سەردێڕ:

زانیاریەک پێویستە ھەمومان بیزانین

5/12/2019 4:24:14 PM
10472 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف شێخ موستەفا
+ -

سەرنجی یاسایی لەسەر مافی تۆمەتبار بۆ ئەوەی پارێزەری ھەبێت:-

مادەی ١٤٤ لە یاسای ڕێوشوێنی (بنەما)دادگەریە سزاییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆڵینەوە پێش ئەوەی ئیجرائات لەگەڵ تۆمەبار بکات و وتەی لێ وەربگرێت پێویستە لەسەری لێی بپرسێت ئایا پێی خۆشە پارێزەری ھەبێت؟ ئەگەر وتی بەڵێ دەمەوێ پارێزەرم ھەبێ پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆڵینەوە ڕێگا بدات پارێزەرەکەی ئامادەبێت، خۆ ئەگەر وتی پارێزەرم ئەوێت بەڵام توانای گرتنی پارێزەرم نیە پێویستە لەسەر دادگا پارێزەرێکی لەسەر خەرجی دادگا بۆدابنێ، وەنابێ وتەی لێ وەربگیرێت تا پارێزەرەکەی ئامادە نەبێت، لەسەر ڕۆشنایی ئەو مادەیە ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕون دەکەینەوە:-

١- ھەر دانپیانانێکی تۆمەتبار بەبێ ئەوەی بەو شێوەیە سەرەوە مامەڵەی لەگەڵ کرابێ وتەکەی لە ڕوی قانونیەوە پوچەڵە و نابێ دادگای تایبەتمەند پشتی پێ ببەستێ وەک بەڵگە بۆ ئیدانەکردنی تۆمەتبار لە قۆناغی دادبینیدا.

٢-ئەگەر تۆمەتبار پارێزەری خۆی واتە کە خۆی یان کەسو کاری بۆیان گرتبوو ھەبوو پێویستە بێ بونی پارێزەرەکەی وتە لە تۆمەتبار وەرنەگرن، تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد وەرگرتنی وتەکەی دوابخرێت تا پارێزەرەکەی ئامادە دەبێت، ئەمە ھەندێ جار لە کاتی ئێشکگریا روئەدات کە تۆمەتبار ئەھێنن و ئەڵێ پارێزەرم ھەیە و دەمەوێ ئامادەبێ، بەڵام لەوکاتەیا ئامادە نیە دادوەر وتەی وەردەگرێ بێ بونی پارێزەرەکەی یان پارێزەرێکی بۆ دادەنێ، ئەوە ڕاست نیە، پێویستە دوابخرێ بۆ ماوەیەکی تر تا ئەو کاتەی پارێزەرەکەی ئامادە دەبێت، وە ئەگەر پێویستی کرد، تۆمەتبار چارەنوسی دیاری بکرێ بە ئازادکردن بە کەفالەت یان بە ڕاگرتن  ودوای بخات بۆ ڕۆژێکی تر، لە ھەندێ دادوەری بەڕێزم بیستوە ئەڵێ چۆن بەبێ وەرگرتنی وتەکەی چارەنوسی تۆمەتبار دیاری بکەم ، لە کاتێکدا کەھیچ پەیوەندی نیە لە نێوان وەرگرتنی وتەو دیاری کردنی چارەنوس.

٣- مافی گرتنی پارێزەر مافێکی پیرۆزو پارێزراوە، تەنانەت ئەگەر لە ساتی وەرگرتنی وتەکەشی وتی پارێزەرم ناوێ، ئەوە ھەر بۆ ئەو ساتەیە واتە دادوەر دەتوانێ وتەی لێ وەربگرێ بێ ئامادەبونی پارێزەرەکەی، بەڵام دوای ئەوە لە ھەرکاتێکی تردا پارێزەری گرت یان کەس وکاری بۆی گرت دەبێ ڕێگا بدرێ بە تۆمەتبارەکە لە قۆناغەکانی لێکۆڵێنەوە ئامادەبێ و تۆمەتبارەکەش ببینێ واتە کاتێک دەڵێ پارێزەرم ناوێت لەکاتی وەرگرتنی وتەکەی نابێ ئەوە بکرێت بە بیانوو بۆ ئەوەی ڕێگا لەئامادە بونی پارێزەرەکەی بگیرێت، واتە کە دەھێنرێتە بەردەم دادوەر ولێی دەپرسێ پارێزەرت دەوێت، ئەویش دەڵێ نامەوێ، ئەمە تەنھا ڕێپێدانە بەوەی کە دادوەر دەتوانێ وتەی لێ وەربگرێت بەبێ ئامادەبونی پارێزەر، نەک ئیتر ئەم وتەیەی تۆمەتبار بەوەی کە پارێزەری ناوێت بکرێت بە بەڵگە بۆ ئەوەی ڕێگا بگیرێت لەوەی پارێزەرەکەی لە قۆناغەکانی تردا ئامادەبێ.

بۆیە ھیوادارم دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر لەسەر بڵاو کردنەوەی ئەم ڕۆشنبیریە یاساییە کاربکەن و ھەموو کەسێکیش فێربکرێ و زانیاری ئەوەی ھەبێ کە ڕوبەڕوی تۆمەتێک بۆوە و ویستیان وتەکەی لێ وەربگرن ھەمیشە بڵێ پارێزەرم دەوێت و ئامادە نیم بەبێ ئامادەبونی پارێزەرەکەم وتەکانم بدەم، باشترە بۆخۆی لەوەی بڵێ پارێزەرم ناوێت، چونکە بەداخەوە ھەندێ کەس دەڵێ من بێ تاوانم بۆ بڵێم پارێزەرم دەوێت دەترسێ ئەگەر بڵێ پارێزەرم دەوێت وەک بەڵگە دژی لێکبدرێتەوە کە ئەگەر ئەو پارێزەر بگرێت وای بۆ حیساب بکەن کە تۆمەتەکەی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا شتی وانیە .