سەردێڕ:

بۆچی لای کرێکار حزب میتافۆرە؟

1/13/2019 11:35:41 PM
3408 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -


حزبی کرێکاری لە میتافۆرێکی ئەفسانەیی دەچێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەرمایەداری. چینی کرێکار دەیەوێ خۆی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمێک ڕزگاربکا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام ئەم چینە بۆ ئەوەی ئەم کارەبکا دەبێ ئامڕازەکانی خەباتی لەسەر شێوەی دەزگاکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دروست بکا. دروستکردنی حزبی کرێکاران و دروستکردنی دەوڵەتی کرێکاری خۆیان پێچەوانەی ئامانجی سڕینەوەی کۆمەڵگە و دامودەزگای چینایەتین، ھەربۆیە لەڕاستیدا حزبی کرێکاری و حکومەتی کرێکاری ئامانجی کریکاران نین و ئەمانە پیرۆزیەکانی ئەم چینە نیە و مانای واقعی خۆیان نابەخشن. حزب و دەوڵەتی کرێکاری میتافۆریکن)مەجازی) لە حزب و دەوڵەتی بورژوازی ،کە مانا و ناوەرۆکی جیاوازیان ھەیە لەوەی کە لە ڕوناکبیری و کەلتوری کۆمەڵگەی بورژوازیدا ڕەواجی ھەیە. لێرەدا ھەوڵدەدەین جیاوازیەکانی نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بورژوازی و پەیوەندی حزب و چین لە ڕوانگەی چینی کرێکارەوە باس بکەین.

ئێمە بۆ سادەکردنەوەی باسەکە لەسەرەتادا ئەم حزبە لە پرۆسە مێژوویەکەی دەردەھێنین کە لە خەباتی چینایەتیدا چ ئاڵوگۆڕیکی بەسەردێت و لەبەشی دواتردا باسی ئەو نمونە مێژوویانە دەکەین ، وە لێرەدا بەشیوەیەکی گشتی دیدگا و جیھانبینی کۆمۆنیستی بۆ حزب دەخەینەڕوو.

لەبەشەکانی پێشودا باسمان لەوەکرد کە کۆمۆنیزم و حزب پاشکۆی خەباتی چینایەتی کرێکارن. پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکاریش لە نێودڵی ئەم خەباتەدا شکڵ دەگرێ. دیدگا و جیھانبینی کۆمۆنیستی بۆ ئەم پەیوەندیە لە ڕیگەی بەشداری کۆمۆنیستەکان لە خەباتێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ئەم چینەدا و ھەوڵی بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا ساغ دەبێتەوە و ھەژمونی پەیدادەکا. بەڵام جیاوازی ھەیە لەنێوان چۆنیەتی و ڕیگەی ھەژمونی پەیداکردنی دیدگای کۆمۆنیستی و حزبێکی کۆمۆنیستی لە نێو چینی کرێکاردا لەچاو ھەژمونی پەیداکردنی دیدگا و حزبێکی بورژوازی لە نێو چینی بورژوازی و لە کۆمەڵگەدا. ھەربۆیە زانست و سونەت و یاساکانی کاری حزبی بورژوازی جیاوازە لەو یاسا و ڕێسایانەی لەکاری حزبی کۆمۆنیستدا کاردەکا.

شێوازی بەھەمھێنانی سەرمایەداری لەسەربونی چینی کریکار ڕادەوەستێ و سەرمایە لەسەر بەدەستھێنانی زێدەبایی لە ھێزی کاری ئەوانەوە توانای مانەوەی ھەیە. ھەروەھا بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە شێوازی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی دەدا بەم چینە کە کرێکاران بەھۆی ئەم جێگاوڕیگایە وە توانای شۆڕشی کۆمەڵایەتیان ھەیە. تایبەتمەندی ئەم شۆڕشەی کرێکارانیش لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چینێک کە زۆرینەی کۆمەڵگەیە موڵکایەتی ھەرەوەزی دەکاتەوە ، بەپێچەوانەی شۆڕشی چینە کەمایەتیەکانی تری وەک دەرەبەگ و بورژواکان کە موڵکایەتی تایبەتیان لەدەستێکەوە دەدایە دەستەکەی تری کەمایەتیەکی کۆمەڵگە. ئەم موڵکایەتیە ھەرەوەزیەی کرێکاران سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و خودی سروشتی مرۆڤیش دەگۆڕێت . گرامشی دەڵێ” بنەمایەک کە مارکس پێشکەشی زانستی سیاسی و زانستی مێژووی کردوە ئەوەیە کە نیشانی دەدا “سروشتی مرۆڤ”ی دابڕاو و ئەبستراکت و جێگیر و نەگۆڕ نیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤ خۆی گشتگیری ئەو چارەنوس و دیتێرمینە مێژووییەیە کە پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان ھەیانە”. چینی کرێکار لە ڕیگەی گۆڕینی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداریەوە واتە لە ڕیگەی کۆتایی ھێنان بە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارانەوە، سروشتی چینایەتی مرۆڤ دەگۆڕێ. ” ئەمە تێگەیشتنە لە” زانستی سیاسەت، بە ھەردوو شێوەی ناوەرۆکی کۆنکرێتی و فۆرمۆلەی لۆجیکی، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی سیاسەت دەبێ وەک گەشەیەکی ئۆرگانیکی ببینرێ*١”.

ئەم گەشە ئۆرگانیکەی سیاسەت لای چینی کرێکار ،واتە دروستبونی وشیاری چینایەتی کرێکاران بەدەوری مێژوویی خۆیان، لە پرۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا دروست دەبێ و لەسەرەتادا لای گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار دەچێتە قاڵبی تیۆریەوە و دواتر لە خەباتی ڕۆژانە وئابوری پەرژوبڵاوەوە دەبێتە جوڵانەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینەکە دروست دەبێ و لە حزبدا فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ.

حزب لای چینی کرێکار وەک وتمان بەرھەمی پرۆسەیەک لە خەباتی چینایەتی بوە. سەرەتا ئەم چینە لە حزبدا بەدوای دروستکردنی ئەو ئامڕازەوەیە کە سەرجەم ھێزی ئەم چینە یەکگرتوو بکات . ھەروەک لە سەدەی ١٩ەوە دروشمی"ھێزی چینی کرێکار لە ڕیکخرابونیدایە" بوەتە وشیاریەکی گشتی و بەرامبەر بە چینی بورژوازی ڕیکخراو لە دەزگای دەوڵەتی و سیاسی و ئابوری جیاوازدا ،کرێکارانیش خۆیان لە یەکێتی و سەندیکای کرێکاری و حزب و دەستەی جیاوازدا ڕیک خستوە. حزب لەم سەردەمەدا مانای ڕێکخراوێک کە چینێک ڕیک بخا نەک گروپێکی تایبەت و کەسانی سەر بە بەرنامەیەکی تایبەت. نمونەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم ئەم واقعیەتە نیشان دەدا.

فەلسەفەی پشتی ئەوەی حزب بریتی نەبێ تەنیا لە بەشێک و بەرنامەیەک ، بریتی بوە لەوەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی گروپێک نایکا بەڵکو بەرئەنجامی ئامادەیی چینێکە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمی کۆمۆنیستی. حزب دەبێ لەلایەن چینی کرێکارەوە بوبێتە ئەو ئامڕازە کە دەتوانێ ئەم کارەی پێ ئەنجام بدا، واتە بتوانێ بورژوازی و دەوڵەتەکەی لەسەر کارلابەرێت و موڵکایەتی لەسەرمایەداران بسەنێتەوە و سیستەمی موڵکایەتی ھەرەوەزی و دەسەڵاتی شورایی کە لە خوارەوە دامەزراوە بخاتە جێگای دەزگای بیرۆکراتی دەوڵەت کە لەسەرەوە سەپێنراوە. کەواتە حزب دەبێ نەک تاڕادەیەکی پێویست ڕەزامەندی چینی کرێکاری لەپشت سەر بێت بەڵکو دەبێ بەشی چالاک و سیاسی ئەم چینەی یەکگرتوو کردبێ و لە حزبدا و لە ڕیکخراوە جەماوەریەکاندا ڕێکی خستبێ. ھەر جۆرە سیکتاریزم و جیاکردنەوەیەکی ناو کرێکاران بەناوی کۆمۆنیستەکان ، سەندیکالیستەکان ، ئانارکیستەکان و ھتد دەبێ وەک ڕێگریەک و کێشەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەیربکرێ کە دەبێ چارەسەربکرێ نەک گروپێک لەمانە بەناوی چینی کرێکارەوە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار و باقیەکەی بە دوژمنانی چینی کرێکار لەقەڵەم بدەن و بەم شێوەیە ببنە مایەی تێکدانی ئامانجی سەرەکی ،کە ڕیکخراوکردنی چینی کرێکارە تا بتوانێ شۆڕش بکا و دەسەڵات بگرێ و کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە دروست بکا. لێرەوە مانای ئەندامەتی لەحزبدا دەگۆڕێ و ھەموو کریکارێک دەتوانێ و پێویستە لە حزبی خۆیدا ڕیکخراو و ئازاد بێت. دیسپلینی حزبی بریتی نیە لە پابەندبونی خوارەوە بەسەرەوە لەم ڕیکخراوەدا بەلکو بریتیە لە توانای خوارەوە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە بڕیارەکانی سەرەوە بە بڕیاری خۆی بزانێ و توانای گۆڕینی ئەم بڕیارانەی ھەبێ ئەگەر لەگەڵ خواستەکانی ئەم چینەدا نەھاتەوە. "سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو ھێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەھێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و ھەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی."*٢

دروستکردنی حزب و گرنگی حزب لای کرێکاران وەک بورژوازی بۆ دروستکردنی دەسەلاتی کەمایەتی نیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە کە پرۆسەی چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنوسی ھەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و ھاوپشتی چینایەتی نێوان ھەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری ھەرەوەزی و پێکەوەیی ھەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. ھیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرھەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. بەپێچەوانەوە کرێکاران لەنێویەکدا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوبون و نەھێشتنی ناکۆکیەکاندایە کە ڕیگەیان لێدەگرێ وەک ھێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربونی چینێکە بە ھەموو پێکھاتە و بەشەکانی و دابەش بونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا ھیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەھۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی ھەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن. "مانیفیستی کۆمۆنیست" ھەمووی جەختکردنەوە لەسەر ئەم فەلسەفەیەیە کە کرێکاران خۆیان وەک چینێک بە ھۆی جێگای لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەتوانن ئەم سیستەمە بگۆڕن. ئەمە بنەمای دروستکردنی حزبە لای مارکس کە لە ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا پەیڕەوی لێکرد.

لەھەر ھەنگاوێکدا حزب دەچێتە پێش و گەورە دەبێ و جەماوەری دەبێ دەسەلاتی نوخبەی سەرەوە کەمتر دەبێتەوە و پێویستی بە گۆڕینی شێوازەکانی ڕیکخستن و بەڕیوەبردن لە حزبدا دەبێتە پیویستیەک. ئەمە تەنیا بە ھەڵبژاردنی پلەوپۆستەکان و " سەنترالیزمی دیموکراتیک" بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە ھەموو کرێکارێکی سادە دەتوانێ تیایدا بەشداری بڕیارەکان بکات و بڕیارەکان لای گروپێک کۆنابێتەوە کە ساڵی یان چەند ساڵ جارێک وەک سیستەمی پەرلەمانی ھەڵدەبژێردرێن و تا ئەبەد لە پۆستە "ڕابەریەکانیاندا" دەمێننەوە. دابەشکردنی کار لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا سادە و ئاسان دەکرێ تا ھەر کریکارێک بتوانێ ھەر بەرپرسیاریەتیەک بگرێتەخۆ. ئەگەر بورژوازی حزب لەسەر بنەمای مەڵبەندەکانی دەنگدانی پەرلەمانی ڕیک دەخا ، کرێکاران ڕیکخستنەکانی لەسەر بنەمای شوێنی ژیان و کارەوە دەبێ، کە بنکەی خەباتی ھەمەلایەنەن دژی بورژوازی. حزبی کرێکاری لە ھەموو ھەنگاوێکیدا بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حزبی و خەباتی جەماوەری لادەبا و بەم شێوەیە ھەمیشە لە ڕیکخراوەیەکی تایبەتی پیشەییەوە بەرەو ڕیکخراوێکی جەماوەری ھەموو چینەکە دەچێ و ڕیگە لە ھەموو ھەنگاو و سیاسەتێک دەگرێ کە حزب بکاتە سێکت و کۆمەڵێک فەرمانبەری بیرۆکرات کە ئیدارەی حزبێک بکەن کە خۆی بخاتە جێگای چینەکە. ئەم ئەو جیاوازیە سەرەکیەیە کە حزبی کرێکاری لە حزبی بورژوازی ھەیەتی.

حزبی کرێکاری نابێ و ناتوانێ وەک حزبی نوخبە و کۆمۆنیستەکان بمێنێتەوە. حزب وەک ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی ئایندە دروست دەبێ. ھەربۆیە کار و بەرنامە و سیاسەتەکانی حزب و شێوازی کارکردن و پەیکەرەی ڕیکخستن تیایدا ڕۆحی ھەنگاو و کارەکانی دەوڵەت و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەی نوێ و شێوازی حکومەتکردن و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەمان لە ئایندەدا نیشان دەدا. بۆیە ھەر حزبێک وینەیەکمان لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابوری ئایندە نیشان دەدا. حزبی کریکاری ناتوانێ بەھەمان شیوازی حزبە بورژوازیەکان ڕیکبخرێ و سیاسەت بکا و بەرنامە بۆ دەوڵەت و ئابوری دابنێ. حزبی کرێکاری ڕۆحی دەوڵەتێکی کرێکاریە کە دەیەوێ سیاسەت وەک دابەشکردنی کارێک نەھێڵێ و ھەموو کۆمەڵگە و ھاوڵاتیان بەشداری بکەن لە دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژی و بەرنامە و کارەکانی دەوڵەتدا. ھەربۆیە حزب لە فەلسەفەی وجودی خۆیدا کاردەکا کە کۆمەڵگە بگاتە ئاستێک پێویستی بە حزب نەمێنێ و دوای شکاندنی بەرگری بورژوازی لەپێناو گێڕانەوەی دەسەڵاتدا بگاتە ئاستێک کە کۆمەڵگە بەبێ حزب بتوانێ بەڕیوە بچێ. وەک گرامشی دەڵێ " کاتێ حزب بەتەواوەتی دروست دەبێ و کامڵ دەبێ کە ئیتر بونی نامێنێ کە لەباری مێژووییەوە بەسەر دەچێ. ھەر حزبێک ناونانی چینێکە، ئاشکرایە کە حزب کاری کۆتایی ھێنان بە جیاکاری چینەکانە ئەمەش کاتێک بەدەست دێت کە خۆی نامێنێ بەھۆی چینەکانەوە، وە تەعبیرەکەی نامێنێ." *٣.

جیھانبینی کۆمۆنیستی جێگای حزب لای چینی کرێکار وەک ئامڕازێکی کاتی سەیر دەکا کە بۆ کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتدارێتی بورژوازی پێویستە و لەدوای ئەم بەروارەوە پێویستە حزب و دەولەتی کرێکاری لە زوترین کاتدا و وەک بەشێک لەو مێژووی دەسەڵاتی کەمایەتی دەبێ جێگاچۆڵ بکا بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوور لە دەسەلاتی سیاسی و یاسایی و بیرۆکراتی. کۆمەڵگەیەک کە ئازادی دەبێتە ناسینی پێویستیەکانی ھەر تاکێک کە خۆبەخشانە بەشدارە لە بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتیدا.لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نیوان ئینسانەکاندا دروست دەبێ کە پیویستی بەھیچ ناوەندێکی یاسایی و دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە و لیدەری نابێ. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە تیایدا توانایی ئینسان تیایدا لەگەشەیەکی بەردەوامدایە و فەلسەفەی ژیان پێک دێنێ. ھەربۆیە تاکی کرێکار کە دەبێتە ئەندامی حزبی کرێکاری نابێ بەناوی بەرنامە وبڕیارەکانی حزبەوە ئازادی ڕادەربڕین و ھەڵسورانی سیاسی خۆی لەدەست بدا ،بەڵکو دەبێ حزب چوارچیوەیەک بێت کە ھەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و ھەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغبونەوەی بڕیار و ھەنگاوە عەمەلیە ھاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی ھەموو ئەندامان بێت. ھەر کات کرێکاران نەتوانن لە حزبدا چالاکانە کاربکەن ئەوا ئەندامان دەبنە کەسانی پاسیڤی ژێردەستی فەرمانبەرانێکی ئیدارەی حزب کە ئەمە نەخۆشی بیرۆکراتیە،" دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە ھێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی ھێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، ھەرچەند ئەو ھێزانە ھاوئاھەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” *٤

پەیوەندی حزب و چین لای کرێکاران پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە. لەلایەک چینی کرێکار پێویستی  بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی ھەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ . بەڵام لەھەمان کاتدا چینی کرێکار پیویستی بەوەیە کە خودی ئەم حزبە وەک دەزگایەکی چینایەتی لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە بگۆڕێ بۆ ڕیکخراوەیەکی ناچینایەتی کە وەک سان سیمۆن دەڵێ "ئیدارەی شتەکانی کۆمەڵگەی پێ بکا ،نەک بیکاتە فەرمانڕەوا بەسەر ئینسانەکانەوە". ئەم کارە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە دەزگای بیرۆکراتی بورژوازی و سوپاکەی ھەڵوەشینیتەوە،وەک کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر کردیان، وە تەنیا ئەوەندە بەس نیە کە فەرمانبەرانی حکومەتی کرێکاری بە ھێندەی کرێکارێکی شارەزا موچە وەرگرن و دەزگاکانی دەوڵەتی کریکاری ھەم یاسا دەرکەن و ھەم یاساکان بەڕێوەبەرن لە جیاتی  ئەو دابەشکردنەی لە نیوان پەرلەمان و حکومەتی بورژوازیدا ھەیە، بەڵکو دەبێ ئەم ھەنگاوانە سەرەتایەک بن بۆ دروستکردنی سیستەمێک کە لەخوارەوەی کۆمەڵگەدا دەسەلاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بکرێنە کارێکی سانا و ڕۆژانە کە ھەموو تاکێک بتوانێ بەشداری تیایدا بکا، وەک لینین دەڵێ"ھەموو چێشت لێنەرێک بتوانێ حوکمی دەوڵەت بکا". لە سۆشیالیزمدا بەپێی گەشەی تەکنەلۆژی و کۆمینیکەیشن سیستەمی ئیداری پیویستی بە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی نوێنەرایەتی نامێنێ و بەرەبەرە دەسەلاتی سیاسی دەبێ ھەڵوەشینرێتەوە و بەشداری ڕاستەخۆی ھەموو ھاوڵاتیان لە بڕیارەکاندا جێگای ئەم پلەبەندیە سیاسیە بگرێتەوە. حزبی کریکاری دەبێ ئامڕازی ئەم شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بێت بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و حزبدا کە مێژووی کۆمەڵگای چینایەتی دروستی کردون و سیستەمی چینایەتی پێ دەپارێزێ. سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئینسانی ئازاددا ئیتر ئاگاداربونە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زاڵ و زاڵ بونە بەسەر ڕیکخراوەی کۆمەڵایەتیدا و ئەو چالاکیە وشیارانەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکترکە کۆمەڵگەی ئینسانی بەرەو شارستانیەتی ڕاستەقینەی ئینسانی دەبا و لەھەموو پاشماوەکانی مێژووی کۆیلایەتی و چەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی پێشوو پاکی دەکاتەوە.

لەم پێشەکیەوە دەبێ بچینە بەراوردی مێژووی حزبایەتی کرێکاری لەگەڵ ئەم جیھانبینی و بنەمایانەی باوەڕی کۆمۆنیستیدا و بزانین ئەو مۆدیلانەی تا ئێستا ھەبون چ جیاوازیەکی لەم دیدگایانە ھەیە و چۆن ڕەنگدانەوە و ھەژمونی مۆدیلی حزبی بورژوازی بەسەر حزبە کریکاریەکانی دوو سەدەی ڕابردوەوە ھەبوە ، بەتایبەت لەسەر مۆدیلی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیکی قسەدەکەین و دواتریش دیینە سەر مۆدیلی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مێژوویەک کە ئێمە تیایدا کاری حزبی کۆمۆنیستیمان کردوە.



*١* http://www.asokamal.com/index/?p=١٥٩٥

*٢ http://www.asokamal.com/index/?p=١٦٣٥

*٣ Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P١٥١

*٤ http://www.asokamal.com/index/?p=١٦٣٥