سەردێڕ:

ترەمپ ترسی خستە دڵی ھەموانەوە

7/23/2019 9:26:04 AM
7605 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

کاتێک ترەمپ لەنێو ماڵی "سپی" یەوە ھەڕەشەی "ڕەش"ی کرد، "عومران ئەحمەد خان نیازی" سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەتەنیشتییەوە سەری بۆلەقاند، وەک ئەوەی بڵێت کاتێک ئێوەی ئەمریکایی، ژاپۆن-تان ئەتۆمباران کرد، تەمەنم ٧ ساڵان بوو. باوکم بۆی گێڕامەوە، کە سەرەڕای ئەوەی ھێرۆشیما و ناکازاکی-تان تەخت کرد، سەرکردەکانی ژاپۆن-یشتان دادگای کرد. کە من بۆخۆم سەرمسوڕما خەڵک قوربانی بێت و دادگایی-ش بکرێت.
سەرلەقاندنەکانی عومران خان، لەگەڵ چاوسوورکردنەوە و پێداگری سەرۆک ترەمپ-دا بوو کە ئەوان پلانیان ھەیە لە ئەفغانستان بکشێنەوە. ئیتر نایانەوێت لەو تەپوتۆز و خۆڵ وخاشاکە ئەفغانستاندا سەربازی ئەمریکی بکوژرێت. چونکە ئەگەر بیانەوێت ئەو شەڕە بەرنەوە و کۆتایی بێنن، ئەوە ئەفغانستان ئەسڕنەوە لەسەر رووی زەوی، وتیشی: "کە ئەمە کۆتایی قسەیە تەنیا لە ماوەی ١٠ رۆژدا ئەفغانستان ئەسڕمەوە لەسەر گۆی زەوی، من نامەوێت ئەو رێگەیە بگرمە بەر".
پرسیارەکە ھێندە ئاڵۆزە لای سیاسییەکان کە ئەگەر ئەمە قسەی پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی ٢٢ی جولای بوو بێت لەگەڵ سەرۆک وەزیری پاکستان، ئەی ئەبێت لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا چی تری بە عومران خان وتبێت دەربارەی دەروو دراوسێی پاکستان. ھەروەک دڵنەوایی-شیدا بە عومران کە بە دراوسێکانی بڵێت نایەوێت لە ھەفتەیەکدا ١٠ملیۆن کەس لەو ناوچەیە بکوژرێت. چونکە بە رۆژنامەنووسەکەی پۆرتر ریکۆی وت: "ئێستا رون و ئاشکرایە لای تۆ؟".
لەمساتەدا ترسێکی گەورە پەڕییە نێو دڵی دنیای دوای جەنگی دووەمی جیھانی، چونکە ئەو بە دەق بۆ ھەموو دنیای دووبارەکردەوە، کە ئەمریکا ئەتوانێت ١٠ ملیۆن کەس لە ھەفتەیەکدا تەواو بکات. ئەم قسانە پەیامێکی روونە کە پێویستە پاکستان فشار بخاتە سەر بزووتنەوەی تالیبان تا رازی بێت بە ئاشتی لەناوچەکە. بەکورتی سەرۆک ترەمپ پێیوتن ئەوەندە ھیلاکمان مەکەن بە شەڕکردنی لاوەکییەوە.
ترەمپ بەرون و ئاشکرایی بە عەمران خان-ی وت ئەگەر ئەتانەوێت ئەو یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلارەی ساڵانە وەک ھاوکاری بۆتان بگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڕیومە ئەوە واز لە ھاوکاری بھێنن لەگەڵ بزووتنەوەی تالیبان. تکایە تیرۆر لە خۆتان دوورخەنەوە. چونکە ئێمە وا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان پێکدێین.
رەنگە دیوێکی تری نائاشکرایی لە قسەکانی سەرۆک ترەمپ-دا ھەبێت ئەویش پەیامێک بێت بۆ ھاوسێکەی سنووری خۆرئاوای پاکستان کە ئەویش ئیرانە. ئەگەر ئەمریکا بتوانێت ئاوا بێ ترس بڵێت ئەفغانستان ئەسڕمەوە لە ١٠ رۆژدا ئەوا ئەم لێدوانە جەرگبڕە بۆ ئیران زۆر ئاسانترە، چونکە ئێران ئێستا لەرووی نێودەوڵەتییەوە فشاری گەورەی لەسەرە و تەنانەت لە ھەندێک ھەڵوێستیشدا لەرووی نێو دەوڵەتییەوە لەژێر گوشاری تونددایە کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەجوڵێتەوە.
دەرەنجام رۆژنامەنووسان و ئەکادیمیست و سیاسییەکان بەنێو دنیای ئەم لێدوانەدا دێن و دەچن و بیر لەو ختووکەدانەی ئێران و ئەو ئارامگرتنەی ئەمریکا و سەرۆک ترەمپ دەکەنەوە. بیر لەوەدەکەنەوە ئەم پەیامە بەناو بۆ تالیبانە، تالیبان خۆی بەناو مەملەکەت و ئاوەدانییە. واقعی بین خۆی لەگەڵ زەویدا تەختە. ئەوەی دنیای بیناسازی و تەلارسازی بێت تێیدا نییە ئیتر چی تەخت ئەکات. ھەر لەو دیدەوەیە زۆرێک وایدەبینن ئەمە پەیامێکە دای بە گوێی تاراندا. دنیاش ئومێدیانە نەگاتە ئەو دۆخەی دواتر پاشماوەی پایتەختی ئێران نەک بە شۆفڵ، بەڵکو بە خاکەناز کۆکرێتەوە.