سەردێڕ:

دکتورە بەسمە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ یا ئاسایش؟

5/26/2019 6:29:24 PM
4593 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

دکتورە بەسمە وەک شەخس کەسێکی بەرێزە، بەڵام وەک ئەندامێکی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق لەپشکی یەکێتی رۆڵێکی ناپیشەیی و حزبیانە دەگێڕێت٫ کاتێک لەپارشێودا بەناوی کۆمسیونەوە رونکردنەوە بڵاودەکاتەوە  دەربارەی دۆخی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خۆبەخشە زیندانیکراوەکانی لەلایەن ئاسایشی حزبەکەیەوە. لەو روەوە چەند سەرنجێک دەخەینەروو.

یەک: دکتۆرە بەسمە کە ئەندامی کومسیونی باڵای مافەکانی مرۆڤە ئەرکی داکۆکیکرنە لە مافەکانی مروڤ و زیندانیکراوەکان ، نەک وەک پارێزەرێک پەردەپۆشی پێشێلکاریەکان بکات.

دوو: دکتۆرە بەسمە لەبەر ئەوەی کادیری یەکێتیە بۆ سومعەی پیشەیی خوی، یان دەبو داوای لێبوردن بکات لە بینینی ئەو ڕۆڵە یان بۆ مسداقیەتی راپورتەکەی لانی کەم ئەندامی دیکەی کۆمسیونی لەگەڵ بوایە، یان دەکرا کەسێک لە کەسوکاری زیندانیکراوەکان، یان پارێزەر یا ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێی لەگەڵ خۆی ببردایە بۆ پشتراستکردنەوەی ناوەرۆکی راپۆرتەکەی.

سێ : دکتۆرە بەسمە بۆ ئەوەی خیانەت لە بەرپرسیارێتیەکەی نەکات، دەبوو پێش ئەو سەردانە وەک داکۆکیکارێکی مافەکانی مروڤ ھێندەی وتەبێژی دادکای سلێمانی بوێر بوایە و ئیدانەی پێشێلکاریەکانی ئاسایشی بکردایە، کە ڤیدیۆی دانپێدانانی ژێر گوشاری خۆبەخشەکانی نەوەی نوێی لە کەناڵی حزبەکەیەوە بڵاوکردەوە، کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی مرۆف و یاساشە.

چوار : خاتوو بەسمە دەبو وەک بەرپرسیارێتیەکی ویژدانی و  پیشەیی بەدواداچونی بۆ لوغزی ئەو موعجیزەیە بکردایە کە خۆبەخشەکانی نەوەی نوێ بەکۆمەڵ پارێزەر رەتدەکەنەوە.

پێنج : خاتوو بەسمە لەبری سێڵفی گرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆبەخشەکان بۆ شاردنەوەی پێشێلکاریەکان، کەسوکاری زیندانیکراوەکانی بدیبایە تا لەزاری ئەوانەوە دڵنیابوایە ئایا مامەڵەکردنەکان لەگەڵیان مرۆییانە بووە یان نا؟

شەش: خاتوو بەسمە بەرپرسیارێتیەکەی کەگوایە پارێزەری مافەکانی مروڤە، دەبوو ھەڵوێستی ھەبوایە کە چۆن دەکرێت مادەی دووی مۆبایل و تەشھیر وەک کەیسی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

حەوت و کۆتا سەرنج: ھێنانەوەی دکتورە بەسمە لە بەغداوە کە کادرێکی حزبیە بۆ گرتنی سێلفی  لەگەڵ خۆبەخشەکانی نەوەی نوێ، ھێندەی تر ئەو راستیە بەرجەستەدەکات کە مامەڵەی سیاسیانە لەکەڵ کەیسەکە مایەی شەرمە بۆیە گەرەکیانە لە رێگەی کادرە حزییەکەیانەوە ماکیاژی بۆ بکەن.