سەردێڕ:

شەڕی بوک وخەسوو

6/2/2019 5:39:04 PM
4796 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل نامیق
+ -

لەکۆمەڵگەی کوردیدا وا سەیری پەیوەندی نێوان بوک وخەسوو دەکرێت، کەپەیوەندییەکی ناسەقامگیر وناجێگیرە، لەھەڵکشان وداکشانی بەردەوامدایە، وە لەعورفی کۆمەڵایەتیدا ئەوکەسانەی کەبەردەوام ناکۆکن ودەمەدەمێیانە پێیان دەوترێت ئەڵێی بوک وخەسوون.

چونکە بوک وخەسوو نەئەتوانن بەیەکەوە بژین، وەنەئەشتوانن بێیەک بژین، قەت دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ، پەیوەندیان لەباشترین حاڵەتیدا موعەڕەزە بۆ شەڕ ولەخراپترین حاڵەتیشدا موعەڕەزە بۆ خۆبەختکردن لەپێناو یەکتریدا، لەوکاتەی موو بەنێوانیاندا ناچێ، بەئەندازەی رۆژھەڵات ورۆژئاوا لەیەکدی دوورن، لەوکاتەش کەبەئەندازەی رۆژھەڵات ورۆژئاوا لەیەکدی دوورن بەتاڵە مویەک بەیەک دەگەنەوە. بەکورتی لەحاڵەتی شەڕو ئاشتیەکی ھەمیشەیدان.

شەڕ وناکۆکیەکانیشیان بەوە دەستپێدەکات کە لەپاشملە بەخراپە باسی یەکدی دەکەن، بەتوانج وپلار ودەمەبۆڵێ وروبەڕوبونەوەی راستەوخۆدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە تۆران وجیابونەوە، جارێکی تر ئاشتبونەوە وپێکھاتنەوە، ئەمە سروشتی پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆری بوک وخەسووەکانە، بەڵام زەرەر مەندی یەکەم لەم پەیوەندیە ناجۆر وناجێگیرە تەنھا خێزانە، چونکە بەھۆی ئەم پەیوەندیەوە خێزان بەدۆخێکی دڵەڕاوکێی بەردەوامدا گوزەر دەکات.

شەڕی نێوان یەکێتی وپارتیش کت ومت لەشەڕی نێوان بوک وخەسوو دەچێت. تەماشا کەن لەبەرەی کوردستانیەوە، بۆ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ ودابەشکاری پەنجا بەپەنجا وحکومەتی ھاوبەش وپاشان شەڕی ناوخۆ وجیاکردنەوەی ئیدارە و دواتر ئاشتەوایی وپێکھاتنەوە تا ئەندازەی یەک لیستی ویەک گوتاری. جارێکی تر لەیەک دورکەوتنەوە، پاشان پێکھاتنەوە. ئەنجامدانی ریفراندۆم بەیەکەوە، بەڵام ١٦ ی ئۆکتۆبەر دژی یەکتر. ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەیەکەوە، بەڵام ھەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماری عێراق دژی یەکتر. بۆ دانانی سەرۆکی حکومەت بەیەکەوە، بەڵام بۆ سەرۆکی ھەرێم مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێت بەیەکەوەن یان نا. بۆ دانانی پارێزگاری ھەڵەبجە بەیەکەوەن، بەڵام بۆ پارێزگاری کەرکوک دژی یەکترن. لەھەولێر کۆکن، کەچی لەسلێمانی ودھۆک وبەغداد وھەڵەبجە وکەرکوک ناکۆکن وھەریەکە ولەڕێیەکە.

ئەم دوو حیزبە لەوکاتەی یەکتر تەخوین دەکەن وھەڕەشەی ئەوە لەیەکتر دەکەن پێڵاوی لاستیک دەرخواردی یەکتر ئەدەن، بەیەک تەلەفۆن یان نامە دەکرێت ببنەوە بەبرا وئامادەیی پیشانبدەن بۆ ئەوەی خۆیان بەخت وفیدای یەکتر بکەن ومیللەت بەھۆکاری ناکۆکیان تۆمەتبار بکەن.
دیارە نابێت کەس خۆشحاڵ بێت بەناکۆکی نێوان دوو کورد، بەڵام لەھەمان کاتدا نابێت حەقیقەتی پەیوەندی ناجۆری نێوان ئەم دوو لایەنەش نادیدە بگیرێت وقسەی لەسەر نەکرێت، چونکە ئەم پەیوەندیە لەھەردوو حاڵەتی باشی وخراپیشدا ھەر بەزیان شکاوەتەوە بۆ میللەت.

بۆیە رێگەی دروست ئەوەیە، ھەموو لایەنەکان لەسەر بەرژەوەندیە بنچینەیی وباڵاکانی وڵات وپرەنسیپە گشتییەکانی حوکمڕانی ودەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات ھاوڕا بن، لەسەر بابەتەکانی تر و ووردەکاریەکانی سیاسەت وبەڕێوەبردن لەململانێ وکێبرکێی بەردەوامدا بن، دەنگی خەڵکیش سەنگی مەحەک بێت لەوەی ئەم ململانێیانە بەسودی کام ھێزی سیاسی بشکێتەوە.