سەردێڕ:

سەرۆک ترەمپ، وەڵامی نامەکەی دامەوە

6/29/2019 9:42:45 AM
27757 جار خوێندراوەتەوە
لوقمان غەفوور
+ -

شەوی رابردوو ٢٧ ی جون، نامەیەکی پڕ گلەیم نارد بۆ سەرۆک ترەمپ، لەناوەڕۆکدا پێموت، ھەرچەندە ئەزانم سەرقاڵی بەکارەکانی G٢٠ ەوە لە ژاپۆن، بەڵام چەند دەقیقەیەک لەکاتەکەتم بدەرێ، یەک لەسەر دەی ئەو کاتەی بۆ مێرکل و پۆتن سەرفت کرد تا منیش باسی ئەو کوشتارگەلە-ت بۆ بکەم کە دەوڵەتێکی پەیمانی ناتۆ (تورکیا) بەرامبەر گەلی کوردستانی باشور کردوویەتی لەدوو رۆژی رابردوودا.
دیار بوو نامەکە زۆر نیگەران و توڕەیی کردبوو، بۆیە بێ پێشەکی، بێ دەستپێک، وەڵامی دابۆوە و نوسیبووی کە ئێوەی کورد کە دوژمنەکانتان ھەڕەشەتان لێدەکات ئەوکات ئێمەتان بیرئەکەوێتەوە. بۆیە من بەکورتی ئەم وەڵامەم ھەیە بۆت ئەویش لەبەرئەوەی تۆ ھاووڵاتیەکی باکوری عیراق و حکومەتە خۆجێییەکەی کوردستانی و چەند مانگێکیشت ماوە ببیت بە ھاوڵاتیی ئەمریکا.
بۆی نووسیبووم: "مانگێک لەمەوبەر کاتێک گرژی نێوان دۆخی ئەمریکا و ئێران دەستی پێکرد سەرکردەکانی عیراق ھەرەشەی ئەوەیان لە ئێمە کرد کە ناھێڵین سەروەری خاکی عیراق لەکەدار بێت و ئەمریکا خاکی عیراق بەکاربھێنێت بۆ لیدانی ئیران، وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر قسەی ئەوان وەستابێت. بەڵام ئەی ئەوەی تورکیا دەیکات دەستدرێژی نییە بۆ سەر خاکی عیراق و سەروەرییەکەی، ئەی بۆ قسە ناکەن؟!".
ھەروەھا نووسیویەتی: "وابزانم سەرۆک کۆماری عیراق لە خۆتانە و کوردە، ئەی بۆ قسە ناکات. ئەی ئەو ھەڕەشەی لە ئێمە نەکرد کە ناھێڵێت خاکی وڵاتەکەی بەکاربێت بۆ لێدانی ئێران... بیریشت خستمەوە دوو ھەفتەیەک لەمەوبەر ئێوە سەرۆکێکی نوێ-تان بۆ حکومەتە خۆجێیەکەتان ھەڵبژارد، ئەو دەسەڵاتی ھەیە ھێزی پێشمەرگە بجوڵێنێت بۆ دەست بە بانگھێشتی شەڕ ناکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێناگەیەنێت تا وەک کوردەکانی سوریا دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان بوەستینەوە و پێی بڵێین ھەپرون بە ھەپرونت دەکەین دەستدرێژی بکەیتە سەر کوردەکانی عیراق، ئەگەر ناتوانن خۆتان بپارێزن ئەی چۆن باسی دەوڵەتی کوردی ئەکەن!".
بەرێزم: لەم دیدگایەوە جارێ گلەیی لە سەرۆکی عیراق بکە کە مانگێ لەمەوبەر سەردانی تورکیا-ی کرد، ئەرێ تۆ نامەیەکت بۆ نارد لێی بپرسی چیت باسکرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا. یاخود دوو ھەفتە لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوو شەو و دوو ڕۆژی لە ھەولێر کردەوە، بۆ ئەوەندە ئازا نەبویت نامەیەک بۆ بەرپرسەکانی ھەولێر بنێریت و بڵیت ئەم دوو رۆژە باسی چی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەن.
گلەیی بۆ لەمن دەکەیت، ئێوە سەدان بنکەی میت و ئیلاعات-تان لە شارەکانی عیراق و ھەرێمە خۆجێییەکەی کوردستانتان بۆ ئێران و تورکیا کردۆتەوە، ئیتر ئێمە چیتان لێبکەین. لە ١٩٩١ەوە کوردستان-مان لە سەر سینییەکی زێرین تەسلیمکردوون و عیراق-یشمان بە ھەمان شێوە لەسەر سینیەکی تر لە ٢٠٠٣ ەوە تەسلیم بە عیراقییەکان کرد. ئێمە چی بکەین ناتوانن ئیدارەی خۆتان بکەن و سەروەری خاکی خۆتان بپارێزن و لە باوەشی تورکیا و ئیران نایەنە دەرەوە. 
لە کۆتایدا: ئەوەندە دەڵێم ئەوەندەی ئێمە دوژمنەکانتانمان (ئێران و تورکیا) گوشار داوە یەک لەسەر دە لەناوخۆ سەرکردەکانی عیراق بیانکردایە ئێستا دوژمنەکانتان نەک بۆ ئێوەی کورد بۆ ھەموو عیراقییەکان چۆکیان دابوو.