سەردێڕ:

دیموکراسی-یەک لە تەنەکە و فافۆن

6/5/2019 3:08:23 PM
2633 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

بەرپرسە زمان درێژەکانی کوردستان و عیراق زوو زوو باسی دیموکراسی دەکەن، وەک نوقڵی ترش و شیرین ئەیبەخشنەوە بەسەر ھاووڵاتیانی کوردستان و عیراقدا. لەنێوخۆی حزبەکانیشدا وەک گوڵێکی نایلۆن- لاسک دڕکاوی- ئەیکەن بەبەرۆکی ئەندامەکانیاندا. جا من گومانم نییە لەوەی ھەرچییەک لای حزبی کوردستانی و عیراقی زیادەڕۆیی تێدا کرا و زۆر وترایەوە ئەوە بزانە فشەڵە و بوونی نییە و درۆیە.

من وانەی دیموکراسی ناڵێمەوە، بەڵکو بەسادەیی بۆ بەرپرسانی کوردو عیراقی رووندەکەمەوە، بەڵکو ببێت بەوانەیەک بۆیان، چونکە زۆرجار درۆ بەدەم وڵاتانی تریشەوە دەکەن. بەنموونەیەک ئەمە شیدەکەمەوە- کە دەکەونە قسە دەڵێن لە ئەمریکاش وەزیرەکان حزب دەسنیشانیان دەکات، لە ئەمریکاش ئەندامانی حزبی دیموکرات و کۆمارییەکان پابەندن بە حزبەکانیانەوە، لە ئەمریکا و ئەوروپا ئەمە و ئەوە و سەدان قسە بزرکاندنی تر... بەڵام لەبنەڕەتەوە یان نایزانن یان ناگەڕێن بەشوێن زانیندا، یان درۆ ئەکەن.

رێگەم بدەن بیرتان بگوازمەوە بۆ بایەتی سەرەکی، تا حزبە کوردییەکان بەراست و چەپییەوە- عەلمانی و ناعەلمانییەوە کە من خۆم گومانم لەبوونی حزبی عەلمانی ھەیە لەکوردستان- تێیانگەیەنم کە مانای دیموکراسی ئاوایە! دیڤێد فرۆم نووسەر و رۆژنامەنووس و پارێزەرە، ئەم پیاوە خاوەنی ٩ کتێبە، لە کەنەدا لە دایکبووە، بەڵام ئێستا ھەڵگری رەگەزنامەی ئەمریکییە، لە ھەر سێ زانکۆی تۆرینتۆ و بێل و کۆلێژی مافی زانکۆی ھارڤارد بڕوانامەی بەدەست ھێناوە.

ساڵی ١٩٨٠وەک "خۆبەخش" ھەڵمەتی کەمپینی ھەڵبژاردنی رۆناڵد رێگان –ی رێکخستووە کە کاندیدی کۆمارییەکان بوو بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەندامی کۆنگرەی حزبی کۆماری بووە ساڵی ١٩٨٨. نووسەری وتارەکانی جۆرج دەبیلیو بۆش بووە و دواتر بۆش پێشکەشی دەکردن. کەسێکی کۆنسەرڤاتیڤە و ئەندامی حزبی کۆمارییەکانە. کاتێک کە دۆناڵد ترەمپ پاڵێورا لەلایەن کۆمارییەکانەوە ئەم کۆماریخوازە دژبوو.

بیرم نایەت چەند دوای ھەڵبژاردن بوو لەگۆڤاری The Atlantic وتارێکی نووسی لەژێر ناوی "بۆچی دەنگم بە ترەمپ نەدا؟!"

ئەو بەئاشکرا لە وتارەکەیدا نووسیبووی: "دەنگم بە ھیلاری کلنتۆن دا، نەک لەبەرئەوەی کەڵکی دەبێت بۆ من، بەڵکو لەبەر بەرگریکردن بوو لە یاسا و رێساکانی دیموکراسی لەئەمریکا، وێرای ئەوەی ناکۆکم لەگەڵ ھیلاری لەسەر کۆمەڵێک مەسەلە، بەڵام پێموابوو ھیلاری پابەنددەبوو بە کۆمەڵێک پێودانگی دیموکراسیی کە ترەمپ قەشمەری پێدێت."

دوای ئەم ھەڵوێستە سیاسییە ئاشکرایەیی نە حزبی کۆمارییەکان بانگیانکرد سزای سیاسی بدەن، نە مووچەکەشیان بڕی و نە لە حزب-یش دەریانکرد و نە لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھات لەلایەن ملھوڕ و ملکەچ و سیخورەکانی حزبەوە، چونکە بەرلەوەی ئەم لەدیموکراسی گەیشتبێت ھاورێکانی لە کۆمارییەکان دیموکراسیان وەک میدالیا کردۆتە ملی ھەموو ئەندامەکانیان. لەسەروو ئەمەشەوە یەک کتێبی ٣٠٠ لاپەڕەی لە سەر سیستمی خراپی حوکمڕانی ترەمپ دەرکرد.

کۆتا قسەی من ئەوەیە، ئەمە نموونەیەکی زۆر سادەیە لە ماف لە سیستمی دیموکراسیدا. جا با لە عیراق و کوردستان ئەوەندە درۆ لەگەڵ چەمکەکان نەکرێت. راستی رەفتاری سیاسی حزبەکان و سیاسییەکان چۆنە، ئاوا گوزارشتی لێبکەن.

دیموکراسییەکی عەیارە ٢٤ پیشانی خەڵک و ئەندامانی حزب نەدرێت، لەکاتێکدا ئەو دیموکراسییەکی ھەیە لە تەنەکە و فافۆن و مقەبا دروستکراویش سوکتر و بێ نرخ ترە، چونکە لەژێر سایەی ئەو دیموکراسییە ئارتیفیشیەڵ-ە (موزەیەفە)دا سەدان کەس بوون بە قوربانی کە خۆم یەکێکم لەوانە.