سەردێڕ:

ئەردۆغان بەپشتیوانی کێ وادەکات ؟

8/21/2019 10:12:07 PM
7641 جار خوێندراوەتەوە
ئارام هادی
+ -

ئەردۆغان بە ھەرنرخێک بوو دەیویست لەژێرناوی دروستکردنی (ناوچەی ئارام) تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات، بەڵام ئەمریکییەکان ڕێگەیان پێنەدا و خواستی ئەردۆغان نەھاتەدی، لەبەرامبەردا پێدەچێت ئەمریکیەکان پاڵپشتی لە ئەردۆغان بکەن لەو (کودەتا سپی)یەی کە دەستی پێکردووە، بەلادانی سەرۆک شارەوانیەکانی (ئامەد. وان. ماردین) و دانانی (سەپێنەر) لەجێگەیان، لەم بارەشەوە جەھەپەش نەیشاردەوە کە ترسیان ھەیە ھەمان سیاسەت لەسەر سەرۆک شارەوانیەکانی ئەوانیش لە (ئەستەنبوڵ. ئەنقەرە)جێبەجێبکرێت.

بۆ ھەرێمی کوردستانیش واریدە تورکیا لە داھاتوویەکی نزیکدا فراوانتر لە ڕابردوو لە ھێرشەکانی بەردەوام بێت بۆ سەر قەندیل و دەستوەردانی زەقتریش لە کار و باری ئیداری ھەرێمی کوردستاندا بکات و ڕێگریش بێت لە ڕێککەوتنی نێوان (ھەولێر. بغداد) لەسەر نەوت و بودجە و موچە.

گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچەیە ھەموویان وەک ئەڵقەی یەک لەدوای یەک و پێکەوە بەستراون و پەیوەندییان بەیەکەوە ھەیە، ھاوکاریکردنی ڕوسەکان بۆ بەشار ئەسەد لە گرتنەوەی شاری (خان شێخون) و دەرکردنی سوپای تورکیا و گروپەکە تیرۆرستیەکانی سەربە تورکیا، کاردانەوەی سیاسەتی پوتینە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ڕێککەوتنەی (ئەمریکا و تورکیا) لەسەر ناوچەی ئارام لەڕۆژئاوای کوردستان!

ئەردۆغان لەناوخۆی تورکیا بە پاڵپشتی (ئیسلامیە توندڕەوەکان و نەتەوەپەرستەکان) ھەرکارێک دەکات کە پێی خۆش بێت، بۆئەمەش ئیسلامییە توندڕەوەکانی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە و ھەرچی نەتەوە پەرستەکانیشە لەڕێگەی ھاوپەیمانێتی (مەھەپە)وە پاڵپشتیانی بۆخۆی مسۆ‌گەر کردووە.

لەسیاسەتی دەرەوەشیدا (ئەمریکا. ڕوسیا) بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان پاڵپشتی لێدەکەن، ھەرچی پەیوەندی بە ئەوروپاشەوە ھەیە جگە لە بەریتانیا، ئەردۆغان حساب بۆ ھیچ وڵاتێکیان ناکات بە (ئەڵمانیا و فەڕەنسا)شەوە.

کورد وەک ڕابردوو لەناو گفتوگۆکاندا نیە، خەتای سەرەکیش خودی کورد خۆیەتی کە تائێستاش نەیتوانیوە نوێنەرێکی ھەڵبژێردراوی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستانی ھەبێت، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان سەبارەت بە پرسە چارەنوسسازەکان، ھەر ئەمەشە تائێستا کوردی لە یاریە لۆکاڵییەکان ھێشتووەتەوە و شەڕە لەسەر دانانی پارێزگارێک، گەر کورد خۆی کۆنەکاتەوە و لە دەوری پرۆژەیەکی ھاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی ڕێکنەخات، مەترسی ئەوەش ھەیە لە ئایندەدا ئەو دەسەڵاتە لۆکاڵیەش لە کورد وەربگرنەوە بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا.

سەرباری ئەمانەش، ئاستی ناڕەزایی لەبەرامبەر سیاسەتی سەردەستی تورکیا لەمەڕ ناوچەکە، تادێت لەناو ھەناوی تورکیاوە بەرزتر و بەھێزتر دەبێت بۆ پشتگیریی لە ھەدەپە، ئێستا سیان لە بەرپرسە کاریگەر و بەتواناکانی پێشووی حزبەکەی ئەردۆغان بەپەلە لەسەر لادانی سەرۆک شارەوانیەکان ڕەخنەی توندیان لە ئەردۆغان گرت، ھاوکات جەھەپەییەکانش سەرباری ڕەخنەکانیان لە ئەردۆغان، بە ھەستیاریەوە لە دۆخەکە دەڕوانن، بەڵام پێناچێت بەمزووانە ھێزی ئەوەیان ھەبێت کە ستۆپ بە ئەردۆغان بکەن.

جیھان بەگشتی و ئەم ناوچەیە بەتایبەتی، خۆی لە خولێکی تری شەڕی قورسی درێژخایەنی ھێزە ناوچەیی و جیھانیەکان دەبینێتەوە و لەبەر دەرگامانە، ئەوەی گرنگە کورد بەلەبەر چاوگرتنی ھەڵەکانی ڕابردوو چۆن خۆی ئامادە دەکات و کامەیە ئەو پرۆژە و خاڵە ھاوبەشانەی کۆیان دەکاتەوە بۆ بەگژداچونەوەی دوژمنان، گەر کورد یەکگرتووبێت، دەبێتە ھێزێکی یەکلاکەرەوەی سیاسەتی ئەم ناوچەیە.