سەردێڕ:

کۆرۆنا خێروبێرێک بۆ دەسەڵات

3/17/2020 9:40:59 PM
10595 جار خوێندراوەتەوە
فاروق غەفور
+ -

ئەوەی لە رێوشوێنەکاندا بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدیدەکرێت، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەم پەتایە ئیستیغلال بکات بۆ بردنی پارەی زیاتر لە داهاتی گشتی، نەک وەک حاڵەتێکی نائاسایی و مەترسیدار لێی بڕوانێت و بودجەی تایبەتی بۆ خەرج بکات.

چەندین رۆژە دەوام راکیراوە و قەدەغەکردنی هاتوچۆ راکەیەنراوە و خەرجییەکان تا ڕادەیەکی زۆر کەمبونەتەوە و نەوت وەک ڕۆژانی ئاسایی دەفرۆشرێت کەچی موچە نادرێت.

لەسەر شەقامەکان پارەیەکی زۆر وەک غەرامە بۆ ئەو شۆفێرانە دەکرێت کە سەرپێچی بڕیاری قەدەکردنی هاتوچۆ دەکەن، کەچی ئەم دەسەڵاتە ئامادە نییە لەو پارەیەی کۆی دەکاتەوە لانی کەم ژەمی لەفەیەک بۆ ئەندامانی ئەو مەفرەزانە دابین بکات کە لەسەر شەقامەکان رێنمایی و بڕیارەکان جێبەجێدەکەن، ئەوەش لەکاتێکدا تەواوی چێشتخانە و خواردنگەکان داخراون و ئەو ئێشکگرانە ناتوانن لەسەر ئەرکی خۆشیان نان بخۆن.

لەحاڵەتی ئاساییدا پارێزگایەکی كەورەی وەک سلێمانی پێویستی بە چەندین ملیار دینارە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی، کەچی ئێستا خزمەتگوزاریی تەندروستی کە راكیراوە بۆ جگە لە حاڵەتە کتوپڕەکان حکومەت دێت تەنها ملیارێک دینار تەرخان دەکات بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کە کەمترە لە خەرجیەکانی کەرتی تەندروستی لەرۆژانی ئاسایدا.

دەپرسین ئەوەی لەم دەسەڵاتە خێزانییەی هەرێم دەیبینین، ئیدارەدان و بەڕێوەبردنە یا چەتەگەریی و دزیی بەڕۆژی رووناک؟