سەردێڕ:

جاشایەتی لە میدیا-دا

6/3/2019 3:55:51 PM
3772 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

رێگە بە عەقڵی ھەرزەکارانە مەدەن، میدیاکانتان بەرن بەڕێوە، چونکە دواجار بەھۆی ناکامڵی عەقڵیانەوە، کۆمەڵگە بەرەو فەوتان دەبەن. ئەمە دێرێکی سەرنجڕاکێش بوو کە ئەمڕۆ خوێندەمەوە لە کتێبی (فرۆشتنی میدیا) کە لەنووسینی چارلس وۆرنەر-ەو مانگی پێشوو کەوتە نێو کتێبخانەکانی ئەمریکاوە.

رۆژانی یەکشەممەم داناوە بۆ خوێندنەوەی کتێب لەسەر میدیا، جا دەشێت کتێبێک بە پێنج بۆ شەش ھەفتە تەواو بکەم، ماوەی دوو ھەفتەیە ئەم کتێبە دەخوێنمەوە، جارجارەش لەرێگەی فەیسبووکەکەمەوە چاوم ئەچێتە سەر ھەواڵی سایت و رۆژنامە کوردییەکان، ئیدی ماتەمینی جەستەم دادەپۆشێت. کاتێک لەئێستادا سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبەکەی چارلس وۆرنەر-م بەناوی فرۆشتنی میدیا-مەبەست لێی بازاڕپەیداکردنە بۆ میدیا- ھێزێکی نوێ ئەبەخشێت بەو زانیارییانەی کە لەسەر میدیا ھەمە و ئەوەندەی تر میدیای کوردیم لا بێنرخ تر دەکات.

ئەم کتێبە گەیاندومیەتییە رادەیەک، ئەوەی ئێستا بەرێوەدەچێت بەشێکی زۆری لە میدیا دەرچووە بووە بە بڵاوکراوەی (پروپاگەندە و واتەوات)ی بەرپرسەکانی حزبی کوردی. لە یەک ساتدا کە لەیەکتری گیردەکەن و دەمەقاڵێ و گرژبوونی سیاسی دەکەوێتە نێوانیان، رووی راستەقینەی سیاسەتی میدیای فاشلی ئەو سایت و رۆژنامانەت بۆ دەردەکەوێت.

ئەمانەی ئێستا لە میدیای حزب دەرچوون، ھەر بەرپرسێکی حزبی بەتایبەتی یەکێتی و پارتی کۆمەڵێک ھەرزەکاری لە خۆی کۆکردووەتەوە و پارەیەکی خستۆتە بەردەستیان و سایتێک یان کەناڵێکی کردووەتەوە بۆ تێکشکاندنی ئێسکوپروسکی یەکتریی و نەیارەکانیان. تۆ دیقەت بدە! چارلس وۆرنەر دەڵێت:"ھەرگیز رێگە نەدەن کەسێک بەرپرسیاری ژووری ھەواڵ و کۆی میدیاکەی بکەوێتە دەست ئەگەر لە ماھیەتی ھەواڵ و کاریگەرییە باش و خراپەکانی نەزانێ! ھەرگیز مەھێڵن کەسێک بەرپرسیارێتی میدیای بکەوێتەدەست ئەگەر راکەڕاکی نەکردبێت بەشوێن ھەواڵدا و خۆی ھەواڵساز نەبووبێت" جا من ئەم وتەیە دەگوازمەوە بۆ ئەو منداڵبازاڕە میدیاییەی کوردستان و دەپرسم، ئەو بەرپرسە میدیایی و سەرنووسەری ژووری ھەواڵانە کامانەن کە ھەواڵەکەیان ئیتیکی تیابێت و بتوانن دوور لە لایەنداری داڕێژن، چەند لەو کەسانەی بەرپرسیارێتی میدیاییان ھەیە رۆژێک پەیامنێر بوون و بەدوای ھەواڵدا رایان کردووە؟! بێگومان بە پەنجەی دەست دەبژێردرێن.

ئەمە بۆچی؟ یاخود ئەم سەلیقەیە بۆ گرنگە، چونکە ئەوەی روودەدات لە کورتەی ھەواڵێکەوەیە کە وەڵامی پێنج پرسیارەکە ئەداتەوە، لەوێوە ئەبێت بە ھەواڵێکی چڕ و پڕ و دواتر بە ریپۆرت. خۆ ئەگەر میدیاکارێک بەسەلیقەو وردێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ کورتە ھەواڵێکدا نەکرد، بەدڵنیایی لەگەڵ کۆی کەناڵەکە راستگۆ نابێت، لەوێوە لەگەڵ کوێ رای گشتیدا کۆک و راستگۆ نابێت و ئەبێت لەڕێ لادەری کۆمەڵگە. ئەوەی دەیبینین وەھایە وێبسایتە کوردییەکان کەوتونەتە بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە.

ھەستدەکەم دۆخێکی ھێندە خراپە لەمیدیادا، کە من بە دۆخی "جاشایەتی" ئەیشوبھێنم، چونکە لەئێستادا بەکرێگرتنی رۆژنامەنووس بۆتە پیشەی بەشێک لە بەرپرسەکان گەورە و بچوکەکانی حزبی کوردیی لە باشووری کوردستان. نایشارمەوە زۆرجار دەستەوسان دائەمێنم کە نازانم پەنا بەرمە بەر چ میدیایەک کە نووسینەکانمی تێدا بڵاوبکەمەوە و نەبم بەبەشێک لەو ئەجێندای جاشایەتییە. ئێستا بەشێک لەو گەنجە تازانەی نێو میدیا کەوتونەتە ناو گێژاوی ئەو جاشایەتییەوە بەرێبەری چەند کەسێک کە ئەزموونێکی پڕ تەپوتۆزاویی و ژەنگاویان ھەیە و وردە وردە دەچنەوە سەر پلێتە بنەڕەتییەکەیان و دەزانرێت ئەوەی چەند ساڵە دەیڵیین لە درۆ بەولاوە ھیچی تر نەبووە و نییە. جاشایەتی لە میدیادا ھیچی کەمتر نییە لەو جاشایەتییەی کە خەڵک بۆ بەعسی دەکرد بەچەک، چونکە ھەردووکیان لە پێناو بەرژەوەندییەکدایە ئەویش پارەیە.

بەداخەوە کاتێک ئەم وتارە دەنووسم ھیچ ئەلتەرناتیڤێکم پێ نییە بۆ دۆخەکە تەنیا ئەوەندە نەبێت قەڵەم بەدەستە ئازاو ئازادەکانی ناو میدیای کوردی نەھێڵن درێژە بدرێت بەو سەردەمی جاشایەتییەی کە لە میدیادا پەیدا بووە و ھەر بەچکە بەرپرس و بەرپرسە کۆمەڵێک کەسی راگرتووە بۆ بەرێوەبردنی سایتێک و لە بۆنە و یادە رۆژنامەنووسییەکاندا باس بکرێت ئەم سایتە لە بەرژەوەندی چ بەرپرسێک کاردەکات.