سەردێڕ:

یەکەمین ھەڵبژارنی شارەوانییەکانی تورکیا لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا

2/11/2019 1:18:18 PM
1710 جار خوێندراوەتەوە
د.سەلام عەبدولکەریم
+ -

بڕیارە رۆژی (٣١ی مارسی ٢٠١٩) یەکەم ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆکایەتی تورکیا پاش گۆڕان لەسیستەمی پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی لەو وڵاتە ئەنجام بدرێت. لەم ھەڵبژاردنەدا پارتی داد‌و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا بەھاوپەیمانێتی پارتی  نەتەوەپەرست لەژێر ناوی (ھاوپەیمانی گەل) پێکەوە بەشداری دەکەن ‌و بەدواشیدا ھیچ ھاوپەیمانێتییەکی بەھێز‌و نزیک لەوان بەدی ناکرێت، جگە لەھەندێ رێککەوتنی نافەرمی نێوان پارتی گەلی کۆماری ‌و پارتی دیموکراتی گەلان ‌و پارتی چاکە بەسەرۆکایەتی میراڵ ئەکشنار، ئەوەش تەنھا لەرەچاوکردنی یەکتریدایە لەھەندێ شار، بۆ رکابەریکردنی کاندیدەکانی بەرەی گەل. بەگوێرەی لیژنەی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەو پارتانەی تریش، کە بەشداری ئەم ھەڵبژاردنە دەکەن بریتین لەپارتەکانی(پارتی چاکە، پارتی نیشتیمان، پارتی تورکیای سەربەخۆ، پارتی یەکێتی گەورە، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی بانگەوازی ئازاد، پارتی دیموکراتی چەپ، پارتی شیوعی تورکیا).

ھەڵبژاردن لەسایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا

دەشێ پرسیاری سەرەکی لەو ناونیشانەوە بخەینەڕوو ئەویش ئەوەیە چ جیاوازییەک لەنێوان ھەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەم ھەڵبژاردنەدا ھەیە؟ ئایا سیستەمی سیاسی، کە گۆڕانکاری بەسەردا  ھاتووە  لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر رەوتی ھەڵبژاردنەکان ‌و ھەڵمەتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان؟

یەکەمین جارە تورکیا ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا ئەنجام دەدات، ترسی ھێزە نەیارەکانی پارتی داد‌و گەشەپێدان و ئەردۆغان و بەرەی ھاوپەیمانێتی گەل ئەوەیە، کە ناتوانرێ سەرۆکی تورکیا واتە ئەردۆغان کۆت ‌و پێوەند بکرێ لەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەرۆژانی دەستپێکردنی بانگەشە و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردندا بەکارنەھێنێت، یەک لەو کێشانەی لەگۆڕانی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی لەتورکیا بریتی بوو لەوەی، کە ئیتر پاش ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە لە(٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨) ئەوەبوو سەرۆکی براوە دەتوانێت لەیەک کاتدا ھەم سەرۆک کۆماری تورکیا بێت ‌و ھەم سەرۆکی پارتی سیاسیش، ئەمەش ئەو مەترسیە بوو، کە ئێمە لەشیکاری تردا روونمان کردەوە، کە ئەگەر ھاتوو جگە لە ئەردۆغان ھەر یەکێکیتریش لەو سەرۆکانەی لەناو رکابەری ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بوون دەربچن، ئەوا دەتوانن بەحوکمی ئەوەی سەرۆکی کۆمارن، لەپرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا دامو  دەزگا ‌و دامەزراوەکانی تری دەوڵەت لەکاتی پڕ‌و پاگەندەی سیاسیدا بەکاربێنن، بێئەوەی بتوانرێت ھەم رێی لێبگیرێ، ھەم لێپرسینەوەشی لەگەڵ بکرێت، چونکە ھەر بەپێی پرۆژە یاسای سیستەمی سەرۆکایەتیەکە سەرۆک تەنھا لەحاڵەتی سێ لەسەر چواری  پەرلەمان دەتوانێ بانگھیشت بکرێت بۆ لێپرسینەوە تەنانەت ئەگەر ھاتوو ناپاکی گەورەشی ئەنجامدا. ھەر لەمبارەوە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیارێکی دەرکرد بەوەی ئەردۆغان بەو سیفەتەی سەرۆکی تورکیایە ھیچ کۆت و بەندێکی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ نایگرێتەوە، بۆیە ھەر لەبەر ئەمە بوو، پارتی چاکەی ناچارکرد داوایەکی فەرمی بکەن بۆ دەستکاریکردنی ئەو مادەیە بەو پێیەی ئەردۆغان سەرۆکی پارتێکی سیاسیشە و رکابەری دەکات لەپرۆسەکەدا، بەڵام لەلایەن لیژنەکەوە رەتکرایەوەو لیژنەکە رایگەیاند:"سەرۆکی کۆمار بەپێی دەستور بەسەرۆکی دەوڵەت دادەنرێت، ئەوا کۆت‌و پێوەند‌و قەدەغەکانی ھەڵبژاردنە بەسەریدا جێبەجێ نابێت". بەگوێرەی بڕیاری لیژنەکە وەزیر‌و پەرلەمانتارەکان ناتوانن ئۆتۆمبیلی میریی ‌و ھیچ چالاکی و پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لەمیانەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەرۆژانی (٢١-٣١ی مارس) بکەنەوە و بەکاری بێنن و رێگەپێنەدراوە، بەڵام ئەردۆغان دەتوانێت تاوەکو رۆژی ھەڵبژاردن ھەموو ئەو کەرەستانە بەکاربێنێت ‌و ھەر پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری دەوڵەتیش بکاتەوە.

شارەوانیەکانی تورکیا لەبەردەم مەترسی دەرکردندا و بەردەوامی مۆدێلی قەیوم

ماوەیەک پێش ئێستا یاسایەکی نوێ دەرکرا‌و تیایدا دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانیەکان لەوەزارەتی ناوخۆوە گوازرایەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، کە پارتی داد و گەشەپێدان ئامادەی کردبوو ئەردۆغان دەستکراوە دەبێت بۆ لێکۆڵینەوەو دەرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان بەبڕیاری راستەوخۆی خۆی. وەکچۆن پێشتر پارتی داد ‌و گەشەپێدان ‌و ئەردۆغان لەرێی وەزارەتی ناوخۆوە بەشێکی زۆر لەسەرۆک شارەوانیە شەرعیە کوردییە ھەڵبژێراوەکانی ناوچە کوردیەکانی لەپۆستەکانیان دەرکرد پاش دروستکردنی دۆسیەی ساختە لەژێر ناوی کۆمەکیکردن‌و پەیوەندی بەپارتی کرێکارانی کوردستانەوەو لەجێگەیان سەرۆک شارەوانی (قەیوم)ی دانا، بۆیە ئێستا‌و ئیتر پاش ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی مانگی ئازاری ٢٠١٩ نەک تەنھا سەرۆک شارەوانیە ھەڵبژێراوە کوردیەکانی شارەکانی باکوری کوردستان دەکەونە بەردەم مەترسی دووبارەبوونەوەی ھەمان بڕیاری نادیموکراسی ئەردۆغان و پارتەکەی، بەڵکو سەرجەم سەرۆک شارەوانی ‌و ئەوانەی دەنگیان پێبدرێ لەپارتەکانی دیکەی دەرەوەی ئاکەپە و بەرەی گەل لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرست، دەشێ بەگوێرەی ئەم یاسا نوێیە بە بڕیاری راستەوخۆی ئەردۆغان بکرێنە قەیوم و لاببرێن لەپۆستەکانیان، چونکە وەکچۆن ئەوەی تەحەکومی کرد لەلابردنی سەرۆک شارەوانیە کوردیەکاندا بڕیاری سیاسی‌و دروستکردنی دۆسیەی ساختەی دادگا بوو، بەھەمان شێوەش لەمەشدا بڕیاری سیاسی‌و دۆسیەی ساختە رۆڵ دەبێنێت، چونکە تاوەکو ئێستا ھیچ یەکێک لەو سەرۆک شارەوانیە کوردیانە لەدادگا ھیچ تۆمەتێکیان لەمەڕ دۆسیەی گەندەڵی ئاراستە نەکراوە.

 یەکێکی تر لەو رەخنانەی ئاراستەی ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەکرێت لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا بریتیە لەپێشێلکردنی مافی زیندانیەکان‌و بێبەشکردنیان لەمافی دەنگدان لەکاتێکدا یاسای ھەڵبژاردن‌و دەنگدەر پێی بەخشیون، ئەم پێشلێکردنەش لەژێر سایەی یاسا‌و بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا جێی بۆ کراوەتەوە، بەجۆرێ زیندانی دەتوانێ دەنگبدات، بەڵام چۆن، لەلایەک لەکۆی نزیکەی ٥٥ ھەزار زیندانی کە مافی دەنگدانی ھەیە ھەمووئەو رێژەیە ئەم بڕیارە نوێیەی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا رێژەیەکی کەم  دەتوانێت دەنگبدات، ئەویش ئەوەیە کە ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند ئەو  قۆڵبەسکراوانەی نێو زیندانەکان تەنھا لەو بازنانەی  ھەڵبژاردن دەتوانن دەنگبدن، کە پەیوەستن پێیەوە، بەگوێرەی ئەم بڕیارە ئەگەر ھاوڵاتیەکی زیندانی ناوی لەنێو لیستی دەنگدەرانی شاری ئەنکەرەدا بوو، بەڵام لەزیندانی سیلیفری لەئەستەمبوڵ قۆڵبەسکرابوو، ئەوا ناوی لەنێو لیستی دەنگدەرانی ئەو زیندانیەدا نابێت، بەمەش ژمارەیەکی کەم لەزیندانیەکان دەتوانن دەنگبدەن. ئەم بڕیارەش لەسەر رەزامەندی ٨ ئەندام بەرامبەر ٣ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەنگی لەسەر دراوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکانی وەزارەتی دادی تورکیا ژمارەی زیندانیانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٩.٣٨٥، کە زۆرینەیان نەیاری پارتی داد‌و گەشەپێدانی فەرمانڕەوان ‌و لەسەروبەندی ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ راپێچی زیندانەکان کراون‌و تائەمڕۆش پرۆسەی قۆڵبەسکردن بەردەوامەو ئەم بڕیارەش کاردەکاتە سەر دەیان  ھەزار زیندانی لەھەریەکە لەشارەکانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنکەرە بەشێوەیەکی تایبەت. ھۆکاری پشت ئەم بڕیارەش بۆ بێبەشکردنی ھەزارەھا زیندانی دیارە، چونکە زۆربەیان نەیاری پارتی داد‌وگەشەپێدان‌و لەئەندامان‌و ھەوادارانی بزوتنەوەی خزمەت ‌و بەشێکی زۆری دیکەشی کوردن، بۆیە لەم دۆخەشدا بەرەی گەلی ئاکەپە و پارتی نەتەوەپەرست سودی لێدەبینن. بەگوێرەی بەیاننامەکانی رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری ‌و ھاریکاریی (OECD) بۆ ساڵی ٢٠١٨ تورکیا پلەی دووەمی دوای ئەمریکا داگیرکردووە لەرووی ژمارەی زیندانیەوە بەراورد بەژمارەی دانیشتووانەکەی، بەشێوەیەک لەنێوان ھەر ١٠٠ ھەزار کەسێک ٢٨٧ زیندانی ھەیە و بەپلەی سێیەمیش ئیسرائیل دێت، کە ٢٦٥ زیندانیە لەھەر ١٠٠ ھەزار کەسێک.

بایەخی ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئاکەپە و ئەردۆغان  ‌و ئۆپۆزیسیۆن چییە؟

ھەندێک پێیانوایە ئەم ھەڵبژاردنە دوایین وێستگەی ھیوا‌و ئومێدی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیایە بۆ رزگاربوون لەدەسەڵاتی  ئەردۆغان ‌و پارتە فەرمانڕەواکەی، کە زیاتر لە١٧ ساڵە جڵەوی بەڕێوەبردنی ولاتی گرتووەتە دەست ‌و عەرشی دەسەڵاتی چۆڵ نەکردووە، بەتایبەت پارتە سیاسیەکانی وەک پارتی گەلی کۆماری‌و پارتی چاکە، چونکە دوای ئەم ھەڵبژاردنە تا ساڵی ٢٠٢٣ ھیچ ھەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام نادرێ‌و پێشتریش بەھۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی‌و سەرۆکایەتیەوە ھەم ئوردوگان‌و ھەم پارتەکەشی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی ھاوپەیمانی گرەوی سیاسیان بردەوەو ھیچ بەربەستێکی یاسایی نیە لەبەردەمیاندا، بۆیە لەئەگەری بردنەوەی بەرەی گەلی ئاکەپەو مەھەپە ئەوکاتە پەردە لەسەر دوایین خەونەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دادەدرێتەوەو ئەوەی ئەوان ناویان ناوەو پێیانوایە بەھۆی سیاسەتەکانی ئاکەپەو ئوردوگان دژی ئازادی رادەربڕین‌و میدیا‌و رۆژنامەگەری‌و مافی مرۆڤ ‌و ھەڵمەتی قۆڵبەستکردن ‌و ئاخنینی زیندانەکان بەردەوامی دەبێت. جگە لەمەش بایەخێکی تری ئەم ھەڵبژاردنە پەیوەندی بەبواری ئابووریەوە ھەیە، بەتایبەت وەبەرھێنانی بیانی، کەچاویان لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە، ھەروەک بایەخی گرنگتری ئەم ھەڵبژاردنە ئەوەش دەگرێتەوە لەئەگەری سەرکەوتنی پارتە نەیارەکانی ئاکەپە و مەھەپەی ھاوپەیمانی ‌و شکستھێنانی لە بردنەوەی شارەوانیەکانی شارە گەورەکانی وەک ئەنکەرە و ئەستەمبوڵ ترسی ئەوەیان ھەیە لەو حاڵەتەدا ئەردۆغان پەنا بباتە بەر داواکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژارجنی پێشوەختە، کە بەگوێرەی پرۆژە یاسای دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار پاش گۆڕین‌و جێگیرکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی پەسەند کراوە، بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە چ بۆ ئاکەپە ‌و ئەردۆغان و چ بۆ نەیارەکانیشی بایەخی تایبەتی خۆی ھەیە، وەک (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی مەھەپە وتی:"ئەم ھەڵبژاردنە گرنگە لەپێناوی بونیاتنانی سیستەمی سەرۆکایەتی‌و بێخداکوتانی بنەما‌و رێساکانی ".

فۆکەسی پارتە سیاسیەکان لەسەر کام شارو ناوچەی تورکیایە؟

بەپێی زانیاری‌و پێدراوەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، ھەروەھا واقیعی حاڵی کۆمەڵگەی تورکیا، فۆکەسی بەرەی ھاوپەیمانی گەل‌و پارتی گەلی کۆماری ‌و پارتی چاکە لەسەر شارە گەورەکانی ئەنکەرەو ئەستەمبوڵ‌و ئەزمیرەو ئەنجامی دەنگی ئەو شارانە کێبڕکێکە یەکلایی دەکەنەوە، بۆیە بەگرنگی‌و ھەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ کاندید‌و دەنگدەری ئەو شارانەدا دەکرێت. ناوچەی دووەم کە زوم‌و فۆکسی پارتی دیموکراتی گەلان ‌و ئاکەپەی لەسەر شارەکانی باکوری کوردستانە، کەھەریەکە لەو دوو پارتە دەیانەوێت زۆرینەی کورسیەکانی ئەو شارانە بەدەستبھێنن، بەتایبەت ئاکەپە دەیەوێت شارە گەورەکانی وەک دیاربەکر‌و چەند شارێکی تر لەھەدەپە ببیاتەوە، بۆیە بۆ ھەدەپە ھەستیاریەکەی گەورەترە، بەتایبەت لەبارودۆخێکدا، کە ژمارەیەکی زۆری سەرۆک شارەوانیەکانیان لەلایەن ئاکەپەو ئوردوگانەوە لەدەرەوەی ھەموو رێسا‌و یاسا دیموکراتیەکان‌و بەھا مرۆیی‌و ئاینیەکان لەپۆستەکانیان دەرکراون‌و لەشوێنیان سەرۆک شارەوانی قەیومی سەر بەئاکەپە دانراون. سەرباری ئەو ھەڵمەتە  قۆڵبەستکردنە سیاسیانەی سەرکردەو ئەندامانی باڵای ھەدەپەی گرتۆتەوە. دواجار دەشێ بپرسین ئایا ئاکەپە دەتوانێ درێژە بەکاروانی سەرکەوتنەکانی لەھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٢٠١٩ی تورکیا بدات یاخود لێرەوە دەوەستێ‌و پارتی گەلی کۆماری، کە رکابەری تاڕادەیەکی نزیکی ئەو پارت‌و بەرە ھاوپەیمانیە دەتوانێ زۆرینە لەشارەکانی ئەنکەرەو ئەستەمبوڵ‌و ئەزمیر بەدەستبھێنێت، چونکە بەپێی دوایین ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەو وڵاتە پارتی ناوبراو (٤٢.٥٦%)ی دەنگەکانی بەدەستھێنا‌و دەنگەکانی داکشا بۆ خوارەوە. ھەوڵدەدەین لەشیکاری‌و شرۆڤەی داھاتوودا رۆشنایی بخەینەر سەر پێگەی کورد‌و بایەخی شارە کوردیەکان لەم ھەڵبژاردنەو شیکردنەوەی پێشبینی‌و ئەگەرەکانی ئەنجامی پارتی دیموکراتی گەلان.