سەردێڕ:

باجی بێعه‌قڵی سه‌ركرده‌ شیعه‌كان

11/14/2019 4:27:01 PM
7147 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

کاتێک عادل عەبدولمەھدی دەیەوێت چاکسازی لە پایەکانی دەوڵەتدا بکات ئەوا بۆ ئەمریکا گرنگە، بەڵام ئەمریکا خۆشی دەزانێت شیعەیەک عەقڵی سیاسی لە ئەژنۆی سەرناکەوێت چۆن ئەتوانێت چاکسازی بکات!. ھەرچەندە ئەمریکییەکان پێیان باشە سەرکردە عیراقییەکان پیسخۆر و گەندەڵ نەبن، بەڵام ئەمە ھەموو خەون و ئاواتی ئەمریکا نییە، ئەمریکا عیراقێکی ئەوێت وێنەی کۆریای باشور و ژاپۆن و ئەڵمانیا و سربیا و چیک کە دوای جەنگ سیاسییەکانی بەشێک بن لە ئەجێندا و ھاوپەیمانێتی ئەمریکا. نەک بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەدوای ٢٠١٠ەوە بە تۆخی ئێرانیزم لە عیراق ئەبینرێت.

کۆریای باشوور بۆ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی ساڵی ٢٠١٩ خەرجی ھێزەکانی ئەمریکای لە ٨٥٧ ملیۆن دۆلارەوە گەیاندە ٩٢٧ ملیۆن دۆلار، ئەڵمانیا دوو رۆژ لەمەوبەر بەبۆنەی روخانی دیواری بەرلین و کۆتایی جەنگی ساردەوە، پێشوازییەکی بێوێنەیان لە مایکل پۆمبیۆ-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. لە ناوجەرگەی بەرلین-دا پەردە لەسەر پەیکەرێکی رۆناڵد رێگان-ی ٤٠مین سەرۆکی ئەمریکا لادرا. چەندین وڵاتی عەرەبی و ناوچەکە وەک سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر ساڵانە بودجەیەکی خەیاڵی جۆراو جۆر سەرفدەکەن. بەڵام بەھۆی ئەوەی عیراق لە قۆناغی بنیاتنانەوەیە ئەمریکا تەنیا مانەوەی ھێزەکانی ئەوێت لە عیراق. لەبەرامبەردا سەرکردە شیعە و عیراقییەکان لێدوانی بێ مێشکانە دەدەن. یان کارێک دەکەن بە دڵی ئەمریکا نییە.

ئەم بێعەقلییەی سەرکردە شیعەکان بەتایبەتی، باجی قورسی ھەبووە و بەردەوامیشە کە کارەکتەری سەرەکی لەپشت ئەم بێ مێشکییەوە، رژێمی ئیرانە. دەشێت ئەم بێمێشکی و عینادییەی شیعەی عیراق، عیراق بەرێتەوە بۆ قۆناغی (پاست دیکتەیتەر-Past dictator) کە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی گەلانی عیراق و بەتایبەتی کەمینەیەکی وەک کورد دەبێت،من رێک دژی ئەو بۆچوونەم کە دەڵێن عیراق نابێتەوە بە سیستمێکی داپلۆسێنەر، بەپێچەوانەوە سیستمی داپڵۆسین لە زھنی عیراقییەکاندا خۆی حەشار داوە، لێرەدا راڤەی دۆخێک ناکەم کە پێشبینی قورسە، بەڵام ھەندێک سەرەداو کە میدیای ئەمریکی لە رابردوودا نیشانیداوە دەمباتە قۆناغی بێئومێدییەوە، کەناڵی پی بی ئێس لە راپۆرتێکدا دەڵێت:" ئەمینستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بەوەدەکات، داپلۆسین و سەرکوتکردنی خەڵک لەلایەن ھێزە عیراقییەکانەوە عیراق نزیک دەکاتەوە لە گۆمی خوێن، ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات شۆڕشی خەڵکی عیراق نزیکە، چونکە خۆپیشاندەران بیر لەبەرگری دەکەنەوە".

یەک لەو نھێنیانەی لەمانگی ئۆکتۆبەر کە لە میدیای ئەمریکیشدا بە کپکراوی مایەوە سەردانی وەفدە ھەواڵگری وسەربازییەکەی ئەمریکا بوو بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ١٩ی مانگدا، نانسی پێولیسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ھاوڕێ لەگەڵ ئادم شیف سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری، ئالیوت ئیجل سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە، بینی تۆمسۆن سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و مارک سۆنبەری ئەندامی لیژنەی ھێزە سەربازییەکان، رۆژی ٢٠ مانگ لە ئۆردن دابەزین و لەلایەن مەلیک عەبدوڵڵا-ی دووەم شانشینی ئوردون پێشوازیان لێکرا، شەوێک دواتر ئوردن-یان بەجێھێشت، رۆژنامەی دەیلی نیوز کە زیاتر پاڵپشتی دیموکراتەکان دەکات، لە ژمارەی ٢٣ ئۆکتۆبەردا نھێنی سەردانی وەفدەکەی ئاشکراکردوو پێوابوو کە لە ئۆردون چاویان بە بەعسییەکانی عیراق کەوتووە و لەوێشەوە بۆ ھەمان مەبەست چونەتە قەتەر، کەچی ھیچ میدیایەک ئاماژەی بە کاتی گەڕانەوەی وەفدەکە نەدا..

عادل عەبدولمەھدی بۆیە رۆژی بەم رۆژە گەیشتووە، ئەو پێیوابوو لادانی فەریق روکن عەبدولوەھاب عەبدولزەھرە ساعدی جێگری ھێزەکانی بنبڕکردنی تیرۆر بوو لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٩ بەئاسانی تێپەڕێت. لەکاتێکدا تێکڕای ھێزە ئەمنییەکان بەئاگان لەوەی کە ساعدی لای ئەمرکییەکان کەسێکی باوەڕ پێکراو و جێگە متمانەی ئەمریکییەکان بوو، تەنانەت رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمز لە ٤ی ئۆکتۆبەر ھۆکاری لەسەر کارلادانەکەی ساعدی ئاشکرا دەکات کە بەھۆی سەردانێکییەوە بووە بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ھەر بۆیە لە دوای لە سەر کارلادانی ساعدی خۆپیشاندانەکان کڵپەی لێھەستا و یەکەم داواکاریان دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەھدی بوو.

یەکێکی تر لەو تێنەگەیشتنانەی عادل عەبدولمەھدی، تێنەگەیشتنی سەردانەکەی مارک ئیسپەر-ی وەزیری بەرگری بوو لە ٢٥ی ئۆکتۆبەر بۆ بەغدا، تا داوا لە عیراق بکات رەزامەندی دەربڕێت بۆ جێگیرکردنی ئەو سوپایەی ئەمریکا کە لە سوریاوە کشانییەوە بۆ عێراق و لە ھەرێمی کوردستان بە کاتی مابۆوە. زە نیویۆرک تایمز ئەوەی ئاشکراکرد کە ئیسپەر بەتوڕەیی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی جێھێشتووە کاتێک پێیوتووە نەک رێگە نادەین بە جێگیرکردنی سەربازی دیکە بەڵکو ٢٠٢٠ پێدەچێت بڕیاری کۆتایی ھاتنی مانەوەتان لە عێراق گقتوگۆی لەبارەوە بکرێت،ئەم ئاڕاستەی کارکردنی عەبدولمەھدی تەواو ئەمریکییەکانی نیگەرانکردووە ئەمە جگە لەوەی بەپێی راپۆرتەکەی زە نیویۆرک تایمز جگە لەو ھەڵوێستە نەرێنیانەی کە لەکاتی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران نواندی و بێلایەنانە خۆی نەپاراست

عەبدولمەھدی سیاسییەکی وریا نەبوو لە ڕابردوودا، لەگەرمەی سزاکانی ئەمریکا لە سەر چین، عەبدولمەھدی بەخۆی وەفدێکەوە لە ٢١ سێپتێمبەر سەردانی چین دەکات، گرێبەست ئیمزا دەکات، تایم لەڕاپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە وەزیری خەزێنەی ئەمریکا تەواوی مەلەفی ڕێکەوتن و گرێبەستەکانی پێشکەش بە ئیدارەی ترەمپ کرد.