سەردێڕ:

لەیادی گۆڕاندا، ئیتر لاشەم کەڵکی فریودانی تری پێوە نەماوە!

7/25/2019 7:03:42 PM
16721 جار خوێندراوەتەوە
ئارام ئەحمەد
+ -

ئێجگار سەختە!

جوانترین ساڵەکانی ژیانی گەنجیت بە ڕێبازێک ببەخشیت! کەچی دوایی ھەست بکەی قوربانیەکی فریودراویت.

ئەگەر فریودرایت، ئەگەر دۆڕاندت، نائومێد مەبە، سەرلەنوێ بە ھیواوەو بە دنیایەک تەجروبەوە وەرەوە مەیدان، وەک چۆن نابێ لەسەرکەوتندا لە خۆ بایی بیت، ھەروا لەژێر کەوتن و دۆرانیشدا نابێت بێھیوا ببیت.

مرۆڤ کائینێکە، ئەکرێ بیباتەوە یان بیدۆڕێنێت، ئەکرێ لێرەو لەوێ فریوبخوات و ئاسان ھەڵخەڵەتێنرێت، ئەوەی گرنگە دەرک بە دۆڕان و فریودانەکەی بکات و ھەموو بیری بخاتە کار جارێکیتر دەست بۆ ھەموو ئاگرێک نەبات.

چەند جارێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیمدا فریودراوم، بەڵام لە مەیدانی سیاسیدا تەنھا یەک جار، ئەویش ئەو ١٠ ساڵە پشتیوانیم لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، ئیتر لاشەم توانای ھەڵگرتنی فریودانی تری پێوە نەماوە.

کۆی بزوتنەوەی گۆڕان و دروستبونی فریودەرانە بوو، شەڕی کۆنەقینی پیاوەکانی شاخ بوو، قوربانیەکانی خەڵکە باش و پاکەکە بوو کە لە جەوێکی فریودەرانەدا و لەژێر سێبەری کۆمەڵێ شیعاری درۆزنانەدا، توانیان سەدان ھەزار کەس کە دژی پارتی و یەکێتی بوون ھەڵخڕێنن و بەکاریان بھێنن بۆ دەسکەوتی تایبەت.

بزوتنەوەی گۆران تەنھا یەک بەرھەمی ھەبوو، کۆمەڵێ خەڵک کەلای پارتی ویەکێتی نەیان توانی بوو گیرفانیان فول کەن، لە گردەکەی زەرگەتە و بە ناوی گۆرانەوە فولیان کرد.

دواجاریش کورانی "باوکی ھەژاران"ی کردە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلاری کاش و سەدان ملیۆن دۆلار سامان.

ئەوەی پێی وایە ئەو گۆرانی گردە، دەبێتە فریادرەس یان بازرگانە یان فریوخواردو وەک دە ساڵ فریوخواردنی سەدان ھەزار کەس.

کاک نەوشیروان خۆی مابوو گۆران بێنەتیجە و ئیفلاس و بێ ئاسۆ بوو، دەبێت ئێستا بە کۆمەڵێ ناحاڵی و کۆمەڵێ شەیدای پۆست و پارەوە چی بەرھەم بھێنیت؟

بزوتنەوەیەک ببێتە ھاوئاخوڕی پارتی و لەدیوەخانەکەی مەسروردا ،سینیە چا بگێڕیت، دەبێت ئەو خەڵکە داماوانە کێن بن، ئێستایش ئومێدیان بەو گردە مابێت؟.

لەیادی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەوانەی سەدان ھەزار کەسیان فریودا بۆ مەرامی تایبەت، ڕسوا دەکەین و وەک چۆن تۆڕ لە ماسی نابێتەوە ئاوا لێیان نابینەوە.