سەردێڕ:

وەرزی ھەڵوەرینی میدیای تەلەفزیۆنی

9/26/2019 7:19:16 PM
10799 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل عوسمان
+ -

ئەوەی لە ناوەندی میدیادا دەبینرێت داخستنی کۆمەڵێک کەناڵی بینراوی تەلەفزیۆنییە کە ھەریەک لەو کەناڵانە رۆژانێک خەریکی دروستکردنی ململانێی سیاسی و وروژاندن و ئاراستەکردنی شەقامی کوردی بوون، بەڵام ئەمڕۆ بە پاساوی بێ بنەمایی بڕیاری داخستنی خۆیان دەدەن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا، رۆژنامەگەریی کاغەزیی بەھەمان بیانوو توانی چەندین کەناڵی جیاواز دابخات، ھەموو ئەمانە پەیوەندی بەنەبوونی ستراتیژ و پلانی میدیاییەوە ھەیە، کە ناتوانێت بەپێی زەمەن و کات و تەنگژەی میدیایی جیاواز مامەڵەبکات. 

میدیا بازاڕ و دوکان نیە کە ئەمڕۆ بازاڕی باش بێت کراوە بێت و بەیانی بازاڕی خراپ بێت دابخرێت! لەکوێ دونیادا بووە میدیا وەک بازاڕ سەربکرێت، ئەوەی لەمیدیای کوردیدا دەبینرێت، بازاڕگەرییە نەک میدیا بە مانا راستەقینەکەی.

کاتێک کە میدیایەک ناو دەنرێت تۆپخانە! ناوەندی میدیایی وەک سەربازگە و میدیاش وەک تۆپ و جبەخانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت، ئیدی لە ھەر شوێن و کاتێکدا بێت بەرەی جەنگ کۆتایی دێت و میدیاش ئەو وەزیفەی کە ھەیەتی کۆتایی پێ دێنێت، داخستن یاخود ماناوەی ھیچ مانایەک نابەخشێت بە جەماوەرەکەی، چونکە پەیامە ستراتیژەکانی خۆی کۆتایی پێھاتووە.

میدیای کوردسات، ئەگەر لەسەر ئەو ستراتیژەی کە ھەبوو بەردەوام بووایە کە خزمەتکردنی کەلتوری و ھونەری کوردیی بوو ئەوا بۆ ئێستاش زەرورییەتی مانەوەی پێویست بوو، بەڵام ئەو کات لەو ستراتیژەی کە ھەبوو لادەدات لەنێو ململانێ سیاسییەکانی حزبەکەیدا کۆتایی بە تەمەنی حوکمڕانی میدیایی  خۆی دێنێت.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کاتێک میدیا دێت بە ستراتیژ و پلانی تۆکمە و  نوێوە کاردەکات و دەیەوێت خزمەتی جەماوەرەکەی خۆی بکات ئەوا ئەو پەیام و ئامانجەی کە ھەیەتی دەیگەیەنێت، بۆ ھەر قۆناغ و لە ھەر شوێنکدا بێت بڕیار لە گرنگی  مانەوەی خۆی دەدات، بەدرێژایی چەندین ساڵ میدیاکانی وەک (BBC,CNN, aljazeera) چەندین قۆناغی پڕ لە تەنگەژەی سیاسی و ئابوریان تێپەراندووە، بەڵام توانیویانە بەو گوتار و پەیامانەی کە ھەیانبووە شەقامی ئینگلیز و عەرەبی بەرێوەبەرن.

پایزی ئەمجارە، وەرزی ھەڵوەرینی میدیای بینراوە، ئەگەر ھاتوو ھەر میدیایەکی دیکەش لە پشت پلانێکی (ئیداریی و تەکنیکیی و میدیاییەوە) کار نەکات، ئەوا بێگومان دەرئەنجامەکەی داخستن و کوژانەوەی مۆمی تەمەنی خۆیەتی.