سەردێڕ:

باجی قسەکردن

6/5/2019 1:50:39 PM
2818 جار خوێندراوەتەوە
ئازاد کەریم
+ -

ساڵی ٢٠٠٩، کاتێک بزوتنەوەی تاڵیبان لە دۆڵی سواتی پاکستان لەوپەڕی ھێزی خۆیدا بوو و کۆمەڵێک فەرمان و یاسای توندی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا دەرکردبوو کە یەکێک لەوانە ڕێگریکردن بوو لە کچان لە چوون بۆ قوتابخانە، ئەوکات مەلالا یوسفزا تەمەنی تەنھا نۆ ساڵ بوو، بە ئاشکرا دژایەتی ئەم بزوتنەوەی ئەکرد، تا ئەو ئاستەی لە سەر سایتێکی ئەنتەرنێت نوسی بووی (بزوتنەوەی تاڵیبان چۆن جورئەت ئەکات ڕێگە لە خوێندنی من بگرێت!). بەدڵنیاییەوە ھەموو ئەوانەی ئەوکاتە مەلالای بچوکیان ناسیوە سەرزەنشتیان کردووە کچێکی بچوکی وەک ئەو چۆن ئەتوانێت بەرامبەر بزوتنەوەیەکی چەکدار و توندوتیژی وەک تاڵیبان بێتەوە و ئامۆژگاریان کردووە باشتر وایە بێدەنگ بێت.

بەڵام مەلالا بێدەنگ نەبوو، تا ڕۆژێک لە ناو پاسی قوتابخانەکەیان بەرەو ماڵ ئەگەڕێتەوە، چەکدارێکی تاڵیبان سەرئەکەوێتە ناو پاسەکە و پرسیار ئەکات (مەلالا کامەیە؟)، ئەویش بۆ خۆی ئازایانە ھەڵئەستێتە سەر پێ و ئەڵێت من مەلالام، چەکدارەکە ڕاستەوخۆ فیشەکێک بە ئاراستەی سەری مەلالا ئەتەقێنێت و بێھۆشی ئەکات، تا ئەو ئاستەی لە مردن نزیک ئەبێتەوە.

بەڵام خۆشبەختانە مەلالا ھەتا ئەمڕۆش زیندووە و ئێستا کتێبەکانی زۆرترین فرۆشیان ھەیە لە جیھاندا و ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت.

تەقەکردن لە روخساری، وایکرد دەنگی زیاتر لە جاران ببیسترێت و بوێریی زیاتر بێت. رەنگە نەک ھیچ کەسێکی دەوروبەری تەنانەت خۆشی نەیزانی بێت، ئەم قسەکردن و بێدەنگنەبونەی ڕۆژێک چ سەرکەوتنێکی گەورەی دەبێت.

زۆر ئاسان بوو، ئەویش وەک ئەو ھەزاران قوتابیەی تری ناوچەکەیان بێدەنگ بوایە و بە (عاقڵی) بچوایەتەوە ماڵەوە، بەڵام مەلالا بێدەنگ نەبوو، لەگەڵ ئەوەی باجی بێدەنگ نەبونەکەشی زۆر بە قورسی دا، بەڵام دواجار توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت.

لەو وڵات و ناوچانەی کە سیستمێکی دیکتاتۆر و میلیشیایی حوکم ئەکەن، وەک چۆن باج ئەخەنە سەر ھەموو کەلوپەل و پێداویستیەکی خەڵک و داھاتەکەی بۆ گیرفانی خۆیان ئەبەن، ئاوا باجیش ئەخەنە سەر تەنانەت قسەکردن و ھەندێکجار باجەکەی تا مردنیش ئەڕوات. مەلالا فێری کردین باجی بێدەنگ نەبون بەرامبەر ستەم و نادادی دەسەڵات قورسە،‌ بەڵام ھەندێکجار ئەنجامەکەی زۆر گەورەتر لەوەیە کە چاوەڕێی ئەکەین. ٭ بۆ بەشێکی ئەم نوسینە سود لە کتێبەکەی مارک مانسون (ھونەری گوێپێنەدان) وەرگیراوە.