێناوی پارە و کورسیدا جۆرێکە لەخۆ فرۆشی، ھەڵبەت ئەوە خۆ بە کاڵا کردن زیاتر نیە، راستیەکەیش ئەوەیە ئەگەر لایەکی تر زیاتری بداتێ، دیسان ئەوەش دەگۆڕێت، لە کوردستانی خۆمان دیاردەی خۆفرۆشی بە رادەیەکی بەربڵاو زیادی کردووە، ئەمەش وای کردووە دەنگە جیاوازو رەسەنەکان، ئەوانەی ستەم و نادادی  قەبوڵ ناکەن، بکەونەبەر تانە و تەشەر و سوکایەتی، یانی خەریکە سەنگەر گۆڕکێ جێ بە نیشتمان پەروەری و ئاکار لێژدەکات.

ئەمە بە رادەیەک پەرەی سەندووە، حزب ھەیە حزبی تری ھەیە، بەڵام بەرەنگ و ناوێکی ترەوە کاری بۆ دەکات، یانی سەنگەر گۆڕکێی کردووە و لە شوێنی خۆی وەستاو خزمەت بە ئاغاکەی دەکات، ئەم دیاردە ناشرینە خەریکە سەرلەبەری کۆمەڵگە دەکاتە کۆمەڵگەیەکی مادی و گیرفان پەرست بەو مانایەی ھیچ شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزی و مرۆڤ بوون.

لە دنیادا شتێک نیە بەناوی سەنگەر گۆڕکێ بۆ پارە و دەسکەوت، لە دنیادا ھەڵوەستە وئاکار ھەیە، دەستەبژێری سیاسی سەیری ئەوە دەکەن کام بەرنامە زیاتر خزمەت بە خەڵک و وڵات دەکات، ئەو دەم بڕیار دەدەن، ئەمەش لە گەڵ ئاکاردا دێتەوە، نەک ئەوەی کاکم لە پڕ حزبەکەی خۆی بە جێبھێڵێت و بە کۆڵێ راپۆرتی جاسوسییەوە خۆی بکات بە باوەشی حزبێکی تردا.ئەو جۆرە ھەمیشە لە دڵەراوکێ و نیگەرانی قوڵدا دەژین بە مانا نەرێنییەکەی بەومانایەی ھەمیشە ھەست بەخود دۆڕان دەکەن .