سەردێڕ:

عیراقییەکان نەگبەتن

5/25/2019 3:28:03 PM
2648 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

ئێستا کە شەڕ ھاتۆتە بەردەرگای عیراقییەکان، ھاتو ھاوار دەستی پێکردووە. تا مانگێ لەمەوبەر شیعەی عیراق ھێندە مەغرور بوو بوون، بەئاشکرا لەمیدیاوە دەیانوت: "ھێزەکانی ئەمریکا لە عیراق دەرەپەڕێنین." بێئەوەی بیربکەنەوە ھێشتا وڵاتەکەیان پەتای ترسی سەدام بەرینەداوە.لەوەش نەگبەتی تر ئەوەبوو کە ھەندێک سەرکردەی کورد بۆئەوەی دڵی ئاغای قاسمی سولێمانی ئیرانیلێزیز نەبێت بە ھەمان نەغمەی شیعە ئەدوا، بێئەوەی بیربکاتەوە کە کورد کام پشتو پەنایەی ھەیە لەم ناوچەیە ئەگەر ئەمریکا پشتی تێبکات. 

ئەوەتا ئێستا (رۆژی ٢٥ی مەی ٢٠١٩) لەبەغدا و لەمەیدانی تەحریر لایەنگرانی مەقتەدا سەدر ئەرژێنە سەر شەقام و داوادەکەن، شەڕ دوورخەنەوە لە ماڵی عێراق. ئەم جۆرە یاریی و تەڵەکەیە لای ئەمریکا کۆنە. بەر لەوەی شیعەکان خۆپیشاندان بکەن دژی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئیران، ئەتوانن بەرێگەیەکی ئاسانتر شەڕ لەماڵەکەیان دوورخەنەوە، لە سبەی زووتر نییە ئەو گروپە میلیشیا شیعەیەی سەر بەئێران لە عێراق ھەڵوەشێننەوە بەناوی رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەھلی ھەق و کەتیبەی حزبوڵڵا و ھتد... کە ھەموویان لە ناو حەشدی شەعبیدا کۆکراونەتەوە بەناوی دژی داعش کەچی لەگەڵ ئەم کارەشیاندا لێدان لە کورد و سوننە ئەرکێکی تریان بووە.

زۆرجار گوێم لە دەنگێکی ناساز دەبێت، کە باس لەوەدەکات ئەمریکا چی کردووە بۆ عێراق! ئەم دەنگەناسازانە ھەر ئەوانەن کە لەچوارچێوەی دیوارە روخاوەکەی وڵاتی عێراق دەرەوەی دنیا نابینن، ئەگینا سەرکردە عێراقییەکان خۆیان چیان بەخشیوە بە عێراق تا ئەمریکا زیادەیەکی بخاتەسەر و ئەمان وتبێتیان نەخێر. عێراقییەکان لە ‌دوای روخاندنی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ لە رێگەی تیرۆر و تۆقاندن و کوشتن و بۆمبی تەوقیتکراوەوە بەربوونە گیانی یەکتر. سەرەتا شیعە کەوتە شەن و کەوکردنی وردی سووننەی عێراقی. تەنانەت لە بەغدای پایتەختی تاوان و سێدارە کە تا ٢٠٠٣ چەند گەڕەکێکی کەمی شیعەنشین ھەبوون، لەدوای ٢٠٠٨ەوە ئیتر یەکپارچە بە شیعە تەنرا.

رۆژ لەدوای رۆژ ئێران تەراتێنی بە ناو پایتەختی عێراقدا دەکرد، ئەمریکا وایزانی عێراقییەکان بوون بە نمونەی ئینسانی ئەڵمانی و ژاپۆنی و ئەتوانن وڵاتەکەیان بکەن بە نموونە بۆ ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە ھەر زوو لە دوای چەند ساڵێک بڕیاری کشانەوەی بەشێکی زۆری ھێزەکانی دا لە عێراق، بەڵام لە دوای کەوتنی موسڵ لەساڵی ٢٠١٤ لەسەردەستی داعش، تێگەیشت ئەو ملیارەھا دۆلارەی لە بنیاتنانەوەی سوپای عێراقدا سەرفیکردووە، درۆ بووە. ئەو کەشە سیاسییەی بۆ ھێز و گروپی جیا جیا دروستی کردووە بۆ جێگیرکردنی سیستمێکی دیموکراسی نییە، بەڵکو بۆ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی عێراقە.

کۆتا قسەم ئەوەیە تا ئەم سیستمە سیاسییەی کە ئیران بەرێوەدەبات بەردەوام لە حوکمداری، ئەوا نەک ئێرانییەکان، بەڵکو عێراقییەکانیش پشوو نادەن و ھەرگیز ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.