سەردێڕ:

ژەھرەکانی کلتور

1/19/2019 11:15:49 PM
3572 جار خوێندراوەتەوە
ڕزگار عومەر
+ -

ئەوەندە بەس نیە؛ ناو لە ھەندێ لە چالاکی شانۆیی/تەلەفزیۆنی بنێ ی "قەشمەریات" و "موھەریج". کاتێک ئەو قەشمەریاتە بە ھاوبەشی لە گەڵ سەرەتانی مۆدیلی "بەندبێژی" نوێ یەکدەگرن و زمانی بێ بەھا کردن و داماڵین دەبێتە شێوازی ئاخاوتنی تەنانەت بیرکردنەوەش. ئەم برادەرانە وەکو تاک، کە بە شوێن دابین کردنی نانی خۆیانن لە ڕێگەی "فرۆشتنی" تەمسیل کردنی بە روخسار کۆمیدی ڕەنگە وەکو کێشەی بژێوی ئێمەو خۆیان بتوانن دوو قسەی تیابکەن، بەڵام کە دێتە سەر "مافی گشتی" ئەم جۆرە لە کۆمیدیا و لە بەند بێژی کلتوری کۆمەڵگە بە "تاڵان" دەبەن بە تایبەتی ھی منداڵ و ھەرزەکاران.

زمانی ئیرتیجالی ئەم برادەرانە ھەموو حەرفێکی ئیھانەو بێ بەھاکردنی شتێکی تیایە، ھەر بەندێکی ئەم بەندبێژانە ئاوی جۆرێک ناشیرین کردنی پەیوەندیەکان دەدات.

قسەیەکی زۆر بێ تامە؛ پێم بڵێ ی دەتوانی کەناڵەکە بگۆڕیت و سەیری نەکەیت، چونکە من وام  سەیری ئەم "ھیچ" بوونە ناکەم گوێ لە بەندبێژەکان ناگرم، بەڵام قسە لەسەر ئەم ھەموو منداڵ و نەوەی تازەیە دایە کە سەیریان دەکات و گوێیان لێ دەگرێت، تۆ نەوەیەکت بۆ دروست دەبێت لە ناو وێرانەیەکدا کە لە ڕووی کلتوریشەوە بۆ دووەم جار دەبێتە قوربانی.

ئێمە کۆمیدیای زۆر بەرزمان ھەبووە لە ڕابردوو، ھەموو تەمسیل و شانۆ کۆمیدیایەکانی حەفتاو ھەشتاکان نەک تەنیا چیژیان ھەبوو بەڵکو ھەڵگری پەیامی سیاسی و کلتوری بەرەنگاری بوون. بەشێکی زۆر ئەو شانۆگەریانەی ئەوسا لە دەقە جیھانیەکان وەرگیرابوون، کواڵیتی و دەق و ناوەڕۆک نواندن ھەمووی وەکو پاکێجێکی ھونەرییی بەرز یەکتریان تەواو دەکرد.

ئەم برادەرانە بڕوا ناکەم لە تەمەنیان ١٠ کتێبیان خوێندبێتەوە، باشترین خزمەت کە بەخۆیان و خەڵکی بکەن ئەوەیە کە ئەم چالاکیانە ڕاگرن، بڕۆن دەقی شانۆیی کۆمیدی پڕ لە پەیام ھەڵبژێرن، تەنیا دەرھێنەر بۆ ئێوە بەس نیە، ئێوە ڕاھێنەرو مامۆستای شانۆتان پێویستە کە فۆرماتان بکاتەو ەو بتانکاتەوە بە ھونەرمەندی شانۆیی ڕەسەن.