سەردێڕ:

تره‌مپ وتی داعشم تێكشكاند، به‌ڵام ژیاندییه‌وه‌

1/19/2019 4:49:49 PM
4647 جار خوێندراوەتەوە
برێت مه‌كگۆرك
+ -

سەرۆک بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دا بەبێ راوێژکاری لەگەڵ ھاوپەیمانان یان تێگەیشتن لە راستیە مەیدانیەکان.

رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم، مایک پۆمپێۆی وەزیری دەرەوە داوای ئەنجامدانی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لە من و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی وەزارەتی دەرەوە کرد؛ پەیوەندییەکەم لە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەغدادەوە ئەنجامدا، لەوێ بە مەبەستی بەڕێوەبردنی جەنگی ئەمەریکا دژی داعش گەشتم کردبوو. ئەو کاتە لەوێ بووم بۆ چاوخشاندنەوە بەو پلانەی ھەمانبوو لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراقدا تاوەکو دڵنیابین دەستکەوتەکانمان دژی داعش بەردەوام دەبێت. رێگەیەکی درێژمان بڕیبوو لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەردا، کاتێک داعش لە دەروازەی بەغداد بوو: ئەمڕۆ، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق سەلامەتترینە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، لەو کاتەوەی بەرنامەی ھاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەستیکرد بە چاودێری بارودۆخی وڵاتەکە.

ئەم دەستکەوتانە بەھۆی ھاوپەیمانە بێوچانەکانی ئەمەریکاوە لە مەیدانی جەنگدا ھاتنە دی، ھێزەکانی ئاسایشی عێراق، پێشمەرگە کوردەکان، جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوری و ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ھەر یەکە لەمانە قوربانیەکی زۆریان داوە بە خوێنی خۆیان.

خاڵێکی گرنگی ئەم دەستکەوتانە ئامادەبوونێکی بچوک بەڵام ئێجگار کارای سەربازیی ئەمەریکا بوو لە سوریا. ئەم ھەڵمەتە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکرد و یاریدەدەر بووە بۆ رێگرتن لە تواناکانی داعش بۆ داڕشتنی پلان و ئەنجامدانی ھێرش لە سوریاوە یان سەرھەڵدانەوەی بەرەو عێراق. ئەمەش پێویستی بە زیاد لە پێویست بەکارھێنانی سەرچاوەکانی ئەمەریکا نیە و پێویستی بەوە نیە ئەمەریکیەکان بەشداری شەڕی رۆژانە بکەن.

ئەوان ھاریکاری ھێزێکی ناوخۆیی دەکەن، ھەسەدە، کە ئەمڕۆ بریتیە لە گروپێکی فرە رەنگی نزیکەی  ٦٠،٠٠٠ جەنگاوەری عەرەب و کورد و مەسیحی، تاوەکو شار و شارۆچکەکانی سوریا لەژێردەستی داعش دەربھێنن. ھەسەدە ھەزاران قوربانی داوە. تاوەکو ھەفتەی رابردوو، دوو ئەمەریکی کوژراون لە جەنگدا لە سوریا. (چوار کەس لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا رۆژی چوارشەممە کوژران کە لە لایەن داعشەوە بەرپرسیارێتی گیرایە ئەستۆ  یەکەم ھێرشی لەمشێوەیە دژی ھێزەکانمان لە سوریا ھاوکات لەگەڵ نادڵنیایی لە واشنتن لەسەر ھەڵمەتەکە).

لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەدا، پۆمپێیۆ پێی راگەیاندین گۆڕانکاریەکی کتوپڕ لە پلانەکانماندا روویداوە: سەرۆک ترەمپ، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا تورکیەکەیدا، بڕیاریداوە سەرکەوتن دژی داعش رابگەیەنێت و ھێزەکانمان لە سوریا بکشێنێتەوە.

راستەوخۆ گەڕامەوە واشنتن بۆ یارمەتیدانی دامرکاندنەوەی پەرتەوازەبوونی دوای بڕیارەکە، بەتایبەت لەناو ھاوەڵە ھاوپەیمانەکانماندا، ماوەیەک لەمەوبەر ھەموویانمان دڵنیاکردبووەوە، بەپێی رێنماییەکانی کۆشکی سپی کە ھیچ نیەتێکمان نیە بەم زووانە سوریا جێبھێڵین: جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشتر رایگەیاندبوو ئێمە لە سوریا دەمێنینەوە "تاوەکو مەترسی ئێرانی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە." من و جیم ماتیسی وەزیری بەرگری پێشتر لەگەڵ ھاوەڵەکانمان کۆببووینەوە بۆ دووبارەکردنەوەی پەیمانەکەمان بۆ مانەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠.

ھاوتاکانم لە پایتەختی وڵاتانی ھاوەڵەوە سەریان سوڕما. ھاوەڵە جەنگاوەرەکانمان لە ھەسەدە، کە بە بەردەوامی سەردانم دەکردن لە بەرەکانی جەنگ لە سوریا، شۆکیان پیشاندا و دواتریش نکوڵی، بەو ھیوایەی ترەمپ لە بڕیارەکەی پاشگەزبێتەوە. ھەروەھا بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە جەنگەکەیان دژی داعش و ئەو کاتەش  دەستکەوتی زیاتریان بەدەستدەھێنا لە ناوچەکانی ژێردەستی تیرۆریستیەکان لە خۆرھەڵاتی سوریا.

ھەر زوو بۆم دەرکەوت کە ناتوانم بەشێوەیەکی کارایانە ئەم رێنماییە نوێیانە جێبەجێبکەم و لە ٢٢ی کانونی یەکەمدا داوای دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کرد.

بڕیاری سەرۆک بۆ جێھێشتنی سوریا درابوو بەبێ تاووتوێکردن، راوێژکردن لەگەڵ ھاوپەیمانەکان یان کۆنگرێس، ھەڵسەنگاندنی مەترسیەکان، یان بەھەند وەرگرتنی راستیەکان. دوو رۆژ دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی پۆمپێیۆ ترەمپ لە تویتەر نوسی، "ئێمە داعشمان لە سوریا تێکشکاند." بەڵام ئەوە راست نەبوو، و ئێمە ئەوکات بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی دژی داعش. چەند رۆژێک دواتر بانگەشەی ئەوەیکرد کە سعودیە "ئێستا بەڵێنی داوە پارەی پێویست خەرج بکات بۆ ھاوکاری بونیادنانەوەی سوریا." بەڵام ئەوەش راست نەبوو، وەک دواتر سعودییەکان پشتڕاستیان کردەوە. ھەروەھا، ترەمپ پێشنیازی ئەوەشی کردبوو کە ھێزە سەربازیەکانی ئەمەریکا دەتوانن لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سوریا جێبھێڵن، کە لە روی لۆجیستیەوە ئەستەم بوو.

لەمانەش خراپتر، ئەوەبوو ترەمپ بڕیارەکەی دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دابوو. ئەو بەو پێشنیازەی ئەردۆغان رازیببوو کە تورکیا پێشڕەوی جەنگی دژی داعش دەکات لەناو قوڵاییەکانی سوریادا. لەراستیدا، تورکیا ناتوانێت سەدان میل دوور لە سنورەکانی خۆی لە ژینگەیەکی توندوتیژدا شەڕ بکات بەبێ ھاوکارییەکی سەربازیی بەرچاوی ئەمەریکا. ھەروەھا زۆر لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن توندڕەویان تێدایە کە بە ئاشکرا نیەتی خۆیان ئاشکراکردووە کە ئامانجیان شەڕکردنە دژی کوردەکان نەک داعش.

دوا پێشنیازی ترەمپ، کە لەرێگەی تویتێکەوە بڵاوکرایەوە، بۆ دامەزراندنی ٢٠ میل ناوچەی ئارام، کە ئەردۆغان دەڵێت تورکیا ئەنجامی دەدات، بەھەمانشێوە پێدەچەت بەبێ راوێژ و شیکردنەوە کرابێت. ئەو ناوچەیە ھەموو ناوچە کوردییەکانی خۆرھەڵاتی سوریا دەگرێتەوە. لەم کاتەدا کە سەربازە ئەمەریکییەکان خۆیان بۆ کشانەوە ئامادە دەکەن، ھیچ ھێزێک ئامادە نیە ئەو ناچەیە کۆنترۆڵ بکات و کاتی ئەوەش نیە ھێزێک ئامادە بکرێت. ھەروەھا ھاتنەناوەوەی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پشتگیریکەر لەلایەن تورکیاوە ئەگەری ھەیە ببێتەھۆی ئاوارەبوونی ھەزارن کورد، ھەروەھا ھەڕەشەشە بۆسەر جڤادە مەسیحیەکان کە خۆیان لە مەترسیدان و لەو ناچانە دەژین.

کاردانەوە ستراتیجییەکانی بڕیارەکەی ترەمپ دەرکەوتوون: تاوەکو تورکیا جێدەستی خۆی لە سوریا فراوانبکات، خێراتر ھاوەڵە عەرەبەکانمان بەرەو دیمەشق ھەنگاو دەنێن. بە رێکەوت نەبوو بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی باڵیۆزخانەکانیان لە دیمەش کردەوە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ترەمپ وتی ئەمە دەکشێینەوە. ئەم وڵاتانە، ھەروەھا سعودیە و میسر و ئوردون، باوەڕیانوایە مەمەڵەکردن لەگەڵ دیمەشقدا یاریدەدەر دەبێت بۆ روونکردنەوەی کاریەگەری روسیا و ئێران و تورکیا لە سوریا، و ھەروەھا گوێنادەنە بۆچوونە جیاوازەکانی لە واشنگتن. ھەسەدە، دوای ئەوەی ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە بەمزووانە بەتەنھا دەمێنێتەوە و لەلایەن ھێزە دژەکانەوە چواردەوردراوە، وتووێژەکانی خێراکردووە لەگەڵ رژێمەکەی بەشار ئەسەددا. تورکیا، ھاوپەیمانێکی ناتۆ، چەند رۆژێک دوای بڕیارەکەی ترەمپ، رویکردە روسیا لەرێگەی ناردنی بەرپرسێکی باڵاوە بۆ مۆسکۆ بۆ پلاندانان بۆ ھەنگاوەکانی ئایندە لە سوریا. ئیسرائیل، نزیکترین ھاوپەیمانمان لە ناوچەکە، روبەڕووی واقعێکی نوێ بووەوە کاتێک ئەمەریکا سوریا جێدێڵێت. تەنھا روسیا و ئێران دەستخۆشییان لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد. ھەر باڵادەستییەکمان ھەبووبێت لەگەڵ ئەم دوو دژەدا لە سوریا ئەو چرکەیە رەوییەوە کە ترەمپ وتی سوریا جێدێڵین.

ئەم ئاڕاستانە خراپتردەبن ئەگەر سەرۆک بڕیارەکەی نەگۆڕێت: ھاوەڵەکانمان چیتر گوێمان لێناگرن و بڕیاری وا دەدەن کە دژی بەرژەوەندییەکانمان دەبن. دژەکانمان ھەوڵی کڕینی کات دەدەن کاتێک دەزانن ئەمەریکا لەسەر رێگایە بۆ دەرەوە. داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە کە جێھێشتنی ئێمە دەیکاتەوە و تواناکانیان دەبوژێننەوە بۆ دروستکردنی ھەڕەشە لەسەر ھاوڕێکانمان لە ئەوروپا وەک چۆن لە ٢٠١٦دا کردیان  و لە دواجاریشدا لەسەر وڵاتەکەی خۆمان.

حاڵەتە نمونەییەکە ئەوەیە ترەمپ ھەر کشانەوەیەک بوەستێنێت تاوەکو ھەڵسەنگاندنی وردی مەترسییەکانی پێ دەگات، بارودۆخی داعش و گونجاویی تورکیا، یا ھەر لایەنێکی دیکەی پێدەگات، بۆ جێگرتنەوەی ئێمە. داواکردن لە پێنتاگۆن بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی کشانەوە بەبێ ئەو ھەڵسەنگاندنانە ھەڵەیە. ئەوە بەس نیە بەرپرسە باڵاکان بکشێنەوە یان مەرج لەسەر بڕیارەکە دابنێن. دەبێت ئەمە لە سەرۆکەوە بێت.

ئەگەر ئەم بژاردە دانایانەترە بەڵام دوورە ھەڵنەبژێردرێت، بەرپرسە ئەمەریکییەکان ھەوڵی ئەوە دەدەن پێشنیازی ئەوە بکەن بڕیارەکە بایەخی نیە. لەم چەند ھەفتەیەی رابردوودا پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ھەموو ئامانجەکانمان لە سوریا  بە دەرکردنی ئێران و گۆڕانکاری سیاسیشەوە لە دیمەشق — دەکرێت بێنەدی، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ دەڵێت سوریا جگە لە  "لم" و "مەرگ" ھیچ بەھایەکی تری نیە و ئەوەی سەرکردەکانی ئێران "دەتوانن ھەموو ئەوانە بکەن کە دەیانەوێت" لەوێ. ئەم دووکەرتبوونە لە نێوان ئامانجە گەورەکان کە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکاوە دیاریکراون لەگەڵ بۆچونەکانی ترەمپ خۆیدا بەپێچەوانەوە دەبێتە زیاتر داڕوشانی متمانەی ئەمەریکا.

سیاسەتکارێکی واقیعیانەتر لە سوریا دەبێت ئەم راستیە راشکاوانە بەھەند وەربگرێت: یەکەم، ئێمە دەڕۆین. لەوانەیە لە ماوەی شەش مانگدا بێت، چوار مانگ یان کەمتر، بەڵام ترەمپ چەند جارێک بە روونی ئاشکرای کردووە کە دەیەوێت بچێتە دەرێ. تاوەکو زیاتر نکوڵی لەم راستیە بکرێت یان وا وەسف بکرێت کە تەنھا جیاوازیە لە تاکتیکدا، بەڵام ستراتیجەکەمان وەک خۆی ماوەتەوە، مەترسیەکانی چوونەدەرەوەیەکی ئابڕووبەرانە و ھێرش دژی ھێزەکانی ئەمەریکا و پشتگوێخستنی تەواوەتی ھەسەدە  بەبێ پلانێکی واقعی بۆ دوای جێھێشتنەکە خراپتر دەبێت. دەبێت ئێستا جەخت لەسەر پاراستنی سەربازەکانمان و ھاتنەدەرەوە بە سەلامەتی بکەینەوە؛ داواکردن لە ھێزە بچوکەکەمان بۆ ئەوەی لەمە زیاتر بکەن مەترسیەکانی سەریان زیاد دەکەین کاتێک دەکشێینەوە.

دووەم، ئەسەد دەمێنێتەوە. ئەم راستیە ئەمڕۆ بەشێکە لە بیرکردنەوەی ھاوەڵەکانمان لە ناوچە بە سعودیە و ئیسرائیلەوە، کە ھێندەی ھەر کەسێک لە واشنتن توندن دژی ئێران بەڵام لەوە تێدەگەن بەبێ ئێمە لەوێ، ھەر ئەگەرێکی لابردنی ئەم دیکتاتۆرە کۆمەڵکوژە، کە لەلایەن ئێران و روسیاوە دانراوە، تەنھا خەونێکی بەدینەھاتووە.

سێھەم، تەنھا ھەسەدە سەقامگیری فەراھەم دەکات لەو ناوچەیەی کە پێشتر دەوڵەتی ئسیلامی بوو لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا. ھێزەکانیان جێگەیان پێناگیرێتەوە. کاتێکیش ئەمەریکا ئەوێ جێدێڵێت، ئەوان پێویستیان بە یاریدەدەرێکی دیکەیە، ئەگەرنا مەترسی کەرت کەرتبوون و کرانەوەی بۆشاییەک دەبێت کە بوار بە داعش دەداتسەرھەڵبداتەوە و بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە. بۆ پاراستنی سەقامگیری، رەنگە ھەسەدە ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەبێت جگە لە رێکەوتن لەگەڵ دیمەشقدا بۆ چوونەوە ژێر چەتری دەوڵەتی سوری. ئەم دەرەنجامە نەخوازراوە رەنگە پێویست بێت بۆ خۆلادان لە کارەساتێکی ستراتیجی و مرۆیی.

چوارەم، تورکیا ھاوپەیمانێکی متمانەپێکراو نیە کاتێک دێتە سەر سوریا. ئەو ھێزە ئۆپۆزسیۆنە سوریەی پشتگیری دەکات تێکھەڵکێشە لە لایەنی توندڕەو و ژمارەیان ئێجگار کەمە بۆ ئەوەی تەحەدایەکی کاریگەر پێکبھێنێت بەرامبەر بە ئەسەد یاخود جێگرەوەیەکی جدی ھەسەدە بێت. ئەو ناوچانەی سوریا کە گوایە لەژێر دەستی تورکیادایە، وەک ھەرێمی ئیدلیب لە باکوری خۆرئاوا، زیاتر و زیاتر لەلایەن قاعیدەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت ھاوکاری تورکیا بدات بۆ پاراستنی سنورەکەی، بەڵام ھاتنەناوەوەی سوپای تورکی و جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆنی پاڵپشتیکەر لەلایەن تورکیاوە بۆ ناوچەکانی ھەسەدە لە باکوری خۆرھەڵات  وەک ئەوەی ئێستا تاووتوێدەکرێت دەبێتە ھۆی ئاژاوە و ژینگەیەکی لەبار بۆ بوژانەوەی توندڕەوی.

بۆیە ئامانجەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەبێت کورتبکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی ھەڕەشەی سەرھەڵدانەوەی داعش و رێگرتن لە ئێران لەبەھێزکردنی توانا سەربازیەکانی خۆی کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل. ئامانجی یەکەم بەوە بەدیدێت کە دڵنیابین ھەسەدە وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەستمانڕادەگات بە ئاسمانی ناوچەکە لەرێگەی دامرکاندنەوەی ململانێیەوە لەگەڵ روسیادا؛ ئامانجی دووەمیش لەرێگەی پشتگیرکردنی ئیسرائیلەوە دەستبەر دەکرێت لەوەدا کە لەم دواییانەدا وەک ھەڵمەتێکی ئاسمانی دژی ھەڕەشەی ئێرانی لە سوریا وەسف کرابوو.

ئەم ئامانجە تەسکانە ئەو کەسانە رازی ناکەن کە ھیوای گەورتریان بۆ سوریا ھەیە. بەڵام ئەو ھیوایانە مردوون. لەگەڵ لێدانی کاتژمێری کشانەوەی ئەمەریکا، ئێمە دەبێت ئەوە رزگاربکەین کە فریای دەکەوین ئەویش گرنگترین بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە، ئەمەش رەنگە کارێژی درێژ بێت.

دژیەکیەکە لەوەدایە کە شکستھێنان بە داعش ئەوەبوو کە سەرۆک وەک ئمانجی خۆی دەستنیشانی کردبوو ھەر لە سەرەتاوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا، بەڵێنی ئەوەیدا داعش تەفروتونا بکەین. بەڵام بەداخەوە، ئەم بژاردەیەی ژیانێکی نوێ دەداتەوە بە داعش و دوژمنەکانی دیکەی ئەمەریکا.