سەردێڕ:

چیرۆکی سەرای ئازادی ماویەتی

2/16/2019 7:28:28 PM
4170 جار خوێندراوەتەوە
یەحیا نەوزەر
+ -

پێشینانمان جوانیان فەرمووە (گرێی دەست مەخەرە دان)، ئەو گرێییەی لە ١٧ی شوبات و سەرای ئازادی ئەکرا بەدەست بکرێتەوە ئێستا بەدانیش ناکرێتەوە.

١٧ی شوبات و سەرای ئازادی وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی جوڵانەوەی مەدەنی کوردستاندا پێچەوانەی ئەوانەی دەیانەوێت واوێنا بکەن کە بەرھەمی نەبوو دەڵێم جگە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی ئازادی و شکاندنی دیواری ترس بووە ھۆی ئەوەی کە دوو بڕیاری مێژووی دەربکرێت لە پەرلەمانەوە بڕیاری ژمارە یەک و دووی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١١ کە ئەگەر جێبەجێ بکرانایە ئێستا نەدەکەوتینە ئەم کێشانەی ئێستا تێیکەوتوین و بەدانیش ناکرێنەوە.

بەڵام ھەر زوو دەسەڵات خۆی دزیەوە لە جێبەجێکردنی و ئۆپۆزسیۆنیش لەجیاتی شوێن جێبەجێکردنیان بکەوێت کەوتە شوێن وەدەستھێنانی زۆرترین پلەو پۆستی حکومی و بەدەستھێنانی زۆرترین بەشەکێکی دەسەڵات!

ئەگەر ھەموومان  سەرای ئازادی مان تەواو بکردایە ، ئەگەر ھەموومان لەپێناو عەدالەتی کۆمەڵاتی و ئازادی و کەرامەتی ھەمووماندا ڕاپەڕین ئەوە ھەموومان و ھەموو نەوەکانمان بۆ ھەمیشە دەحەسێینەوە.

گەورەترین ھەڵە ئەوەیە ١٧شوبات و سەرای_ئازادی کورت بکرێتەوە تەنھا لە ڕۆژی ١٧ی شوبات و ھەموو کێشەکەش لە کەیسی دەسگیر نەکردنی تەقە کەراندا.

ڕاپەڕینەکە سەرتاسەری بوو:

لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان سەرای ئازادی دروست بوو جگە لە دەڤەری زەرد چونکە باری نا ئاسایی و عەسکەرتاری ڕاگەیەنرا لەو دەڤەرە.
داواکاریەکانیش داواکاری چاکسازی بنەڕەتی بوو لە ھەموو بوارەکاندا و لەلایەن ھەموو دەزگا یاسایی و حکومی و فەرمیەکان پشتیوانی کراو بوو بە بڕیاری ژمارە دووی پەرلەمان کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی پێشوو بێ سەروشوێنی کردووە لەم پەرلەمانە تازەشدا ھێشتا سۆراغی نادیارە.

سەرای ئازادی ھاوارێک بوو بە گوێی دەسەڵاتی نوست و مەستدا کە ئەوەی دەتپارێزێک تۆپ و تەیارە و لەشکری کۆیلە و بندیوار و پارە نیە بەڵکو عەدالەت پارێزەری ڕاستەقینە و بەردەوام و شەرعی کورسیە کەچی خراپ سودی لە مانەوەی بەشار و ئینقیلابی سیسی وەرگرت و داواکاری خەڵکی پشتگوێ خستەوە.

سەرای ئازادی چیرۆکی بت شکاندنی پێغەمبەر ئیبراھیمی باپیرەمانی دووبارەکردەوە. سەرای ئازادی چیرۆکی ئازادی یان نانە، ئازادیت دەوێت یان نان؟ سەرای ئازادی چیرۆکی وەک مرۆڤ ژیان یان وەک مێگەل ژیانە. سەرای ئازادی چیرۆکی ململانێی نەوەکانە.

سەرای ئازادی چیرۆکی ئازادی و دژایەتی ئازادیە، چیرۆکی داواکرنی کەرامەتی ئینسانی و شکاندنی کەرامەتی ئینسانە، چیرۆکی عەدالەت و دیکتاتۆریەتە، چیرۆکی داوای سوپایەکی نیشتیمانیە کە وەلائی بۆ نیشتیمان ھەبێ لەبەرامبەر ھیزی حیزبی و پاسەوانی کورسی و شەخێ و دەسەڵاتی حیزبیە.

ئەم چیرۆکە کۆنترە لە ١٧ی شوبات و لە دوای ١٧ی شوباتیش بەردەوامە.

١٧ی شوبات نەبوایە چۆن بمانزانیایە لوتکەی دەسەڵات لەم ولاتەدا ئامادەیە داڵدەی بکوژانی ڕۆڵەی میللەت بدات و ڕادەستی دادگایان نەدات لەکاتێکدا شەو و ڕۆژ بەدەم خۆی وەک خەمخۆرترین کەس دەخاتە ڕوو.

سەرای ئازادی ئەو قەڵا مرۆیی و دەنگە زووڵاڵە بوو کە داواکاریەکانی ئۆپۆزسیۆنیش تێپەڕاندن بۆیە ئاسایی بوو کە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش پێکەوە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و ھێورکرنەوە و ئاڕاستەکردنیاندا.

سەرای ئازادی ئۆپۆزسیۆنی لە قۆناغی پرتە و بۆڵە و ڕاپۆرتی تەلەفیۆنی و بەیاننامەوە بردە قۆناغی جوڵاندنی شەقام و فشاری ڕاستەقینە کە ئەوەی لەماوەی ٢مانگدا بە دەسەڵات ئەنجامدرا بە ٢٠ساڵی بەیاننامە و پرتە و بۆڵە ئەنجام نادرێت.

سەرای ئازادی وێنەی ڕاستەقینەی پێکەوە ژیانی ڕەنگ و دەنگ و بیرە جیاوازەکان بوو کە بەرژەوەندیە سیاسی و شەخسیەکان ئەو جیاوازیانە بەکار دێنن بۆ پێکدادان لەجیاتی بۆ یەکخستی دەنگەکان لەپێناو ئامانجی ھاوبەشی ھەموولا کە ( ئازادی و عەدالەت و پێکەوەژیان و کەرامەتی ئینسانە).

سەرای ئازادی ڕاگەیاندنی جەنگ بوو بەرامبەر بە دوژمنی سەرسەختی ناوخۆیی کورد کە جەنگی گەندەڵیە و سەد قاتی جەنگی دەرەکی سەخت و گەورە و گران و گرنگە.

"شۆڕشی گەلانی ناوچەکە کە بە بەھاری گەلان  یان بەھاری عەرەبی ناسراوە بەو شنەبایەشیەوە کە لە ١٧ی شوبات و سەرای ئازادی کوردستانیشی گرتەوە ھێشتا لەسەرەتایدایە ، ئەوەی ئێستا دەیبینین کەلەڕواڵەتدا سەرکەوتنی دژە شۆڕش و  دیکتاتۆرەکانە  ھیچ نیە جگە  لەقۆناغێ لەقۆناغەکانی ئەو  شۆڕشەی کە لەکۆتاییدا ھەمووشتێک دەگۆڕێت."

ئەمە  قسەی منێکی سەرایی نیە کەتامردن جێی شانازیمە  کە جێدەستێکمان ھەیە لە سەرەتای ئەوقۆناغەدا، بەڵکو قسەی دیبلۆماسیەکی خاوەن  ئەزموونە کە وەک دین مەسیحیە و وەک ئایدۆلۆجیاش عەلمانیە، دکتۆرای لە ئەندازیاری کۆمپیوتەردا ھەیە، وتەبێژی وەفدی ئوردنی بووە لە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل و سەفیری ئوردن بووە لە ئیسرائیل و  ئەمریکاش ، پۆستی وەزیری ڕاگەیاندن و دووخولیش وەزیری دەرەوە  و خولێکیش جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوردن بووە، ئێستاش لەپۆستی جێگری سەرۆکی دامەزراوەی کارینجیە بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، ناوی د.مروان المعشرە. کاتێک  کەسێکی ئاوا لە دانیشتنێکی تایبەتی داخراو کە ووێنەگرتنیش تێدا قەدەغەیە لە کۆنگرەیەک  کە دامەزراوەی کارینجی و دامەزراوەی فۆردی ئەمریکی پێی ھەستابوون لەلوبنان  بەکۆمەڵێک داتا و زانیاری لۆجیکەوە ، جێگەی لەسەر  وەستان و لێکۆڵینەوەیە ، ئەو دووشتەی کەئێمەی کورد لێی بێبەشین ، لەسەر ھیچ شتێک ناوەستین و لێکۆڵینەوەیش لەسەر ھیچ شتێ ناکەین و ھەمووی بە میزاج بەڕێدەکەین.
 لێرەوە تێدەگەین ئەوانە چەند سادەن کە دەیانەوێت قەناعەتمان پێبکەن شۆڕشی گەلان پیلانێکی دەرەکی بوو بە ئینقیلابی میسر و بەشار و دیکتاتۆر و گەندەڵکارانی ناوچەکە کۆتایی پێھاتووە، بەڵکو ئێستا لە گەرمایی شۆڕشەکەدا دەستەویەخە ئەژین، ئەم پرۆسەیەش چەندین ساڵ دەخایەنێت. لەبیرمان نەچێت، دوای شۆڕشی فەڕەنسا چەند دیکتاتۆری دیکەش حوکمیانکرد.

چیرۆکی سەرای ئازادی ماویەتی...