سەردێڕ:

وانەکانی ئەخلاق

12/14/2019 3:34:59 PM
5190 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل نامیق
+ -

وەرن با لەکۆتاییەکانی تەمەنماندا یەکسان بین لەژیان ومردندا
خوێندنەوەیەک بۆ پرۆژە یاسای چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە

یەکسانی وئەخلاق:
یەکسانی چەمکێکی ئەخلاقیە، بەڵام زۆر جار بۆ مەبەستی نائەخلاقی بەکارھێنراوە وبەکاردەھێنرێت، بۆ نمونە دەستور ویاسای بەشێکی زۆر لەوڵاتە نادیموکراسەکان، سیخناخ کراون بەبنەماکانی یەکسانی، تەنھا بۆ مەبەستی ھەڵخەڵەتاندن وفریودانی رای گشتی نێوخۆیی ونێودەوڵەتی، چونکە لەواقیعدا بەتەواوی پێچەوانەی بنەماکانی یەکسانی ھەڵسوکەوت دەکەن، لەو کات وشوێنەی پێویستە پەیڕەوەی یەکسانی بکەن، پەیڕەوی ناکەن، لەو کات وشوێنەش کە پێویستە یەکسانی پەیڕەو نەکەن، پەیڕەوی دەکەن، بەو کارەیان، چەمکێکی جوانی ئەخلاقی بەکار دەھێنن، بۆ مەبەستێکی ناشرینی نا ئەخلاقی. جا نازانم ئەو بنەمایانەی یەکسانی کە ووشەی دووەم وسێیەمن لە ماددەی یەکەمی پرۆژە یاساکەدا، بۆ چ مەبەستێک بەکار دەھێنرێن، ئایا وەکو یەکسانی نێو دەستور ویاساکانی دیکەن یان نا؟ بەڵام ئەوەندە دەزانم مووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی ناو پرۆژەکە یەکسانیان تێدا نیە. پاشان ئەم پرۆژەیە ئەگەر کرا بەیاسا ئایا ئەو نا یەکسانیە بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێت؟ یان لەناو نایەکسانیەکەشدا نایەکسانی دەکرێت؟ وەکو دەوترێت عیبرەت لەجێبەجێکردندایە.

ناونیشانی پرۆژەکە:

( چاکسازی لەخانەنشینی ومووچە ودەرماڵە وبەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە ) ئەمە ناونیشانێکی دور ودرێژە وچەند بابەتێکی دور لەیەکی تێدا کۆکراوەتەوە، بەجۆرێک ھەر لەناونیشانەکەوە خوێنەر ھەست بەوە دەکات جۆرێک لەناڕێکی ونەگونجاوی ھەیە لە نێوان بابەتەکانی پرۆژەکەدا، ئەمەش لەگەڵ ھونەری یاسا دارشتنی باشدا یەکناگرێتەوە. بۆ نمونە دەکرێت پرسیار بکەین، چاکسازی لەچی خانەنشیندا؟ ھەروەھا ئیمتیازاتەکانی دیکە وەکو چی؟ چۆن لەناونیشانی یاسادا ووشەی دیکە بەکار دەھێنرێت؟ پاشان مووچە ودەرماڵە لەگەڵ خانەنشینیدا دوو بابەتی لەیەک جودان وپێویستە بەیاسایەکی جیاواز لەیاسای خانەنشینی رێکبخرێن. لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ داڕێژەرانی پرۆژەکە، بەڵام ئەم پرۆژەیەم وەک داڕشتنی جۆکەر دێتە بەرچاو، چونکە لەدەرگای زۆر بابەت وبواری داوە بەبێ وردەکاری وحسابکردن بۆ کاتی جێبەجێکردن، بۆیە دڵنیام ئەم پرۆەیە بەم داڕشتنەی ئێستای بکرێت بەیاسا، لەکاتی جێبەجێکردندا کێشەو کەموکوڕی زۆری بۆ دروست دەبێت. چونکە لەراستیدا من ترسم لەوە ھەیە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت وتێکەڵکردنیان لەژێر ناوی چاکسازیدا وسپاردنی جێبەجێکردنیان بە لایەنێکی نادیار، یاساکە وەکو زۆر یاسای تر بکات بەجسمێکی بێ گیان.

چاکسازی ناوە یان ناوەڕۆک؟
ئەم پرۆژەیە رەنگە ناکۆک یان دژ ویەکتر بڕ بێت لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای کارپێکراودا، لەوانە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ( ساڵی ١٩٩٩ ھەموارکراو )، یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، یاسای خانەنشینکردنی خاوەن پلە باڵاکان ( ژمارە ٣٦ بۆ ساڵی ٢٠٠٤ )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەس وکاری شەھیدان ( ژمارە ٩ بۆ ساڵی ٢٠٠٧ ھەموار کراو )، یاسای ئیمتیازەکانی زیندانی کراو وگیراوی سیاسی ( ژمارە ١١ بۆ ساڵی ٢٠١١ )، یاسای ماف وئیمتیازەکانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت ( ژمارە ٢٢ بۆ ساڵی ٢٠١١ ) ، یاسای راژە وخانەنشینی ھێزەکانی ناوخۆ ( ژمارە ١٨ بۆ ساڵی ٢٠١١ )، یاسای مووچە ودەرماڵەی سەرۆکی ھەرێم وجێگرەکەی ( ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠١٠ )، یاسای خزمەتی شارستانی وچەندین یاسای دیکە. بەڕای من ئەم پەرتەوازەیە لەیاساکاندا ھۆکارێکی سەرەکی دروستبوونی ئەو نادادیە کە ئەم پرۆژەی چاکسازیە بەحساب دەیەوێت بەشێکی رێک و راستبکاتەوە، ئەگەر کەمیش بێت. کەواتە سەرەڕای بوونی چەندین حوکمی باش لەپرۆژەکەدا، بەڵام مافی خۆمانە ترسمان لەوە ھەبێت، ئەم پرۆژەیە ئەگەر بکرێت بەیاسا، لەژێر ناوی چاکسازیدا رەنگە شەرعیەت بدات بەو نادادیە گەورەیەی کە ھەیە، وەکو چۆن پرۆسەی بایۆمێتری شەرعیەتی دا بەبندیوارەکان!! وە لەبەر ئەوەی من ھیچ بەرژەوەندیەکم نیە، نە لەرەتکردنەوەی پرۆژەکە، نە لەپەسەندکردنی پرۆژەکە، تاکە بەرژەوەندیم، ھێنانە دی دادپەروەریە، بۆیە بوێری ئەوەم ھەیە بتوانم تێبینی ورەخنەکانم لەسەر ئەم پرۆژەیە بخەمە روو، وە زۆر بەرونی وراشکاویی بڵێم، ئەم پرۆژەیە دادی کۆمەڵایەتی پێ بەدیناھێنرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەم پرۆژەیە، دەکرێت یاسایەکی خانەنشینی نمونەیی بۆ ھەموو مووچە خۆرەکان دابنرێت، بەسود وەرگرتن لەئەزموون ویاسای وڵاتانی پێشکەوتوو، نەک ئەوەی عێراق بکرێت بە نموونەی باڵا وئاواتە خواز بین پێی بگەین، کەچی پێشی نەگەین!! لەپاڵ یاسای خانەنشیندا یاسای خزمەتی شارستانیش ھەموار بکرێتەوە، بەجۆرێک لەگەڵ دۆخی ئێستای وەزیفە وفەرمانبەردا بگونجێت. بەیاسایەکی تریش ھەموو ئەو خانەنشینی ودامەزراندن وپلە پێدان وپلەبەرزکردنەوەو ناحەقی وگەندەڵیانەی تر کەبەیاسا یان بەدەر لەیاسا کراون، ھەڵبوەشێنرێنەوە، جا گرنگ نیە ناونیشانی یاساکە چی بێت. ھەرچەند نامەوێت کەس بێئومێد بێت لەم پرۆژەیە ولەچاکسازی، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو نوسخەیەی پرۆژەکە بکەین کە لەساڵی ٢٠١٨ نێردرا بۆ پەرلەمان وبەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو نوسخەیەی ئێستا نێردراوەتە پەرلەمان، دەبینین جیاوازیەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نیە، کەواتە مافی خۆمانە پرسیار بکەین، ئایا ھۆکار چیە ئەو ماوە زۆرە پرۆژەکە دواکەوت؟ چەندین پەرلەمانتار گرەویان لەسەر ئەوە ئەکرد ولێدوانیان ئەدا فڵان ھەفتە وفڵان رۆژ پرۆژەکە ئەگاتە پەرلەمان، کەچی نەئەگەیشت وئەو بەڕێزانەش شەرمەزار ئەبوون. ئەم دواکەوتنە بێ حیکمەت نیە، بێگومان حیکمەتەکەی لەداھاتوودا دەردەکەوێت. بەرای من گرنگ نیە یاسایەکمان ھەبێت بەناوی یاسای چاکسازی، گرنگ ئەوەیە چاکسازی بکرێت، ئەگەر لەغیابی یاساشدا بێت، ئەمەوێت بڵێم، چاکسازی بەناو وناونیشان ناکرێت، بەویستێکی پاک وناوەڕۆک وکردار دەکرێت.

بنەماکانی دیاریکردنی موچەی خانەنشینی:
دەکرێت پرسیار بکەین، ئایا لەسەر چ بنەمایەک مووچەی خانەنشینان دیاری دەکرێت؟ لەراستیدا یاسا دانان تەنھا بریتی نیە لەریزکردنی کۆمەڵێک فەرمان وسەپاندنیان، بەڵکو پێویستە خودی یاساکە وفەرمانەکەش بنەما وبنچینەیەکی ھەبێت، واتە پشت بەست بێت بەفەلسەفە وئاراستەیەکی یاسایی باش وپتەو، پاشان رێکی وگونجاوی نێوان حوکمەکانی یاساکە لەلایەک ولەنێوان خودی یاساکان لەلایەکی دیکەوە، ھەروەھا پێشبینی یاسادانەر بۆ زۆربەی زۆری حاڵەتەکان وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی، پێویستی بەسەلیقە وشارەزایی ولێھاتوویەکی یاسایی قوڵ وبیرکردنەوەیەکی ورد وگشتگیر ھەیە. کاتێک یاسای خانەنشینی دادەنرێت، دەبێت پرسیار بکرێـت ئایا مووچەی خانەنشینان لەسەر چ بنەمایەک رێک بخرێت؟


١) ئایا لەسەر بنەمای بەشداریکردنی مووچە خۆر بێت لەسندوقی خانەنشینیدا؟ خۆ ئەگەر تەنھا ئەم بنەمایە بکرێت بەپێوەر، ئەوا رەنگە پێویست بەخانەنشینی نەکات، مووچە خۆر دەتوانێت مانگانە بڕێک لەمووچەکەی پاشەکەوت بکات ولەدوای تەواوبوونی خزمەتی وەزیفی، لەپاشەکەوتەکەی خۆی بژێنێ. یان ئەوەی کەوەکو خانەنشینی لێی بڕدراوە دەوڵەت ھەر ئەوەندەی پێ بداتەوە، بۆ نموونە ئەگەر ئەوەی لەساڵانی خزمەتیدا لێی بڕدراوە بەکۆی ھەمووی پەنجا ملیۆن دینار بوو، ئەوا بەپێی ئەم پێوەرە دەوڵەت پابەند دەبێت تەنھا پەنجا ملیۆن وسودی یاسایی ئەو بڕە بداتەوە بەو فەرمانبەرە دوای تەواوبوونی خزمەتەکەی. کەواتە ئەگەر ئەمە بکرێـت بەپێوەر نابێـت ئەو جیاوازیە زۆرە لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا ھەبێت. 


٢) ئایا لەسەر بنەمای خزمەت وگرنگی وەزیفەکەی بێت؟ ھەموو وەزیفەیەک وخزمەتکردنێک بە وڵات گرنگە لەبوار وکات وشوێنی خۆیدا، کەواتە ئەگەر ئەمەش پێوەر بێت، نابێت ئەو جیاوازیە زۆرە ھەبێت، چونکە باوەڕ ناکەم ئەوەی مووچەی خانەنشینی ٢٥٠ ھەزار وەردەگرێـت، کەمتر خزمەتی بەوڵات کردبێت لەوەی ٦ ملیۆن یان زیاتر وەردەگرێت، یان خزمەتەکەی لەخزمەتەکەی ئەم گرنگتر نەبێت. ئەی کەواتە ئەم جیاوازیە گەورەیە بۆچی؟


٣) ئایا لەسەر بنەمای پێداویستی بێـت؟ دوای کۆتایھاتنی خزمەتی وەزیفی وگەیشتنی مرۆڤــ بەتەمەنێکی دیاریکراو، تا رادەیەک پێداویستیەکان لەیەک نزیک وھاوشێوە دەبن، چونکە ئەو کاتە پێداویستیەکان بریتی دەبن لەچاودێری پزیشکی وخواردن وجل وبەرگ وسەفەر وگەڕان. مادام پێداویستیەکان لەیەک نزیک وھاوشێوەن، کەواتە ئەو جیاوازیە گەورەیە لەمووچەکانیاندا بۆچی ولەپای چی؟ 
٤) ئایا لەسەر بنەما بەیەکەوە گرێدانی ژیانی فەرمانبەر لەکاتی وەزیفەدا وژیانی لەدوای تەواو بوونی وەزیفەکەی بێت؟ بەو مانایەی ھەر مووچە خۆرێک لەکاتی وەزیفەدا جۆرێک لەژیانی بۆ خۆی دروستکردووە، لەکاتی خانەنشینیدا پێویستە ھەمان ستایڵی ژیانی بۆ فەراھەم بکرێت. بەڕای من ئەمە تاکە پێوەرە بۆ ئەو نایەکسانیە زۆرەی لەنێوان مووچەی خانەنشیناندا دەکرێت. بەڵام ئایا ئەمە پێوەرێکی رەوایە؟ رێکخستنی مووچەی خانەنشینی تەنھا لەسەر ئەم پێوەرە نادادیەکی گەورەیە، وە دەبێـتە ھۆی ئەوەی ھەر لەسەرەتاوە نایەکسانی لەنێوان تاکەکاندا دروست بێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی نادیموکراسیدا، دەستکەوتنی وەزیفەیەکی باش زۆر جار بەرێگەیەکی ئاسایی نابێت، بەڵکو لەرێگەی رفاندن وناشەرعیەوە دەبێت، ئیتر ئەم وەزیفە باشە دەبێتە بنچینەی نایەکسانی لەکۆمەڵگەدا وئەم نایەکسانیەش بەردەوام دەبێت، چونکە نایەکسانی ئابووری سەرچاوەی ھەموو نایەکسانیەکانە. 


لەھەرێمی کوردستاندا نازانرێت لەسەر چ پێوەر وبنەمایەک مووچەی خانەنشینی رێکخراوە، چونکە جیاوازی ونایەکسانیەکان ئەوەندە زۆرن، ھەموو سنور وپێوەرێکیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بێسەروبەریی ونادادیەکی گەورەی دروستکردووە، وەڵامی ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر ئەم نادادیە بەپێداچوونەوەی سەرلەبەری سیستمی خانەنشینی وسەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەبێت، لەسەر بنەمای دادپەروەری، نەک بەپینە وپەڕوکردن. 


من لەگەڵ ئەوەدام سەرجەم خانەنشینان مووچەیەکی یەکسانیان پێ بدرێت، با لانی کەم لەکۆتاییەکانی تەمەندا یەکسان بین، یان ئەگەر ئەمەش ناکرێت، خۆ دەکرێت نا یەکسانیەکە ئەوەندە زۆر وگەورە نەبێت، بەڵکو لەسنورێکی مەعقولدا بێت، بۆ ئەوەی وا ھەست نەکرێت، ھاووڵاتیان لەپلەو چینی جیاوازدان، ھەندێکیان ھاووڵاتی پلە یەک وچینی باڵا ئەوانیش پلە دوو وپلە سێ و چینی نزم وخوارەوە.

ناوەڕۆکی پرۆژەکە:
١) لەپرۆژەکەدا باسی مووچە ودەرماڵە وخانەنشینی سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری ودادوەرەکان وئەندامانی داواکاری گشتی نەکراوە؟ نازانرێت ھۆکار چیە؟ ئایا بوونی یەکسانی ودادپەروەریە لەمووچەی ئەم توێژەدا، یان بێدەنگکردنیانە؟ 
٢) ئەوانەی لەدەرەوەی کەرتی گشتی وکەرتی تایبەت کار دەکەن، ھیچ حسابێکیان بۆ نەکراوە، خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی نایانگرێتەوە، وەکو ئەوەی ئەمانە قەت پیر نەبن وپێویستیان بەحکومەت وھاوکاری نەبێت، یان لەدەرەوەی چوارچێوەی چەمکی ھاووڵاتـی بن.


٣) لەپرۆژەکەدا زۆر باسی ئەوە کراوە، ئەوانەی بەدەر لەیاسا خانەنشین کراون، یان پلەی وەزیفیان پێ دراوە، یان بەنایاسایی خزمەتیان بۆ حساب کراوە، ھتد. بوونی ئەم عیبارەتانە لەپرۆژەکەدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کێشەکە تەنھا یاسا نیە وتەنھا بەیاساش چارەسەر نابێت. ھەروەھا سەلماندنی راستی قسەی ھەموو ئەو رەخنەگرانەشە کەپێشتر وھەنووکە رەخنەیان لەخراپی بەڕێوەبردنی ئەم ھەرێمە گرتووەو دەگرن، لەھەمان کاتدا ئەم عیبارەتانە دەبێتە ھۆی شەرمەزارکردنی ھەموو ئەو ھەلپەرستانەی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان بەرگریان لەخراپی بەڕیوەبردن کردووە، بۆ دوو دینار ئامادە بوون ھەزارەھا قسەی ھەلەق ومەلەق بکەن ورەخنەگران بەچەندین تۆمەتی ناڕەوا تۆمەتبار بکەن. سەرباری ئەوانە بوونی ئەم جۆرە عیبارەتانە لەناو پرۆژەکەدا حەقە ببێتە ھۆی جوڵاندنی بەرپرسیارێتی یاسایی، کێ ئەو نایاساییانەی کردووە؟ ئێ خۆ ناکرێت ھەر بەدانپێدانان ئیتر بڵێین ( عفا اللە عما سلف ).


٤) بەپێی پرۆژەی چاکسازیەکە سەرۆک وئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش خانەنشین دەکرێن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان خانەنشین ناکرێن، ئیتر نازانم پرۆژەکە چاکسازی لەیاساکەدا کردووە، یان یاساکە لەپرۆژەکەدا؟؟!!


٥) لەخاڵی سێیەمی ماددەی دووەمدا ھاتووە: خاوەنی پۆستە باڵاکان ئەگەر پێشتر فەرمانبەری حکومەت بن، سەرپشک دەکرێن لەوەی خانەنشین بن، یان بگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانی پێشوویان، وە کەدەگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانیان، سەرپشک دەکرێن لەوەی مووچەی خانەنشینی وەربگرن، یان مووچەی وەزیفەکەیان. ئەمە چەندین کێشە دروست دەکات، لەوانە ئەگەر کەسەکە پێشتر وەزیفەی نەبوو یەکسەر خانەنشین دەکرێـت بەمووچەیەکی بەرز، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی خاوەن وەزیفەکەش نەگەڕێتەوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە بەمووچەیەکی بەرز خانەنشین دەبێت ولەپاڵیدا کارێکی تر دەکات، وەکو ئەوەی ئێستا باوە. پاشان ئەگەر کەسەکە گەڕایەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی وبڕیاریدا مووچەی خانەنشینی وەربگرێت، چ میکانیزمێک ھەیە بۆ ئەوەی ئەم کەسە پابەند بکرێت بەوەی لەکارەکەیدا دڵسۆز بێت، چونکە دەتوانێت بەئارەزووی خۆی دەوام بکات، ناتوانرێت سزای مووچە بڕین وکەمکردنەوەی مووچە بدرێت، وە ئەگەر زۆر ئیزعاجیش بکرێت وەزیفەکە بەجێ دەھێڵێیت، کەواتە ئەم دەقە لەجیاتی ئەوەی خزمەت بەوەزیفەی گشتی بکات زیانی پێ دەگەیەنێ، بۆیە واباشترە گەڕانەوەکە بکرێت بە إجباری ئەویش تەنھا بەوە دەکرێت کەس پێش تەمەنی خانەننشینی، خانەنشینی نەکرێت.


٦) لەخاڵی چوارەمی ماددەی دووەمدا ھاتووە: ھەژمارکردنی خزمەتی خولی پەرلەمان بۆ ئەو پەرلەمانتارەی دەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی. ئەی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کاتێک ئەگەڕێتەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی، خزمەتی خولی ئەنجوومەنی بو ھەژمار دەکرێت یان نا؟
٧) لەماددەی ٣ دا: تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە کراوە بە ٤٥ ساڵ، دەکرێت پرسیار بکەین بۆ ٤٥ ساڵ؟ لەکاتێکدا لەعێراقدا ٥٠ ساڵە، ئایا ھەرێمی کوردستان لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق گەرمترە ومرۆڤەکانی زووتر گەشە ئەکەن وپیر ئەبن؟ یان لەبەر حیکمەتێکە وئێمە نایزانین؟ ھەر لەماددەی ٣ دا لەکۆتایی ماددەکەدا ھاتووە: ئەو حاڵەتانەی دیکەی بەدەرکردن کەلەیاسای خانەنشینی بەرکاردا ھاتووە. ئەم عیبارەتە روون نیە، چونکە ئاماژەی نەکردووە بە حاڵەتەکە وژمارەو وساڵ وماددەکەی یاسای خانەنشینی. 


٨) لەزۆر جێگەی پرۆژەکەدا ئاماژە بەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی بەرکار لەھەرێمی کوردستاندا کراوە، ئایا دەکرێت ژمارە وساڵی ئەو یاسایەمان پێ بڵێن؟ من خۆم زۆر گەڕام بەدوای ئەوەدا ئایا کام یاسای خانەنشینی لەھەرێمی کوردستاندا بەرکارە، ئایا یاسای ساڵی ٢٠٠٦ یان ٢٠١٤، لەراستیدا وەڵامێکم دەست نەکەوت، ھەرچەند گومان ئەبەم یاسای ساڵی ٢٠٠٦ بێت، ھەرچەندە سەیری ھەموو ئەو یاسایانەم کرد کە پەرلەمان لەساڵی ١٩٩٢ ەوە دەریکردوون، ھیچ یاسایەکم نەبینی، یاسای خانەنشینی یەکگرتووی لەھەرێمی کوردستاندا پێ بەرکار کرابێت، رەنگە من ھەڵە بم، وە رەنگە لەھەرێمی کوردستاندا یاسای بۆ دەرنەچوبێ.


٩) ماددەی ٧: بڕگەی یەکەم ناساز وناڕیک ( رکیک ) وناڕونە. لەبڕگەی سێیەمدا ھاتووە: کەبۆ لەمەودوا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بەرکار دیاریدەکرێن. مەبەستەکە نارونە، ئایا تا ئێستا دیاری نەکراون؟ ھەر کۆی بڕگەی ٣ رەکیکە.


١٠) ماددەی ٨، تەنھا باسی فەرمانبەران دەکات کە نابێت لەیەک جار زیاتر سوودمەند بن، جا لەھەرێمی کوردستان بێت یان لەحکومەتی فیدراڵ. پرسیارەکە ئەمەیە ئایا وەزیر وپەرلەمانتار وخاوەن پلە باڵاکانیش، نابێت لەیەک کاتدا مووچە لەھەرێم وحکومەتی فیدراڵیش وەربگرن؟ بۆ لەپرۆژەکەدا باسی ئەمە نەکراوە، پاشان ئەگەر وابێ میکانیزم چیە بۆ جێبەجێکردنی حوکمێکی لەم جۆرە؟


١١) ماددەی ١٣: لەبڕگەی یەکەمدا ھاتووە، دامەزراندن لەھەر وەزیفەیەکی پلە باڵا رادەگیرێت. ئەی ئەوانەی بەنایاسایی لەو پلانەدا دەمەزراون چییان لێدەکرێت؟ پاشان بڕگەی دووەم وسێیەم ھەموو خاوەن پلە باڵا ( معوم ) ەکان بەمووچەی بەرز خانەنشین دەکات بێگوێدانە ساڵی خزمەت وتەمەن، ئایا ئەمە چاکسازیە، یان شەرعیەتدانە بەگەندەڵی؟


١٢) ماددەی ١٦: بڕگەی دووەم بەدیاریکراوی ئاماژەی بەھەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن پلە باڵاکان کردووە. حیکمەت چیە لەوەی بەتەنھا باسی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی کردووە؟ راستە لەھەمان بڕگەدا دەڵێت کار بەھیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم یاسایە، بەڵام پاشان ناوھێنانی تەنھا یەک یاسا بێ حیکمەت نیە، پێویست بوو ئاماژە بەھەموو ئەو یاسایانە بکات کە ھەڵدەوشێنرێنەوە، لەپێش ھەموویانەوە یاسای خانەنشینکردنی پەرلەمانتار ووەزیر.


١٣) پرۆژەکە لە ماددە ٤ وماددە ١٣ وماددە ١٧ دا باسی ئەوەی کردووە ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەردەکات. ئەم تێبینیانەم لەسەر ئەو سێ پەیڕەوە ھەیە:

‌ڕ) لەماددە ٤ دەڵێت دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بەپەیڕەو دروست دەکرێت، ئەمە ھەڵەیە، چونکە دەستە بەیاسا دروست دەکرێت نەک پەیڕەو.
‌ب) لەماددەی ١٣ ھاتووە، دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی وبەرەو ژور بەپەیڕەو رێکدەخرێت. ئەمەش ھەڵەیە، چونکە بەڕێوەبەری گشتی تەنھا بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دانامەزرێنرێت، بۆ ھەردوو دەسەڵاتەکەی تر ودەستە سەربەخۆکانیش، کەواتە ئەم بابەتە دەبێت بەیاسا رێک بخرێت، نەک پەیڕەو.

‌ج) لەماددەی ١٧ ھاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لەماوەی (٦٠ ) رۆژ لەجێبەجێکردنیەوە پەیڕەوێک دەردەکات. لەماددەی ١٩ شدا دەڵێت ئەم یاسایە لەدای تێپەڕبوونی ٩٠ رۆژ لەرێکەوتی دەرچوونی پەیڕەوەکەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم دوو ماددەیە ھەڵە ومەبەستی غەریبیان تێدایە، ماددەی ١٧ دەڵیت لەماوەی ٦٠ رۆژ لەجێبەجێکردنی یاساکەوە پەیڕەو دەردەکرێت، کەچی ماددە ١٩ دەڵێت دوای ٩٠ رۆژ لەدەرکرنی پەیڕەوەوە جێبەجێ دەکرێت، من ھیچ ناڵێم خۆتان سەرنج بدەن وبزانن کەی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت؟ ئەبوو بوترایە لەماوەی ٦٠ رۆژ لەرۆژی بڵاوکردنەوەیەوە یان دەرچوونیەوە، یەیڕەوی بۆ دەردەکرێت ولەدوای ٩٠ رۆژ لەدەرکردنی پەیڕەوەکەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ھەروەھا ناشزانرێت ئەم پرۆژەیە لای پەرلەمان وسەرۆکایەتی ھەرێم چەندێکی پێ ئەچێ، بەکورتی ئەبێ تا زستانی داھاتوو چاوەڕێ بین، بزانین چاکسازی ئەکرێت یان نا؟ بەکورتی دواکەوتنی ئامادەکردنی پرۆژەکەو دواخستنی جێبەجێ کردنی ئاماژەی باش نین لەسەر پرۆژەکە. 

١٤) لەماددە ١٢ دەڵێت: دەبێت وەزیری پەیوەندیدار وسەرۆکی پەیوەندیداری لایەنی نەبەستراو بەوەزارەت وفەرمانبەری تایبەتمەند حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. لەماددەی ١٨ شدا جەخت دەکاتەوەو دەڵێت پێویستە ئەنجومەنی وەزیران ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن. بەرای من ئەوەی ماددە ١٢ زیادەیە. ھەروەھا ئەم جەختکردنەوەیە خۆی لەخۆیدا گومان دروست دەکات لەسەر خودی پرۆژەکە، رەنگە دەسەڵاتداران زۆر دڵنیا نەبن لەوەی دەتوانن جێبەجێی بکەن. رۆژگاریش راستی وناڕاستی ئەم گومانە بەدەر دەخات.


لەکۆتاییدا دەڵێم، زۆرجار لەمێژوودا رویداوە، ئەوانەی باسی چاکسازیان کردووە، لەواقیعدا رەفتاری پێچەوانەیان کردووە، بۆ نموونە لەوکاتەی باسی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەریان کردووە، مووچەی خۆیان ودارودەستەکانیان زیادی کردوە، لەو کاتەی ئیفادیان لەخەڵک قەدەغەکردووە، گەڕان وھاتوو چۆی خۆیان زیادی کردووە، لەو کاتەی دەرماڵەی منداڵی فەرمانبەریان کەمکردۆتەوە، مووچە وپاروی چەور تریان بۆ منداڵەکانی خۆیان دابین کردووە، لەوکاتەی بەخەڵکیان وتووە مردن شانازیە، خۆیان باشتر ژیاون.

من رەشبین نیم وھەموو ھەنگاوێکی باشیش بەرز دەنرخێنم، بێگومان ئەم پرۆژەیە خاڵی باشی تێدایە، بەڵام لەھەمان کاتدا مافی خۆمانە قسەی لەسەر بکەین، پرسیار بکەین، ئایا ئەم پرۆژەیە دەبێتە ھەوێنی چاکسازی راستەقینە؟ یان ھەر چەمکێکی ئەخلاقیە وبەکار دەھێنرێت بۆ مەبەستێکی شاراوە، لەژێر ناونیشانی دروشمی جوان و بریقەدار بۆ سەرقاڵکردن ودڵخوشکردن.