سەردێڕ:

تۆ سەرۆکی نەک خودا

6/15/2019 11:00:03 AM
5162 جار خوێندراوەتەوە
عوسمان گوڵپی
+ -

خودا بە مانای پەرستراو و بۆ گەڕاوە، لە ھەر دینێکدا تەماشا بکەی دەبینیت خودا بە کۆمەڵێ سیفەت وەسفدەکرێت کە لە ھەموویاندا خودا باڵادەست و بریاردەر و یەکلاکەرەوەیە و گفتوگۆی فەرمانەکانی ناکرێت و ئەو ھەرچی بەباش زانی بۆ بەندەکانی ئەوە باشەکەیە، بژێویی و ژیان و مردن لای ئەوە و ئەو دەزانێ چی بۆ ئێمە باشە.

ئەوەی مەبەستی منە لێرەدا باسکردن نیە لە خودای باڵادەست و بەراوردکردن نیە، ئەوەندەی ڕاستکردنەوەی تێڕوانینێکە کە کۆمەڵگەکانی بەرەو وێرانە بردوە و شەخسەکان بونەتە بڕیاردەر لەسەر کۆمەڵگەیەکی گەورە، تەنھا بەھۆی ئەوەی تێڕوانینیان بۆ خۆیان لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەوەی کە ئەوان لە سەرو ھەموانەوەن و زۆر جار بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەکەن کە دەبێتە کۆیلەبوون.

مرۆڤەکان بۆئەوەی ببنە سەرۆک چەندین ڕێگا بەکاردەھێنن و بەشێکیان خەونەکانیان لەباردەچێت و بەشێکی تریان دەگەنە ئامانجەکانیان.

تەماشایەکی وڵاتانی جیھانی سێھەم بکە بە ڕوونی دەبینی سەرۆکەکان زۆرترینیان ڕێگەی گەشتنیان بە سەرۆکایەتی ئاسایی و یاسایی و تەندروستە و بەشێکیشیان ھەڵگری ئاڵای شۆڕش و بەرەنگاربونەوەی ستەم بون و ھەندێکیش ھەڵگری دروشمی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵین.

بەڵام لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەیان بۆ سەرۆک بوون ھەڵەیە و پێیان وایە سەرۆک بون واتا ھەمووشتبوون و بڕیاردەری ڕەھایە.

مرۆڤ بۆ خۆی گەر ئاستی ڕۆشنبیری لە ئاست سەرۆک بوندا نەبێت یان یاسایەکی کار پێکراو نەبێ کە لێپێچینەوە لە سەرۆک بکات یان میللەت ھوشیار نەبێ ئیدی دەکەوێتە داوی حەزو خواستەکانیەوە و لە مرۆڤێکی ئاسایی پارێزەرەوە دەبێتە مرۆڤێکی پێشێلکاری خۆسەپێن و بەمەش ھەر ھەنگاوێکی کە دەینێت بەرلە ھەمووشت لە خزمەت خۆیدایە بە ئامانجی مانەوە و بەھێزکردنی پێگەی شەخسی.

 لە ڕاستیدا ھۆکارگەلێک ھەن کە وا دەکەن سەرۆکەکان بتوانن ھەرچیان بوێ ئەوەبکەن و بۆشیان بچێتە سەر ئەویش بونی کەسانێکی بەرژەوەندی خوازی ھەلپەرستە کە ھاوکارن لە تۆخکردنەوەی ئەوەی کە بەڵێ جەنابی سەرۆک عاقڵترین و بەھێزترین و بیرمەندترین مرۆڤی وڵاتە.

ئەوەی لا دەکەنە یەقین کە خودا کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەئەم بەخشیوە کە بە کەسیتری نەبەخشیوە، ئیدی ئەمە وادەکات سەرۆک لە مرۆڤێکی ئاساییەوە بگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی باڵا، دەیەوێت ھەر بڕیارێک بدات بۆی جێبەجێبکرێ، ئەوەی ئەو دەیکات ئیدارەدانە و سەرۆکیە و سیاسەتە، کاری ئەوانیتر تەنھا جێبەجێکردنە و کێش جێبەجێکارێکی باش نابێ بفەرمێ بۆ سنورەکانی دەرەوەی وڵاتی ئەو چونکە پێی وایە ئەو حاکمی موتڵەقی وڵاتە و ھاوڵاتیان کرێچی و ئەو خاوەن تاپۆی وڵاتە.

گەر زۆر دوور نەڕۆی سەدام حسینی سەرۆکی عێراق بەجۆرێ حکومڕانیکرد کە خودای یەکەمی عێراقە و تاکە بڕیاردەر ئەوە و خاوەنی ھەمووشتێکی ئەم وڵاتەیە و ئەو بژێویی خەڵک دەدات و دەیان ژیێنێت و ئەویش بڕیاری مردن دەدات.

بۆ ئەمەش تەنھا نەبوو، بەڵکو ھەزاران فیدایی و مرۆڤی ماستاوچی کاریان دواکەوتن و وەسف و پیاھەڵدان و شاھیدیدانی درۆبوو، تەنانەت لە بەھیزکردنی پێگەکەیدا ھەزاران مامۆستای ئاینی و ڕیش سپی و گوێلێگیراو ڕۆڵیان ھەبوو، لە میمبەرەکانەوە دوعای تەمەندرێژیان بۆ دەکرد و میمبەریان بۆ شاردنەوەی تاوانەکان بەکاردەھێنا و ناشیرینی سەرۆکیان جوان دەکردەوە

ھەزاران مرۆڤی جەللاد چاوەڕێی فەرمانێکی بوون و درۆکانیان پینەدەکرد، کەس نەبوو بڵێ بۆ؟ چۆن؟ نابێ! ناکرێ! ئەم ھەموو بڕیارە سەرشێتانە چیە؟ 

ھەربۆیە عێراقی کردە وڵاتێک کە زۆرترینی ھاوڵاتیان خۆشحاڵبن بە کۆتایھاتن و مردنی و کۆتاییەکەشی ڕوونە. 

گەر سەرنجێکی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بدەی نمونەی زۆر جیاواز دەبینی سەرۆکەکان پێش ئەوەی بگەنە دەسەڵات زۆر جیاوازترن لەوەی کە دەبنە سەرۆک.

سەرۆکەکان یەکەمین ھەنگاویان دوورخستنەوەی ھەموو ئەوانەیە کە ھۆکاربوون بۆ ئەوەی بگاتە سەرۆکی و بەبێ ئەوان ئەم نەدەبوە سەرۆک، پێیان وایە ئەو کەسانە مەترسین لەسەر پێگەکەیان چونکە بە نیەتی مانەوەی ئەبەدی دێن و کاری بۆ دەکەن، میزاجیان بەھەموو ئەوانە ناخوا کە ڕەخنەیان لێ دەگرن و ھەنگاوەکانیان ڕاست دەکەنەوە یان دەیانەوێ لەو ڕێگایە لا نەدەن کە بۆی ھاتن.

سەرۆکە دواکەوتوو و خۆسەپێنەکان حەزیان لە وەسف و پیاھەڵدانە، دەیانەوێ گۆرانی بە باڵایاندا بڵێی، حەزیان لە گەورەبونی زیاترە، حاشیەیەک دروست دەکەن کە کۆمەڵێ سیفاتی پێ ببەخشن کە مرۆڤەکانیتر نیانە، حاشیەیەک بەشێکی بە گەمژەیی و بەشێکیش بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندی و بەشێکیش ترسنۆکی و دەستگرتن بەکڵاوەکەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی سەرۆک وەک خودا ھەڵسوکەوت بکات و ھەرچی ویست ئەوە بکات و حاشیەکەشی سودمەند دەبن لەو داھاتەی ھی ھەموانە نەک ئەوان.

 بەڵام بەتەنیشت ئەمانەوە وڵات دوادەکەوێت و ژیانی ھەزاران کەس دەکەوێتە مەترسی و ڕەخنەگرەکان قڕدەکرێن و زیندانەکان پڕ ئەکرێن لە مرۆڤی مەرد و زاناکان بە ناچاری وڵات جێ دەھێڵن و نەزانەکان دەبنە جێگرەوە ئەمە چیرۆکی وڵاتانی دواکەوتووە لە کاتێکدا وڵاتانی پێشکەوتوو و خەڵکی ھۆشیار ھەمیشە بونەتە مەترسی لەسەر سەرۆکەکان و بەم ھۆیەشەوە تەواوی دەسەڵاتەکان بونەتە بەشێک لە خۆشگوزەرانی و ئەو ڕۆژەی سەرۆک دێت دەزانێت کەی دەڕوا، ناتوانێ میزاجی بکاتە یاسا و ھەرچی ویست ئەوە بکات و بە مرۆڤی دەمێنێتە و وەک مرۆڤ مامەڵە دەکات و وەک مرۆڤیش دەروات و وڵات دوای خۆی نابێتە وێرانە.

 دەبێت ھەموان بگەینە ئەو بڕوایەی کە سەرۆکەکان ئەوە نین کە خۆیان دەیزانن وبەرچاویان ڕوونبێ کە ئەوان خودا نین بەڵکو تەنھا کەسی یەکەمن و ئەوەندەش ڕێزیان دەگیرێ کە ڕاستگۆبن لەگەڵ خۆیان و خەڵک و دروشمەکانیان، دەبێت بزانن شایەنی ئەوەن ڕاستبکرێنەوە و بچنە بەردەم دادگا و زیندانیش ببینن، دەبێت بزانن سەرۆک بە واتای ئەوە نییە کە ھەرچی ویست ئەوەبێ و ئەوە ڕووبدات مێژووش بڕیەتی لە چیرۆکی سەرکردەو سەرۆکە پاوەنخوازەکان و کۆتاییە ناشیرینەکانیان.