سەردێڕ:

لامەركەزییەت و هێزی خۆنۆژەنكردنەوە

5/15/2020 10:57:43 PM
5600 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

لە ئێستادا مۆدێلی بەرێوەبردن و سیاسی لە ھەرێمی کوردستان سێستەمێکی ستونییە، واتە دەسەڵاتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە درێژ دەکرێنەوە، کە ئەمەش ھۆکاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی بووە بۆسەر چین و توێژەکانی پارێزگاکان و ناوچە جیاوازەکان و مۆدێلێکە نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی تەواوی خواستەکانی کۆمەڵگا بێت و کۆمەڵگایەکی شەفاف و چالاک بنیاد بنێت و ڕێگا لە قۆرغکردنی دەسەڵات و بڕیارەکان بگرێت، لەدەست کەسانێک کە مەرکەزی دەسەڵاتیان دوورە لە خواست و داواکارییەکانی ھاوڵاتیانەوە، ئەمەش بارودۆخێکی ناھەمواری خوڵقاندوە و بۆتەھۆکاری ونبوونی ماف و ئیمتیازاتی پارێزگاکان و بەدوایدا ھاوڵاتیانیشی  .

ئێستا کە پرسی لامەرکەزییەت ھاتۆتە ناوان ھەندێک تێڕوانینیان یاخود بەرژەوەندییەکانیان وا ئەخوازێت کە  لامەرکەزییەت ھۆکاری نەھێشتنی سەربەخۆیی سیاسی و نەتەوەیی و ئابوری ھەرێم دەبێت، ئەم تێڕوانینە ھیچ بەلایەوە گرنگە نییە کە ئایا لە نەبوونی لامەرکەزییەتدا ھەموو پێداویستییەکانی سیستەمێکی دیموکراسی بۆ کۆی پارێزگاکان وەک یەک جێبەجێ و دابینکراوە، یاخود نا تێڕوانینی دووەمیش پێچەوانەی تێڕوانینی ئەو لایەنە سیاسیانەیە، کە پێی وایە بوونی لامەرکەزییەت واتە بوون بەخاوەنی سیستەمێکی ئاسۆیی لە بەڕێوەبردنی سیاسەت و حکومڕانییدا، کە تیایدا پێکەوە ژیانی یەکسانی ھەمووان دابین ئەکات و ڕێگا لە قۆرغکردنی دەسەڵاتی مەرکەز ئەگرێت، لەم سیستەمەدا ئیش و کارەکانی پارێزگاکان چالاک و ئاسانتر ئەکرێن، بە شێوەیەک کە ھاوڵاتی کارەکانی  ئاسانتر و زووتر بۆ بێتە پێشەوە.

لەلایەک دروستبوونی دیکتاتۆرییەتی حکوم و گەڕانەوە بۆ ھەمو بڕیارێک بۆ سەنتەری دەسەڵات و تاکڕەوێتی، ئەم سیستەمی حکومڕانییەی ھێناوەتە بوون، کەشکستی بە دیموکراسی و بنیادنانی ئۆتۆکراسی کردووە بە بەری دەسەڵاتدا، بۆیە ئەگەر لە ژمارە و داتاکانی پارێزگاکان و بەتایبەت ھەردوو زۆنی دەسەڵات بڕوانین، دەبینین چۆن جیاوازەکان چۆن و چەندین پرسیار ئاڕاستەی ئەم دەسەڵاتە دەکەن لەلایەن ھەر تاکێکەوە کە ئەگەر بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی بەرھەمی ناوخۆی ھەندێ لەو پارێزگا و ئیدارانە زۆر زیاتر بێت لەو پارێزگایەی کە حسابێکی باشتر و تایبەتتری بۆ کرابێت.

ئەوەی لە مەترسییەک زیاتر لێی ئەبینرێت سیاسەتی سەرکردایەتی تازەی یەکێتی دوای کۆنگرە و بزوتنەوەی گۆڕانە، کە پرسی لامەرکەزییەت لایان تەنھا کارتێکی دیکەی فشاریان بێت بۆ پارتی، بۆ بەدەستھێنانی بەشێکی گەورەتر لەدەسەڵات و بەرژەوەندی کەسی و حیزبیان، کە دورنییە ھەر لە سەرەتاوە توانای بردنەوە و پشتگیری لامەرکەزییەت بۆ چەسپاندنی پەک نەخات، بۆیە ئەوەی گرنگە ئیرادە و بڕوای بەھێزی ھاوڵاتیانە، کە ببنە ھێزی خۆنۆژەنکردنەوەی لامەرکەزییەت و مافەکانی خۆیان و سەرلێشێواویەکیش بۆ ئەو ھێز و لایەنە سیاسیانەی کە دوبارە بیانەوێت یاری بە چارەنوس و مافەکانیانەوە دەکەن، لە رێگەی بڕگە و مافەپێداوەکانیانەوە لە دەستوری عێراقدا  .

ئەگەر بەشێوەیەکی تەندروستانە لە لامەرکەزییەت بڕوانرێت و کاری پێبکرێت، کە یەکێکە لە جەوھەرترین سیستەمەکان بۆ حکومڕانی ئەوا ئەرکی حکومەت ئاسانتر و ڕاییتر دەبێت لە پاراستنی  ژیانی ھاوڵاتیان و تەرخانکردنی کات و وزەیەکی زیاتر لە تیۆرە و پراکتیزەکردنی دەسەڵاتەکاندا، ئەمە جگە لە توانای وەڵامدانەوەی ھەر رەخنەیەکیش کە ئاڕاستەی دەکرێت، بۆیە پێویستە لامەرکەزییەت پرۆسەیەکی سیاسی و دارایی و کارگێڕی لەنێو فەرھەنگی حیزب و سیستەمی حکومڕانی ھەرێمدا بچەسپێنێت و دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی دابەشبکات و ببێتە ھێزی خۆنۆژەنکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرپارێزگایەک.