سەردێڕ:

گرفتەکە فەرهادە، یاخود دەسەڵات؟

7/14/2019 3:05:47 PM
5453 جار خوێندراوەتەوە
ئیحسان محەمەد
+ -

لە یاداشتەکانی فەرماندەیەکی ئەمریکیدا نووسراوە: بەپێی یاساکانی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئێمە نەماندەتوانی ڕاستەوخۆ دەستمان لە کوشتنی سەرکردەی هیچ ولاتێکدا هەبێت، بۆ نموونە کەسێکی وەکو سەدام حوسەین، بۆیە هاوکاریی کوردەکان و جەلال تاڵەبانیمان دەکرد کە خۆیان لەناوی ببەن.

 دەسەڵاتی کوردییش ئەم سیاسەتە زۆر بەکار دەهێنن، ئاشکرایە خۆیان ناتوانن ڕاستەوخۆ کتێب بسووتێنن، بەڵام زەمینەی سووتاندن ئەسازێنن، فەزایەک ئەسازێنن کە خودی نووسەر کتێبەکەی خۆی بسووتێنێت، لەناو کورداندا ترسی دەسەڵات لە کتێب، لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە هەبووە و هەیە. ئەم ترسەش لە هەر بابەتێکدا بوونی هەبێت، هەوڵی شکاندنی ئایکۆنەکانی ئەو بابەتە ئەدرێت، چونکە کە ئایکۆنەکەت عەیبدار کرد، خودی بابەتەکە دەبێتە وەهم و بەتاڵ دەبێتەوە.

 ئەم سیاسەتە لە فەزا سیاسییەکەشدا زۆر بەکار هاتووە، کاتێک ترس لە بزوووتنەوەیەک درووست بووە، هەوڵی شکاندنی ئایکۆن و کەسە یەکەمینەکانی ئەو بزووتنەوەیە دراوە، تەنانەت دەستیان لە ئایکۆنە ئایینیەکانیش نەپاراستووە، بە درووستکردنی کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسایەتییە ئاینییەکان خودی ئەو پەیامەیان پووچەڵ کردووەتەوە کە هەڵگری بوون.

 ئەمڕۆش نووسەرێکی وەکو فەرهاد پیرباڵ، کە خاوەنی دەیان بەرهەمی ڕۆمان و نووسین و چالاکیی مەدەنییە بۆ وەستانەوە لە دژی نادادی و زوڵم، خۆی دەکرێتە کەرەستەیەک بۆ شکاندنی ئەو مێژووەی بونیادی ناوە، دەکرێتە لاستیکێک بۆ کوژاندنەوەی ئەو دێڕانەی نووسیویەتی، جێگای داخە کەس باسی ئەو کەسانە ناکات ساحەیەکی وایان بۆ فەرهاد سازاندووە لەناویدا ببێتە ئەمە، لادانی فەرهاد پیرباڵ لە بەها یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان، ئەو خاڵەیە کە دەسەڵات کاری بۆ دەکات، فەرهادەکان زۆرن، ئەوانەی خۆیان دەکرێنە ئەو بۆمبەی تەلاری ورە و بەرگری لە بەردەم دەسەڵاتدا دەڕووخێنێت.