سەردێڕ:

داواکاری خەڵکی ھەژاری عێراق و کەڵبە ئیسلامیەکانی عادل عەبدولمھدی

10/4/2019 9:36:58 PM
8554 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

لە ماوەی چەند ڕۆژی خۆپیشاندانی خەڵکی کرێکار و بێکار و ھەژاری عێراقدا دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربون. داخوازی ئەم خۆپیشاندەرانەش ژیانێکی باشتر و کار و شوێنی نیشەجێبون و ئاو و کارەبایە ، ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە دەریایەک گەندەڵی و دەسەڵاتی میلیشیایی شیعەکان و دەستدرێژیەکانی جمھوری ئیسلامی ئێران.
عێراقێک کە چوارەمین وڵاتی دنیایە لە یەدەگی نەوتدا  بەڵام١٠ ملێون خەڵکی  ھەژار ڕۆژانە ژیان بە ٢ دۆلار دەگوزەرێنن. لە ١٧٪ خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی بێکارن. 
ھەرچی سامان و داھاتیشە بۆ کەمایەتیەکی سیاسی شیعە و سونە و میلیشیا شیعەکانی سەربە جمھوری ئیسلامی ئێران سەرف دەکرێ. ئەم حکومەت و دەسەڵاتە ئیسلامیە ھیچ ئاسەوارێکی لە مەدەنیەت و خۆشگوزەرانی نەھێشتۆتەوە و عێراقی کردۆتە جەھەنەمێکی ڕاستەقینە بۆ خەڵک.خەڵک لە دژی ئەم جەھەنەمە کە ئیسلامی شیعە بۆ خەڵکی دروست کردوە ھیچ ڕێگایەکی تریان نیە جگە لە دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی.
ڕیشەی ناڕەزایتیەکانی ئەم وڵاتانەی وەک عێراق و ئێران و میسر و تونس و وڵاتانی ڕۆژەھەڵاتی ناوەڕاست نیشانی دەدا ئەوەیە کە ئابوری سەرمایەداری لەم شوێنانەدا جگە لە کەڵەکەی سەرمایە لە چەند مەیدانێکی دیاریکراو و بەرتەسکدا ھیچ کار و پێویستیەکی تری نیە بە باقی ھێزی ملێونی بێکار لەم وڵاتانەدا. بێگومان سەرمایەی بەدەست ھاتوش لەم مەیدانە دەگمەنانەدا تەنیا لە خزمەت کەمایەتیەکی سیاسیدا سەرف دەکرێ کە دەتوانن " کۆنترۆڵی کاروبارەکان" لەلایەن ھێزی چەکداریانەوە بپارێزن. ئەمە سیناریۆی سەرکوتگەری دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. لە پێناو بە ھەژاری ھێشتنەوەی خەڵک و ملکەچ پێکردنیان دەبێ کەڵبە خوێناویەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی نیشانی خەڵک بدرێ.
تایبەتمەندی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی عێراق لەوەدایە کە سەرەڕای ئەوەی ھەرکام لە حکومەتی ھاوبەشی ئەم حزبە شیعی و سونە و کوردیانە کە دێنەسەرکار پێشتر بە شێکیان خۆیان لەسەر پشتی ئەو ناڕەزایەتیانەوە گەیشتونەتە کورسی دەسەڵات. لە نەبونی ھێزی ڕیکخراو و سەربەخۆی خەڵکی کرێکار و ناڕازی عێراقدا بێگومان ناڕەزایەتیەکانیش لە ململانێی ئەم ھێزە شیعە و سونە و ئێران و ئەمریکادا بەکاردێ.
بەڵام ڕێگا ئەوەنیە کە خەڵک ناڕەزایەتی دەرنەبڕن چونکە ناڕەزایەتیەکانیان تێکەڵاو بە شەڕی ئەم دوژمنانەیان دەبێ بەڵکو ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو بەدیھێنانی خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەری کرێکار و زەحمەتکێش ئاراستەبکرێ و ئەمەش تەنیا لە توانای ئەو کەس و لایەنانەدایە کە لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا دەوری ڕێکخەر و پیشڕەوی ئەو جەماوەرە دەبینن. ئەم کەس و لایەنانە دەبێ بە فشاری ئەم ناڕەزایەتیانە بتوانن ھەم دەستکەوتی مادی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بەسەر حکومەتی عادل عبدالمھدی دا بسەپێنن و ھەم خەڵک زیاتر وشیارتر و یەکگرتوتر بکەن لەدژی ئەم دەسەڵاتە ھەزار سەرەی بورژوازی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا ژیانی خەڵکی عێراقی کردۆتە جەھەنەم تا خۆیان لە سایەی بەھەشتی خێری نەوت و شەڕو تیرۆر و سەرکوتدا بژین.