سەردێڕ:

کۆچی ھاونیشتمانیان و بێباکی دەسەڵات

1/25/2020 6:35:58 PM
5591 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

ویژدان ھەرگیز توانای مەرگ و کۆچی ھاونیشتمانیانی نییە، بۆیە لە رەوشێکی بەم جۆرەدا ئەتوانین باشتر دەرک بەم تراژیدیایە بکەین کە لە پێناو ھەوڵی بەردەوامکردنی ھەبوندا قۆناغێکی نوێی شەڕی ژیانیان دەستپێکردوە، ھۆکاری ئەم تراژیدیایەش دەرەنجامی کەڵەکەبونی درێژخایەنی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمەیە کە ھەمیشە خەمی گیرفان و بازرگانی و کورسییان لە پێش خەمی خەڵک و خاکەوە داناوە.

بەشێوەیەکی گشتی پاوانی سیاسی و حکومڕانی لەم ھەرێمەدا گوزارشت لە راستییەک ئەکات کە ھێشتا ژیانێکی شاییستە و ئازاد بە گوزارشتێکی راست و یەکسان نەگەیشتووە و ئەوەی کە ھەیە زیاتر ئەرستۆکراسی خێڵ و سیستەمە حکومرانییە شکستخواردوەکە و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیە کە کۆنترۆڵێکی توندی خراوەتە سەر بۆ بەرەو پێشخستن و مانەوەی.

لە کوردستانی ئەمڕۆکەدا ئابوری بووە بە ئامرازێکی بەسیخوریکردن و زۆرداری کە دەسەڵات لەرێگەی بەبرسیکردن و بێکاری کۆمەڵگاوە ھەوڵی داماڵینی سەرجەم فاکتەرە چارەسەرییەکانی ژیانێکی ھاوچەرخ و تەنانەت سەرەتاییش بدات و ھەوڵی ئەدات کە لای تاک وای نیشانبدات کە چاوەروانیکردنی ڕیشەیی سیستمەکە خۆخەڵەتاندنە یان باشتر بڵێین بەڵکو سەرەکیترین کۆسپی بەردەم چارەسەریشە!

ئەوەی دەبینرێت لەم تراژیدیایەدا کە چەندین گەنجی نیشتمان ڕووبەرووی سنورەکانی مەرگ بونەتەوە چونکە مەحکومی ژیانێکن کە بێچارەیی ھەڵھاتنیانی لەنیشتمان کردووە بە دواسەنگەری مانەوەیان لەژیاندا، چونکە چەمکی پاراستنی مرۆڤبونیان زۆر لەو واتایە دورکەوتووەتەوە کە ئەم نیشتمانە و خاکەکەی و سامانەکەی بەھی خۆی بزانێت.

ھۆکاری تەواوی ئەم بێ ھیواییەش ئەو دۆخە چەقبەستوەیە کەدەسەڵاتدارانی ئەم نیشتمانە لە بواری سیاسی و حکومڕانییەوە دروستیانکردوە و کە سیستەمێکی ناپێویستە بۆ عەدالەتی گشتی و ھەڕەشە لە ژیانێکی ئازاد و شاییستە ئەکات بۆ ھەموان وەک یەک و دەرفەتی باشتربونی دۆخەکەی پێ نادات.

سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لەم ھەرێمەدا بەجۆرێک کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا دەرکەوتووە کە تاک تواناکاری چارەسەری کێشە ماددی و مەعنەوییەکانی لەدەستبدات ھەر ئەمەشە وایکردووە کە لەکەنارخستنی خاک و نیشتمانەکەیان لەپێش خۆشەویستییەوە بخەن بۆی و ببنە کارەکتەرێکی تراژیدی بۆ سەرلەنوێ گەڕان بەدوای ژیانێکی شاییستە بۆ خۆیاندا.

بێباکی دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە ھۆکار بووە بۆ بنبەستبوونی کێشەکان و قووڵکردنەوەی زیاتری تا ئاستی نەبونی ڕۆڵ و تواناکاریان بۆ درووستکرنی بناغەیەکی بەھێز بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بوارەکانی سیستمی سیاسی و حکومڕانی بە ئاستی دیموکراتیزەبوون، بۆیە کاتێک باس لە دیموکراتیزەبوون ئەکەین پێویستە لەوە بگەین کە ھەمو سیستمێکی دیموکراتی پێویستی بە پەروەردەیەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئەخلاقی ھەیە بۆ ئەوەی پێداچونەوەی ھەر سیستمێکی شکستخواردوو  بکاتە خاڵێکی بەھێز بۆ وەرچەرخان و دەربازبوون لە قەیران و ئەم بەھێزبونەش کاریگەری خۆی لەسەر پێشخستنی چارەسەری  کرداریش بخاتەڕوو  تاوەکو چارەنوسی ھاونیشتمانیان و دووبارەی تراژیدیاکانی لەم جۆرە نەگاتە ئاستی کۆچ و تەنانەت کۆچی ھەتاییش.