سەردێڕ:

خوێندنەوەیەک بۆ شکستی رفراندۆمی ٢٠١٧

9/25/2019 2:44:34 PM
7966 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

بۆچی رفراندۆم شکستی خوارد؟ ئایا لەسایەی یەکێتی و پارتیدا سەربەخۆیی کوردستان مومکینە؟

ئەنجامدانی رفراندۆم ھەمیشە شانسی سەرکەوتنی ھەیە چونکە زۆربەی زۆری خەڵک بە تەجروبەی پراتیکی خۆی بەو ئەنجامە گەیشتوە کە سەربەخۆیی ڕێگا چارەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا. بەڵام حزبە ناسیونالیستەکان ئەنجامدانی رفراندۆمیان بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی نەبوە بەڵکو وەسیلەیەک بوو کە لە ڕێگایەوە دەیانویست شەرعیەتێک بدەن بەو جێگە و ڕێگەی تازەیەیان کە لە دوای داعشەوە بەدەستیان ھێنابوو. چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکە و جیھان ئەمەیان بۆ نەچوە پێش و شکستیان ھێنا.

ھۆکاری سەرەکی ئەوەی بە ئەنجامی رفراندۆمە پابەندنین ولەگەڵ بەغداد ڕیکەوتونەتەوە ئەوەیە کە ستراتیژی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا سەربەخۆیی کوردستان نیە. ھەرچەندە ئەم کێشە قەومیە لە ھەردوولاوە بەردەوامە. بۆئەوەی لەم ئەنجامگیریە تێ بگەین پێویستە سەرەتا کورتەیەکی پرۆسەیەکی مێژوویی -ئابوری ئەم کێشەیە باس بکەین.

بورژوازی لە عێراقدا نەیتوانیوە لەدەوری بازاڕی نەوت ھاوئاھەنگیەکی سیاسی و فەرھەنگی بۆ سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراقی دروست بکا. ناسیونالیزمی عەرەبی دەورەیەک توانیویەتی وەک سەرخانێکی سیاسی زۆربەی خەڵکی عێراق وەک نەتەوەی عەرەب بە دەوری دەوڵەتی عێراقدا ڕێک بخا، بەڵام ھەر ئەمە وای کردوە کە کەمایەتیەکی خەڵکیش وەک کورد وەک ھاوڵاتی پلەدوو لە دەوڵەتێکی عەرەبیدا مامەڵە بکا و سیاسەتی تەعریبکردنی کەرکوک و جێگا تێکەڵاوەکان بگرێتە بەر. لەدوای ڕوخانی بەعسیشەوە ئیسلامی سیاسی بەھەردوو باڵەکەیەوە خەڵکی عێراقیان کردە دوو نەتەوەی شیعە و سونەی عەرەبی کە ھەرچی زیاتر ئەم جیاکاریەی نێوان ھاوڵاتیانی عێراقی توندترکردەوە و ئێستا بورژوازی لە عێراقدا خاوەنی ھیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی نیە کە بتوانێ ھاوئاھەنگیەکی سیاسی و فەرھەنگی سەراسەری بۆ دەوڵەتی عێراق و ھاوڵاتیەکانی دروست بکا و شەڕ و ململانێی سیاسی و فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم دەوڵەتەی لەبەریەک ھەڵوەشاندوە و ناجێگری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی توش کردوە.

لە کوردستانیش ناسیونالیزمی کورد لەبەرئەوەی لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە شێوەی عەشیرەتگەری و ناوچەگەریدا دێتەمەیدان و لە ڕێگەی زمان و خوێندنی ڕەسمی کوردیەوە فەرھەنگێک شکڵ پێدەدا کە ناتوانێ ھەموو بەشەکانی سۆران و بادینان ھاوئاھەنگ بکا و کێشەی ناوخۆی بزوتنەوە سیاسیەکەشی لە شێوەی جەلالی و مەلایدا زیاتر ئەم خەسڵەتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەگەریە تۆخ دەکاتەوە. لە دوای ١٩٩١یشەوە ھەرچەند دیفاکتۆ سەربەخۆ دەبێ لە ڕژێمی بەعس ، بەڵام نە لە باری ئابوریەوە توانای سەربەخۆی دەبێ و نە لەباری سیاسیشەوە دەتوانێ یەک ئیدارە بێت و بەم شێوەیە دوو ڕۆشنبیری ناوچەگەری لەلایەن دوو حزبی چەکدارەوە دەبێتە ناسنامەی دانیشتوانی کوردستان. لە ٢٠٠٣ەوە ئاڵوگۆڕی گرنگ لە باری ئابوریەوە ڕودەدا و نەوت دەبێ بە بنەمایەکی ئیمکانی سەربەخۆبون و ڕێکەوتنی ستراتیژی دەساڵەش حکومەتی ھەرێم دەکاتە ئەمری واقیع. بەڵام ھیچ ئاڵوگۆڕێکی  ڕیشەیی لە ئیدارەی سیاسی و یاساییدا ڕونادات و دەستور و پەرلەمان و دەزگاکان وەک خۆیان ناکارا و ناجێگیر و ژێردەستەی سیستەمی میلیشیایی دوو ئیدارەی حزبی دەمێنێتەوە. ھەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و دژایەتیەکانی ئێران و تورکیا و ھەم بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار و پەیوەندیە پاشکۆکیەکانی یەکێتی بۆ ئێران و پارتی بۆ تورکیا قاڵبی مانەوەی کوردستان لەعێراقدا دەسەپێنن.

حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناسیونالیزمی کورد لەو چوارچیوە سیاسی و نێودەوڵەتیەی تیایدا کاردەکا بەرژەوەندیەکانی لە ئاستی لۆکاڵ و ناوچەکانی سەوز و زەرددا لە پاراستنی سیستەمێکی میلیشیایی عەشیرەتی و بنەماڵەییەوە بەڕیوەدەچێ کە لە پێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتە ھەرێمیە و لەژێر فشاری دەرەوەدا پێویستی بە جۆرێک ڕیکەوتنە لە ئاستی کوردستاندا، بەڵام ئەمە نە سیستەمێکی سیاسی جێگیرە نە خاوەنی بەرنامەیەکی دەوڵەتی و ستراتیژیە. ئەم پێویستیانەی دەسەڵاتە ناوچەگەریەیە کە پلەی ھاوئاھەنگی لە نێو ناسیونالیزمی کورددا دروست دەکات، نەک وەک ئەوانەی پێیان وایە کە یەکێتی و پارتی ناسیونالیست نین ھەربۆیە ھاوئاھەنگیان نیە و دژ بەیەک دەوەستن و لەگەڵ ھێزی دەرەکیدا ڕێک دەکەون لەدژی یەکتر. بورژوازی کوردیش ئەم حزبە ناسیونالیستانەی وەک نوێنەری سەرەکی خۆی لەم سێ دەیەیەدا قبوڵکردوە و ھیچ بزوتنەوەیەکی تری بورژوازی نەیتوانیوە ڕەقیبی بێت و بتوانێ دۆخی کوردستان بگۆڕێ وئایندەیەکی جیاواز بۆ چارەسەری کێشەی قەومی بخاتە ڕوو.
سەرەڕای ئەمەش لە فیدرالیزمی قەومی و سیستەم وپێکھاتەی سێ کوچکەی قەومی و مەزھەبی کورد – شیعە – سونە، لەوەی تا ئێستا لە ٢٠٠٣ەوە گوزەراوە باشتر دروست نابێ. ئەم جۆرە فیدرالیزمە مانای ناجێگیری و کێشە و شەڕی بەردەوامە. خەڵکی کوردستان کاتێک لە رفراندۆمێکد ، کە مەسعود بارزانیش سەرپەرشتی دەکا، دیسانەوە ھەر دەنگ بەسەربەخۆیی دەدا نیشانەی شکستی ئەو فیدرالیزمەیە لە قەناعەتی خەڵکدا. پیش ١٦ ئۆکتۆبەر و دوای ئەویش ھەر خەلک دەزانن ھیچ ئایندەیەکیان لەگەڵ ئەم حکومەتە مەزھەبی و شیعیەی عێراقدا نیە و ھەر رفراندۆمێکی تریش بکرێ و ھەر فرسەتێکی تر بێتە پێشەوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.
رفراندۆم لەسەر دەستی ئەم حزبانە خۆی ناتوانێ ھیچ لەم واقیعەتانە بگۆڕێ. تەنیا وەک وەسیلەیەک بو کە پارتی و یەکێتی بەکاریان ھێنا بۆ ھێشتنەوەی دەسەڵاتیان لەو ھاوسەنگیەی دوای داعشدا. لە کاتێکیشدا ئەم وەسیلەیە نەیتوانی ئامانجی ئەم دوو حزبە دابین بکا ئەوا ھەردوولا گەڕانەوە سەر درێژەدان بە ھەمان ستراتیژی مانەوە لە عێراق و قبوڵکردنی ڕۆڵی کەمایەتی لە سایەی زۆرینەی حکومەتی شیعەی عێراقدا. ھەر نەبونی ئەم بەرنامە وئاسۆیەش بۆ چۆنیەتی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری سەربەخۆ لە بەغداد وای کردوە کە ناسیونالیزمی کورد لە بنەبستدا بمێنێتەوە و نەتوانێ شەرعیەتی خۆی لەڕێگای ئایدیا و ڤیژن و سیاسەت و فەرھەنگێکی دەوڵەتیەوە جێگیر بکا و ھەمیشە ئایندەی ئەم دەسەڵاتداریەتیە نادیارە ، ھەربۆیە پێویستی بە سەرکوتی بێ پەردە یان تۆخکردنەوەی سنورە ناوچەیی و عەشیرەتی و حزبیەکانی زیاترە بۆ درێژەدان بە مانەوەی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکانی. ئەم شێواز و سیستەمی بەڕیوەبردنە لە بواری بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت و بازرگانی و وەرگرتنی گومرگی سنورەکان و بودجە لە دەوڵەتی عێراق ، یا خود لە بواری سیاسەت و پەرلەمان و یاسا و پەروەردە و ھتد.. دەبینرێ.

ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و چونەوە بەغداد و بەشداری پارتی و یەکێتی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی عێراق ئیتر ئەو مەلەفەی داخستوە کە ناوی "ئاکامی رفراندۆم" بوە.  لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی رفراندۆمیان ئەنجام دا و خەڵک تەنیا بەشداری لە پرۆسەیەکدا کردوە و دەنگی بەسەربەخۆیی داوە لەبەرئەوەی ئەوە بە قازانجی بوە. ئێستاش وەک پێش رفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ خەڵک ھەمان خواستی ھەیە، بەڵام ئەم خەڵکە خاوەنی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی سیاسی و جەماوەری نیە تا خۆی بکاتە میراتگری ئەو رفراندۆمە و ھیچ کام لەو ھێزانەشی ئەم رفراندۆمەیان بەرپاکرد ئێستا خۆیان ناکەن بە خاوەنی. لە ئێستادا ئەم رفراندۆمەی سێپتەمبەری ٢٠١٧ وەک رفراندۆمی نافەرمی ٢٠٠٥ لەسەر کاغەز یان نێتدا ماوەتەوە و خاوەندارێتی رفراندۆم و سەربەخۆیی بە بەدەستەوەگرتنی "ئاکامی رفراندۆم" ئۆتۆماتیکی خۆی نابێتە ھێزێکی یاسایی و فیعلی ،کە تەنیا بە ئاماژەپێکردنەوەی"ئاکامی رفراندۆم" فشارێک دروست بکا کە لە یەکێتی و پارتیەوە تا حکومەتی عێراق و ئەمریکا و UN حسابی بۆبکا.

لە وانەکانی رفراندۆمەوە دەبێ بزانین کە میراتگری سەربەخۆیی و بەکارھێنانی بەڵگەی "ئاکامی رفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧" لە پێشدا پێویستی بەھێزێکە کە چارەنوسی کوردستان دیاری بکا و ئەو کات لە جێگای پارتی و یەکێتی بڕیاری سەربەخۆیی دەدا یان ئەگەر پێویست بوو رفراندۆمێکیشی بۆ بەرپادەکا. بۆ لێسنەندنەوەی دەسەڵاتیش لە یەکێتی و پارتی پێویستە بەدیلێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی دروست ببێ کە سەرجەم سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم دوو حزبە ھەڵوەشێنێتەوە. ئەمەش بەدەوری خواستی ژیان و گوزەران و ئازادیەکانی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەمدەرامەت و ئازادیخوازی کوردستانەوە شکڵ دەگرێ نەک بەتەنیا بەدەوری "ئاکامی رفراندۆم" و خواستی سەربەخۆیی کوردستانەوە. لە ھەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەم چینە چەوساوەیە سەربەخۆیی بەدەرگای کرانەوەی ڕزگاری و ئازادی خۆی نابینێ بەڵکو بەشێکە لەچارەسەرێک کە دەبێ لەگەڵ لابردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی یەکێتی و پارتیدا کێشەی چارەنوسی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا یەکلایی بکرێتەوە.