سەردێڕ:

​ ​یاسایی چاکسازی گیرفانیی کێ دەبڕێت؟ دەسەڵاتداران یاخود موچە خۆران..؟

11/20/2019 10:55:11 AM
4478 جار خوێندراوەتەوە
خالید عبدولکەریم
+ -

ئایا  ئەمجارەش حکومەت  دەست بۆ قووتی مامۆستایان و فەرمانبەران دەبات..؟

ڕەشنوسی یەکەمی پڕۆژە یاسایی چاکسازی تاڕادەیەک باش بوو، کۆمەڵێک ڕێو شوێنی تێدا بوو بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی پارە بۆ حکومەت، بەتایبەت لەڕێگەی کەمکردنەوەی موچەی پلە باڵاکان و کۆمەڵێک خەرجی تری زیادەی حکومەت کە گەرایی گەندەڵی داناوە و ھەروەھا دانانیی چەند ڕێو شوێنیک بۆ باجی سەرمایەدارانی ھەڵتۆقیو و چەند پڕۆژەیەکی تری ناشەرعی کە بونەتە سەرچاوەی گەندەڵی و کۆکردنەوەی پارەی مۆڵ بۆ بەرپرسانی حزبی و حکومیی و بڕینی خانەنیشیانی نایاسایی و چەند لایەنی تر، دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا لەپەڕمانەوە، حکومەت بەو یاسایە ڕازی نەبوو و ڕایگرت، کاتێک گۆڕان و پارتی ڕێککەوتنیان کرد، پارتی بەو یاسایە ڕازی بوو چونکە دەیزانی کەی و چۆن چ یاسایەک پەسەند دەکات..! دوای پێکھێنانیی کابینەی نۆ پارتی بۆ سود وەرگرتن لەو کاتەی کە لەلایەن پەرلەمانەوە پێدرابوو و گۆڕانیشی لەبەردەستدایە بۆ پینە کردنی پلانەکانی، دەستکاری یاساکەی کرد و بەکەیفی خۆی چۆنی بیەوێت ئەو یاسایە جێ بەجێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری کە لەماوەکانی ڕابردوودا بڵاومکردەوە لەسەر ژمارەی ئەو خانەنشینانەی لەناوچەی زەرد و سەوزدا ھەن و پرۆژەکە دەیانگرێتەوە، ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ و پێشمەرگە لەپەڕلەمانی کوردستان ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کە لەناوچەی پارتیدا ھەن نزیکەی حەفتا ھەزارن، و لە ناوچەی یەکێتیش نزیکەی سی و ھەشت ھەزار خانەنشینن کە بیست و ھەشت ھەزاریان سەر بەیەکێتین و ئەوانی تریش سەر بەحزبەکانی دیکەن، بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو خانەنشیانە لەبارودۆخێکی جیاوازتردا خانەنیشین کراون و گەر بخرێنە بەردەم یاسایی خانەنشینی ستانداردەوە پێدەچێت کێشە لەدۆسیەی زۆربەیاندا ھەبێت، بەتایبەت زۆربەی ئەو خانەنیشیانە سەر بەو حزبانەن و پیشەی فەرمی و دەوامی حکومییان نەبووە.

پارتی شارەزایانە ئەو ماوەیەی کە لەبەردەستیدا بوو، سەرجەم ئەوانەی کە سەربەوبوون گرفتی دۆسیە و مامەڵە یاساکەیانی چارەسەر کرد، یەکێتیش کاتێک ناڕازی بوو لەیاساکە دەیویست زەمانەتێک بۆ ئەو خانەنیشیانەی وەربگرێت بەتایبەتی ئەوانەی کە کێشە لەدۆسیەکەیاندا ھەبوو، کەواتە ئێستا ھیچ گرفتێک لە خانەنشینی نایاساییدا نەماون چونکە لەبنەمادا ھەمویان کراون بەیاسایی، پێشتر و تا ئێستا  سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات سەدان ملیۆن دۆلار لەڕێگەی بڕینی موچەی خانەنشینانی نایاسییەوە بۆ خەزێنەی حکومەت بەیاسایی چاکسازی دەگەڕێیننەوە، بەڵام ئێستا کە خانەنشینی نایاسایی نەماوە یان ڕوونتر بوترێت پینەیان بۆ دۆزیەوە موچەی کێ دەبڕدرێت..

حکومەت گیرفانیی چینێکی تر بۆ ڕازی کردنی چینێکی تر دەبڕێت..!

کاتێک حکومەت بڕیاری بەھەمھیشەی کردنی مامۆستایانی گرێبەست دەرکرد، موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی بڕوانامەیان بەپێی یاسایی خزمەت بۆ دەبەسترێت و بەمەش بودجەیەکی زیاتری لەوەی پێشوو بۆیان دانراوبوو پێویستە، دەبێ حکومەت بیر لەشتێکی تر بکاتەوە..! گەڕانەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتی قاچاخ نیە، لێسەندنەوەی ئەو پارەیە نیە کە وەبەرھێنەرانی ھەڵتۆقیۆ لەبانکەکانەوە بەقەرز بردویانە، وەرگرتنەوەی قەرزە زەبەلاحەکانی سەر سەرمایەدارانی حزب نیە...ھتد بەڵکو بڕینی گیرفانی چینێکی ترە

لەڕاگەیەنراوێک سەرکۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە ، لەژێر میکانیزمی یاسایی چاکسازیدا حکومەت پاشەکەوتی موچە دەگەڕێنێتەوە.

ئەو پەڕلەمانتارە ئاشکراشی کردوە، حکومەت ئەمجارەش دەیەوێت سزای بەکۆمەڵی موچەخۆرانی ھەرێم بدات و بەپێی زانیاریەکانی ئەو دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ و تەندروستی و لێکۆلەری داد و ژمیریاران و وردبینکاران و فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا ..تد دەبڕێت.

سەرۆک ئازاد باسی لەوەش کردوە، لەکۆبونەوەی نێوان ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا، سەرۆکی یەکێک لەفراکسیۆنەکان وتویەتی " با مووچەی سەد ھەزار کەس ببڕێیت کێشە چیە ھیچ نابێیت با عاجز بن".

ئێستا جارێکی تر قوتی موچە خۆران لەبەردەم ھەڕەشەیەکی جدی حکومەتی ھەرێمدایە، پێشتر پێشینەی خراپی بەپاساوی قەیرانی ئابوری و دەیان بیانوی تر بۆ بڕینی قوتی خەڵکی ھەیە، لەبارودۆخی گرژی عێراق و ناوچەکەدا کە بەھۆی ناعەدالەتی و کەمکردنەوەی موچە و گرانی بازاڕ و دەیان کێشەی ژیانی و سیاسی ھاوشێوەی ھەرێمەوە ھەیە پێناچێت حکومەتی ھەرێم لە دەستبردن بۆ تێکدانی موقەدەراتی خەڵکی ھەبێت بەو ھەنگاوانەی دا وادیارە ئەو دۆخە بەھەل دەزانێت بەتایبەتی دۆخی عێراق، بەڵام پێناچێت ئەمجارەیان حکومەتی ھەرێم گەر بێتو لەسیاسەتی موچە بڕین و سەپاندنی باجی زۆرەملی و بەردەوام بیت لەپینەوپەڕۆکردنی گەندەڵی، لەمەزەنەکردنی واقیعەکەدا سەرکەوتوو بێت..!