سەردێڕ:

دابڕان یا دوابڕاو

1/20/2019 2:57:32 PM
3615 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

مەلابەختیار دوای ٤ ساڵ دیسانەوە خەتە سورەکانی قورئان و خوا و پێغەمبەری بە دەوری پڕۆژەکەی دابڕاندا تۆخکردەوە. لە کوردەواریدا بە شتێکی باش کە کاری خراپ دەکا و ئیتر خاوەنەکەی زۆر بێزاردەکا کە نەبونی پێ باشتربێ، ھاواری "دواتبڕێ"ی بەسەردا دەکرێ. ئەم پڕۆژەیەش بەم سەرۆکەیەوە بوەتە ئەو شتەی دوای ببڕێ باشترە لەم ھەموو بە پێرۆزکردنەی بۆ دین و شەریعەتی ئیسلام دەیکا.

ئەو کات وتمان "پڕۆژەی “دابڕان “بەم سوێندخواردن بە خەتی سوری قورئان لەگەڵ لەدایک بوونیدا توشی ئیفلیجی کرا . پڕۆژەی “دابڕان” بەم خەتە سوورانەوە، نەزمانی ڕەخنەگرتنی لەبەرنامەی ئیسلام ھەیە و نەدەستی کاردەکا بۆ گۆڕینی ھیچ کام لەو شەریعەت و سونەتانەی ئیسلام." 

"پرسیارێک کە دەبێ ھەربەشداربویەکی ئەو کۆنفرانسە و ئەو پڕۆژەیە لە مەلابەختیاری بکات ئەوەیە کە چۆن بە خستنەدەرەوەی “قورئان ” وەک بنەمای شەریعەت و ئیسلام لەبازنەی ڕەخنەگرتنی ئەقڵانی دەتوانین لە ھەژمونی دەقە سەپێنراوەکان ڕزگارمان بێت ؟ ئایا قورئان و ئەو دەقانە چ جیاوازیەکیان ھەیە،کەوا دەکات قورئان خەتی سوور بێت و ئەو دەقانە خەتی سەوز بن؟ ئەمە چ جۆرە سیحرێکە کە کە بەرپەرچی توندڕەوایەتی سەلەفی دەبیتەوە بەبێ ئەوەی توخنی ڕەخنە لە دەقە سەلەفیەکانی شەریعەت و سونەتەکانی ئیسلام بکەویت؟ ئایا دژایەتی کۆنەپەرستی و باوکسالاری بەبێ ھەڵوەشانەوەی یاسای چوارژنە و لێدانی ژنان و مناڵان و بەخەتی سوور دانانی ئەم یاسا شەرعیانە چۆن دەکرێ؟

ئاشکرایە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای بەرپرسی “دابڕان” بە پیرۆزڕاگرتنی ئەو خەتە سورانەیە."

"سەرچاوەی ئەم پاشەکشە و پەشیمان بونەوەیەی مەلابەختیار لەپەیامەکەی کۆنفرانسی “دابڕان” پێگە و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ناچاری دەکا بەپێچەوانەی پەیامەکەی کۆنفرانسەکەیەوە بڵێ"خودا و پێغەمبەر و قورئان لای ئێمە ھێڵی سورن"."ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو ڕوناکبیرانەی کە خەونی بوونە پاڵەوانی ڕۆشنگەری ھاوچەرخ دەبینن لەڕێگەی بەکارھێنانی پشتیوانی مادی و مرۆیی ومەعنەوی دەسەڵاتێکەوە کە لە چارەکە سەدەیەکی فەرمانڕەوایەتیدا ئیسلامی کردۆتە بنەمای یاسادانان و پەروەردە ، وە کۆنەپەرستی سەلەفی دژ بە ڕوخساری مەدەنیەت و ماف و ئازادیە مەدەنی و ئینسانیەکان بەکارھێناوە ."*

مەلابەختیار وەک کارگێڕی حزبێک کە وەک خۆی دەڵێ" ڕۆژانە بەرمیلە نەوتی خەڵکی کەرکوک و کوردستان دەدزن" و "پارەی دزی لە ژێرزەمینەکانیاندا دەشارنەوە" و خەڵکی کرێکار و فەرمابنەر و مامۆستا و خانەنشین و ھەژاریش موچەیان دەبڕێ و کارەبا و سوتەمەنیان نیە، بێگومان دەبێ ڕەخنەگرتن لە ئاین و ھەر بیروڕایەکی دواکەوتوانەش بەخەتی سوور دابنێ تاکو بتوانێ خەڵکی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی دواکەتوانەی میلیشییایی یەکێتی و پارتیدا بھێڵێتەوە.ئەم خەتە سورانە بۆ ڕیگری کردن لە دروستبونی بزوتنەوەیەکە کە ڕەخنەی ڕیشەیی لە ھەموو دواکەتوییە فکرییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بگرێ کە بنەمای مانەوەی سیستەمی دزی و ڕاوڕوتەی حزبەکەی و سەرمایەدارانی کوردە.

مەلابەختیار پاڵەوانی" ڕۆشنگەری و عەلمانی"، کارگێری حزبێکە کە لە سێ دەیەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا فرەژنی ژیاندۆتەوە و کردویەتیە یاسا، دیوەخانی بۆ سەرۆک عەشیرەت و شێخەکان داناوەتەوە و مەلا و بانگخواز و سەلەفی و دەروێشی پەروەردەکردوە. بیگومان پیرۆزڕاگرتنی ئاین و شەریعەتی ئیسلامی بنەمایەکی دروستکردنی سوپایەکی فکری و کادری میلیشیاییە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی وەک یەکێتی و پارتی.

سەرەڕای ھەموو ئەمانەش مەلابەختیارکارگێڕی حزبێکە کە بۆھەر کارێکی ڕۆژانەی دەستور لە جمھوری ئیسلامی ئێران وەردەگرێ . ئەم حکومەتەی لە نیوسەدەی ڕابردودا سەرچاوەی سەرەکی توندوتیژی و توندڕەوی ئیسلامی بوە لە ناوچەکە. ھەربۆیە پەیامی ھەر کۆنفرانس و کۆنگرەیەکی "دابڕان"دا دەبێ سوێندخواردن بێت بە سەری پیرۆزیەکانی جمھوری ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلامی.

مەلابەختیار تەنیا لەو پەیامی تازەگەریەیدا ڕاستگۆیە کە سەرچاوەی توندوتیژیەکانی فەرەنسا بە داواکاری خەلکە ھێلەک زەردە کەمدەرامەتەکان دەزانێ! لێرەدایە لە سەرکردەی حزبێکی سۆشیال عەشایەرەوە دەبێتە ڕاوێژکاری ماکرۆن و بڕیاری حکومەتی فەرەنسا بۆ ھەژارکردنی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت بەڕەوا دەزانێ و ئەم بڕیار و ھێزبەکارھێنانەی حکومەتی بورژوازی بە تاوانبار نازانێ و ئەو خۆپیشاندەرانە بەتوندوتیژ و تێکدەر تاوانابردەکا کە پارێزگاری لە ژیان و گوزەرانیان دەکەن. بێگومان ئەمە ھەمان ھەڵوێستە کە ئەم کارگێڕە لە کوردستان و ناوچەی سلێمانی دژی خۆپیشاندەران لەم سێ دەیەی حکومڕانی دیموکراسیاندا ھەیان بوە. ئەو دیموکراسیەی "بەیەک کورسیشەوە یەکێتی ھەر حاکمە چونکە میلیشیای ھەیە".!

پێویستە بۆ ھەرکەسێکی ئازادیخواز و ڕەخنەگری کۆنەپەرستی ئاینی ڕۆشن بێت کە پاڵەوانێکی لەم چەشنە ناتوانێ ھیچ بەردێک بخاتە سەر بەردی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنگەر و ئازاد و ھەر چەپڵەلێدانێک بۆ پەیامی خەتە سورەکانی ئازادی ڕەخنەگرتن بردنە دواوەی ئەو بزوتنەوە ڕەخنەگرانە ڕۆشنگەری و سێکۆلاریستیەیە کە لەدوای شەڕی داعشەوە دژ بە دواکەتویی دینی لە کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ناسیونالیستی و ئیسلامی سەریھەڵداوە.

ئەم ھەلومەرجە دژوارە ئابوری و سیاسیەی دەسەلاتدارانی کۆنەپەرست لە ناوچەکەدا بەسەر ژیان و خەباتی خەلکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکەدا سەپاندویانە پیویستی بەو دروشمەی مارکسە کە "“ڕەخنەی ئایین، بنەڕەتی ھەر ڕەخنەیەکی دیکەیە”. ئەگەر لای سەرمایەداران و حزبەکانیان ڕەخنەی دین خەتی سورە و بەمە سیستەمی پیرۆزی ئێستای سەرمایەداری بەھەموو گەندەڵی و دواکەتویەکەوە دەپارێزن، ئەوا بۆ کرێکار و ئازادیخوازێک کە پێویستی بە گۆڕینی ئەم سیستەمە ھەیە ، ڕەخنەگرتن لەم پیرۆزییانە بەشێک لە خەباتێکە بۆ نەھێشتنی پیرۆزی ئەم کۆیلایەتیە فکریە.