سەردێڕ:

ناتوانم رەخنە لە "مەریوان وریا قانع" بگرم

7/5/2019 1:37:21 PM
6715 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

ئێستا لەنێو نووسەر ئەمریکاییەکاندا، دیڤد برۆکس-ی ستووننووسی رۆژنامەی زە نیویۆرک تایمز، لای من باشترین نووسەرە لە ئەمریکا و ھەفتانەش وتارەکەی لەو رۆژنامەیە ئەخوێنمەوە. رەنگە نووسەری تری باشیش زۆربن وەک خاتوو کاسلین پارکەر و ئی جەی دیۆن لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، یاخود مات مۆرای لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ. بەڵام نووسینی ھیچیان وەک دێڤد برۆکس رامناگرێت.
رەنگە پرسیار بێت بۆچی سەرسامم بەم نووسەرە، ئەم پیاوە جگە لەوەی زمانێکی جوانی نووسینی ھەیە، دڵخۆشە بە سەرکەوتنی نووسەرەکانی تر. کاتێک مانگی پێشوو کتێبە تازەکەی "مایکل وۆلف" بەناوی "ئابلوقە: ترەمپ لەژێر ترس-دا" دەرچوو، فرۆشێکی بێوێنەی ھەبوو. برۆکس وتارێکی لەسەر نووسی کە گوزارشتی لە زیندوێتی خوێنەری کتێب کرد و خۆشحاڵ بوو بەوەی کە دنیای نووسینی سیاسی وەک سیاسییەکان تووشی داڕزان و داخزان نەبووە. 
ئەم ھەستەی برۆکس سەرسامی کردم، چونکە لەوە گەیشتم ھێشتا زووە ئێمەی خۆرھەڵاتی لەو مەودا دڵخۆشییەی ھاوڕێ نووسەرەکانمان تێبگەین. لەکاتێکدا من زۆرجار پێچەوانەکەی لە نێو خۆرھەڵاتی و بەتایبەتی کورددا دەبینم کە ھەوڵەکان ئەوەندەی بۆ ملشکاندن و بڕینی رێگەی یەکتر و ئەتککردنی وشەی یەکترە، ئەوەندە بیرکردنەوە نییە لەدنیای داھێنانی نوسین و ستایشی ریتمەی ئەو نووسەرە یاخود ھەڵزنان بە شێوازی بیرکردنەوەیدا و راڤە و لێدانەوەی بیری نووسەر.
لە دنیای نووسینی ئێمەدا کەمجار ھەڵدەکەوێت چەند نووسەرێک دنیای نووسین کۆیانکاتەوە کە لە ئەمریکا ئەمە زۆر پێچەوانەیە. رەنگە ژینگەی ئەمریکا گەلێک جودا بێت، بەڵام رۆحێکی تریش خۆی ئەخزێنێتە ناو ئەم دنیایەوە ئەویش ئەوەیە ئەتوانن یەکتر تێپەڕێنن. چونکە دڵنیام ئەگەر دیڤد برۆکس بیتوانیایە مایکل وۆلف تێپەڕێنێت لەنووسیندا ئەوە دڵنیام روانینێکی تری دەبوو بۆ نووسەر، چونکە کاتێک برۆکس کە کتێبی "شاخی دووەم: پشکنین لەسەر ژیانی ئەخلاقی" لە مانگی ئەپرل-ی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە ئەو پڕ فرۆشییەی بەخۆیەوە نەدی. ھەرچەندە وەک برێت ستیڤنس-ی ھاوڕێی برۆکس ئەڵێت: "کە بیرکردنەوەکانی ئێمە جیاواز بوو ئەوا بەدڵنیایی خوێنەرەکانیش دابەشدەبن، بەڵام ھێشتا نەمانتوانیوە مایکل وۆلف تێپەڕێنین، دەشێت رەخنە لە بیرکردنەوەی سیاسیانەی بگرین، بەڵام ناتوانین کارەکەی بەمەزن نەگرین". 
ئێستا من بازێک دەدەم و دەگەڕێمەوە ناوجەرگەی کوردستانی باشوور و دەڵێم ناتوانم رەخنە لە مەریوان وریا قانع بگرم، چونکە ناتوانم ئەو تێپەڕێنم، خۆ ئەگەر رۆژێک من توانیم ئەو تێپەڕێنم ئەوە بەدڵنیایی واتە لەو باشتر ئەنووسم. من کاتێک سەرسام ئەبم بە دیڤید برۆکس ھەر لەخۆوە نییە، تێکستەکانی بۆنی تێکستەکانی مەریوان قانع-ی لێدێت، ھەستەکەم مەریوان قانع-ەو بە ئینگلیزی ئەنووسێت. 
جا ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوانەش راستن کە زۆرجار رەخنەدەگرن لەکاری ئەوانی دیکە بێئەوەی خۆیان توانای ئەوەیان ھەبێت بەقەد بەرامبەرەکەیان پێشکەش بکەن. لەکاتێکدا کەس دەستی و قاچی ھیچ یەکێکمانی نەبەستۆتەوە تا چوارپەلمان نەجوڵێنین و ھەنگاو نەنێین. من نایشارمەوە ئەگەر بەیانی من بتوانم وەک برۆکس بە ئینگلیزی بنووسم، بێدوودڵی وەک چۆن چەندین جار پرسیاری زمانەوانیم لێکردووە ئەوکات کێبڕکێی نووسینی سیۆسیۆلۆجی- سیاسی لەگەڵ دەکەم، بەڵام ئەخلاقم رێگەمنادا بە کۆمێنت بیشکێنم. 
من زمانم وا ھاتەگۆ لەسەرئەنجامدا بڵێم: کەس دەستی کەسی نەگرتووە ئەگەر کەسێک وتارێکی بە زمانی فەرەنسی لەسەر کورد نووسی و سایتێکی فەرەنسی ھەژاند. من دەستی کەسم نەگرتووە کەسێک بتوانێت وتارێک بنووسێت و ببێت بە بۆمبێک لە میدیای کوردیدا کە من درکم پێنەکردبێت وەک ئەوەی من ھەفتەی پێشوو کردم. بۆیە ئەگەر بیربکەینەوە و نووسینی دەرەوەی دنیای کوردستان بخوێنینەوە و تەنانەت لاسایشی بکەینەوە، دیوی فراوانتر و داھێنانی جوانتر دەکەین، بەڵام ئەگەر لە دیوە کلاسیکییەکەی دنیای سەردەمی رۆژنامەی ھاوکاری و گۆڤاری رەنگین-ی سەردەمی بەعس و نووسینی نەوەدەکانی دوای راپەڕین بیربکەینەوە، ئەبێت ھەر سەرقاڵ بین بە نووسینی داڕشتنەوە.