سەردێڕ:

زیندان; ئەو وێستگەیەی دەیان سەرکردەی بە جیهان ناساند

5/20/2019 1:07:18 AM
3541 جار خوێندراوەتەوە
د.کازم فاروق
+ -

لەلاپەڕەکانی مێژوودا بەدەگمەن ناوی سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆن دەبینین لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە بە وێستگە تاریکەکانی زینداندا تێنەپەڕیبێت و ئازارنەدرابێت. ھەر خۆی وادەردەکەوێت کە زیندان بۆ زۆربەی سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە دیارەکانی ناوچەکە و جیھانیش وێستگەیەک بوبێت بۆ دەرخستنی سیفەتە بارز و کاریزما ئاساکانی ئەو سەرکردانە و پێشمەرجێکیش بێت بۆ قبوڵکردنیان لەلایەن کۆمەڵگەوە. دواجار کونجی زیندان بووە بە بەشێک لەتەواوکاری پێناسەی سەرکردەبوون.

وەکو عادەتێکی باو لە دنیای دیکتاتۆریدا، ھەمیشە یاسا وەکو داردەستێک بەکارھێنراوە بۆ تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن و زیندانیکردنی سەرکردەی جولانەوە سیاسیە دژەباوەکان. تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت بەو پێیەی ھەمیشە بێگانە و دوژمنەکان سەرکردەی بزاوت و جوڵانەوە بوێرەکانیان زیندانیکردووە و ئازاریانداوە، بەڵام حاڵەتێکی نامۆ لە زیندانیکردنی ''شاسوار عەبدولواحید''دا بەدیدەکرێت ئەویش ئەوەیە کە حیزبێکی سۆشیال دیموکراتی ھاوزمانی خۆی زیندانی دەکات. ئەمە ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێک، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ھەرچەندە لە سەدەی بیست و یەکداین و جیھانی ڕۆژئاوا لەڕووی دیموکراسیەوە تەواو پێشکەوتووە، بەڵام تاکو ئێستاش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا زیندانیکردن و ئازاردانی دەرونی و ھەندێکجار جەستەیی بەرۆکی سەرکردە دیارەکانی بەرنەداوە و پێشمەرجێکیشە بۆ بوون بە کاریزما.

ئەمەی ئێستا یەکێتی بەرامبەر بە نەوەی نوێ و ''شاسوار عەبدولواحید'' دەیکات، لەرابردوودا و کاتێ کاک نەوشیروان لە ژیاندا بوو، ھاوشێوەکەی بەرامبەر بە گۆڕانی کاک نەوشیروان ئەنجامدا. ئەم شەڕە نابەرامبەرە لە سلێمانی جگە لە ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ڕووی دیموکراسی پایتەختی ڕۆشنبیری ھیچی تری لێ سەوز نابێت.

ماوەتەوە بڵێین، ھەرچەندە کەسێکی وەکو ''شاسوار عەبدولواحید'' ئامادەی ھەموو جۆرە قوربانیەک بووە لەپێناو نەفەسی دژەگەندەڵی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکدا، بەڵام ئەم کارە بەتەنھا بەخۆی و ھاوڕێکانی ئەستەمە و پێویستی بە پشتیوانی و ھاوکاری و ھاودەنگی خەڵک ھەیە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بە ھەموومانەوە پشتیوانی ئەم گەنجە ئازا و بوێرە بکەین و ھەوڵی سەرخستنی بدەین و لێنەگەڕێین دەسەلاتێکی گەندەڵ و شکستخواردوو، خەونی باشکردنی وڵات و ژیان و گوزەرانی ھاولاتیەکانی لەبارببات و ئەو تروسکایی ئومێدەش لەدڵی خەڵکدا ببڕێت.