سەردێڕ:

ناکۆکییەکانی جووت ئامۆزا و کوژرانی ئەندامی میت!

8/6/2019 3:51:27 PM
13475 جار خوێندراوەتەوە
شەماڵ بەشیری
+ -

لەدوای کوژرانی ئەندامێکی میت لە ھەولێر، بەناوی عوسمان کۆسە، کۆمەڵێک رووداو ھاتوونەتە ئاراوە کە بە بۆچوونی من پێویستە لەلای یەکتر دابنرێن بۆ ئەوەی کە وێنەیەکی تەواومان لەسەر رەوشەکە بێتە بەر چاو. 
وێنەی یەکەم
قۆناغی راگواستنی دەسەڵاتە لەلایەن نێچیروان بارزانی بۆ مەسرور بارزانی. ھەر وەک ئێستاکە ئاشکرابووە ناکۆکیەکی قووڵ لەنێوان جووت ئامۆزادا لە ئارادایە. رۆژانە لە لێدوانە فەرمی و نوسینە بندیوارییەکاندا دەردەکەوێت کە ھەر دوو ئامۆزا سەرقاڵی شەڕێکی قووڵی ستراتێژیین. مەسرور بارزانی لە ھەوڵی ئەوەدایە کە کارنامەی ١٧ ساڵی ڕابردووی حکومەتی ھەرێم بخاتە ژێر پرسیار و وەک ئەزموونێکی ناسەرکەوتوو ناوزەدی بکات، بە واتایەکیتر مەسرور دەیەوێت خۆی لە کەسێکی سرف ئەمنی- ئیستخباراتی بۆ کەسێکی سیاسی و حوکمران وێنا بکات و نێچیروان و ھەموو مێژووی سیاسی ئەو بەرێتە ژێر پرسیارەوە. 
لە لایەکیتریش نێچیروان دەیەوێت ھێز و توانای ئەمنی - ئیستخباراتی مەسرور بەرێتە ژێر پرسیار و مەسرور و رەوشی ئەمنی باشوور ناسەرکەوتوو نیشان بدات. ھەر لەو چوارچێوەیەدایە کە مەسرور بارزانی قۆناغی نوێی دەسەڵاتداری خۆی وەک "دەستپێکی قۆناغێکی نوێ" ناوزەد کردوە. 
وێنەی دووھەم
یەکەمین پەیامی مەسرور بارزانی لە دوای وەرگرتنی حکومەتی ھەرێم، رووی لە حکومەتی عێراق بووە. بە واتایەکیتر مەسرور لە ھەوڵی ئەوەدایە کە نیگای حکومەتی ھەرێم لە ئانقەرەوە بگوازێتەوە بۆ بەغدا. ئەم گۆڕانکارییە مژارێکی ستراتێژییە و رێک بەپێچەوانەی ھەڵوێست و نزیکایەتی نێچیروان بارزانی بووە لە ١٧ ساڵی رابردوودا. پرسی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە. مەسرور بارزانی ھەتا ئێستاکە سەردانی تورکیای نەکردوە. ھاوکات بەپێی راگەیاندنەکان، ئامانجی مەسرور بارزانی لە سەفەر بۆ تورکیا لە داھاتوودا، تاوتۆکردنی پرسی چۆنێتی فرۆشتنی نەوت بە تورکیایە و ھاوکات بەدواداچوون بۆ چۆنێتی دانەوەی قەرزی ھەریم بە تورکیایە. واتە بەدواداچوون بۆ چۆنێتی پەیوەندیە شاراوە بازرگانیەکانی نێچیروان بارزانی لەتەک تورکیا، یەکێک لە مژارە سەرەکیەکانی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی باشووری کوردستانە. 
لێرەدا دەردەکەوێت کە ناکۆکیەکی قووڵ لە بواری ستراتیژی و بەرنامەی سیاسی رۆژانە لە نێوان جووت ئامۆزادا لە ئارادایە.
وێنەی سێیەم
رووداوی رێستورانتی حوقەبازە
لە ھەوڵێر و لە ناوەندە ھەرە سەخت و دژوارەکانی ھەولێردا ئەندامێکی میت تیرۆر دەکرێت. سەرەتا ھەوڵدرا کە ئەو ئەندامەی میت، وەک ئەندامی کۆنسوڵی تورکیا لە ھەوڵێر نیشان بدرێت. بەڵام بەپێی زانیاریەکانی من، کاتێک پەیوەندی بە کۆنسووڵی تورکیا لە ھەولێر کراوە و لەسەر کارمەندە کوژراوەکەیان زانیاریان پێداون، کۆنسووڵخانەی تورکیا گوتوویانە کە کەسێک بەناوی عوسمان کۆسە ناناسن و دیپلۆماتکارێکی ئاوھایان نیە. زانیارییە سەرەتاییەکان لەسەر ئەم رووداوە پەنجەیان بۆ مەتین بارزانی راکێشا. مەتین بارزانی دوو رۆژ دوای ڕووداوەکە، لێدوانیدا و ھەبوونی خۆی لەم رێستوورانە پشت راستکردەوە بەڵام بەھیچ جۆرێک ئاماژەی بە چۆنیەتی ڕووداوەکە و زانیاری سەبارەت بە بکوژەکان نەدا. لە کاتێکدا ئەو شاھید حاڵێک بووە لەوێ. ئەم مژارە بووە بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی راگەیاندن و راگەیاندنەکانی بۆ سەر سێ دەستە دابەشکرد.
دەستەی یەکەم، مەتین بارزانیان وەک بکووژ نیشانداو و ئەم کارەشیان وەک دەرئەنجامی ناکۆکیەکی ئابووری کەرتی نەوت وێنا کرد.
دەستەی دووەم، کە تەلەڤزیۆنی رووداوی سەر بە نێچیروان بارزانیە، پەنجەیان بۆ ناکارایی دەزگا ئەمنیەکان و حکومەتی نوێی ھەرێم راکێشا و توانا و ئاسایشی ھەوڵێریان بردە ژێر پرسیارەوە. لەو رێگایەشەوە ناراستەوخۆ ھێرشیان بۆ سەر مەسرور بارزانی کرد.
دەستەی سێیەم، راگەیاندنی سەر بە مەسرور بارزانیە کە ھەر لە سەرەتاوە پەکەکە-یان کردە ئامانج و بەڵێنی گرتنی تێرۆریستانیان بە خەڵک دا. 
لە ھەنگاوی یەکەمدا مەتین بارزانی، دەستەی یەکەمی تەھدید کرد و گوشارێکی زۆریان بۆ سەر ئەو راگەیاندنانە ھێنا کە لەم چوارچێوەیەدا ھەواڵەکانیان دەگواستەوە. لە ھەنگاوی دووھەمدا رێبوار کەریم وەلی بە نووسینێک کە لە سایتی رووداو بڵاوکرایەوە ھێرشی راستەوخۆی بۆ سەر دەزگای پاراستن و مەسرور بارزانی کرد. لە ھەنگاوی سێھەمیشدا ناوبراو لەتەک رادیۆی دەنگی ئامریکا گفتوگۆی کرد و زۆر راشکاوانە پێداگری لەسەر ھەڵوێستی خۆی کرد و ئەو بەڵگە بڵاوکراوەکانی دەزگای پاراستنی، خستە ژێر پرسیار. 
لە ھەنگاوی چوارەمدا دەزگای پاراستن ھێرشی بۆ رێبوار کەریم وەلی و "ئاغاکانی" کرد. لە ئەنجامدا نووسینەکەی رێبوار کەریم وەلی لەسەر رووداو سڕایەوە و رۆژی ھەینی رابردووش بە فەرمی لە دەزگای رووداو وەدەریاننا. 
ھاوکات لەم قۆناغەدا برادۆستیەکان بە فەرمی کرانە ئامانج و سدیق کەریم خان برادۆستی، وەک کەسێکی تاوانبار ھێنرایە سەر شاشەی تیڤیەکان.
وێنەی چوارەم
پەکەکە لە لێدوانێکدا خۆی بێبەری دەکات لە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە. دواتر لە زاری باھۆز ئەرداڵ، فەرمانداری گشتی ھێزەکانی پاراستنی گەلەوە بێبەری خۆیان لەو چالاکیە دەردەبڕن بەڵام پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە دەکەن. ئەم لێدوانە یەکێک لە ناسیاسیترین لێدوانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی پەکەکە-یە و رێک کەوتە خزمەتی سیاسەت و ئەجێندای دەزگای پاراستنەوە. 
وێنەی پێنجەم
جەوھەر محێدین، سەرۆکی عەشیرەتی ھەرکی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە لێدوانێکدا، رایگەیاند کە ئەوان بێدەنگ نابن و زوڵمی حوکمەتی ھەرێم قەبووڵ ناکەن. بە پێی زانیاریەکانی من ئەو لێدوانەی سەرۆک عەشیرەتی ھەرکی لە تورکیا دراوە. واتە کاتێک جەوھەر محێدین ئەو لێدوانەی داوە، لە تورکیا بووە.
کۆی وێنەکان
وادیارە دۆخی ھەرێمی باشوری کوردستان رێک لە ژێر کاریگەری دۆخی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دایە. جووت ئامۆزا لە شەرێکدان کە بنەمایەکی ستراتێژییی ھەیە. لەم ناوەشدا ھەر دوو ئامادەی ھەموو شتێکن بۆ ئەوەی سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. 
من لەو بڕوایەدام کە تیرۆری ئەندامێکی میت لە ھەولێر، مژارێکی ئاڵۆزە. ھەر بۆیە لە ئاخرین کۆبوونەوەی کۆنسەی ئاسایشی نەتەوەی تورکیا ناسراو بە (مەگەکە)، ئاماژە بە پەکەکە وەک تاوانبار نەکراوە و لە لێدوانەکدا گوتراوە، کە ئەوان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە. ئەم لێدوانە بە واتای بێ باوەڕی و بێ متمانەیی دەوڵەتی تورکیایە بە ئەنجامەکەی دەزگای پاراستنی مەسرور بارزانی . ھەروەھا ئەم لێدوانەی تورکیا ھاوکاتە لەتەک لیدوانی سەرۆکی عەشیرەتی ھەرکی. نێچیروان بارزانی بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداری خۆی ھەوڵی ئەوەی دەدا کە کەسە دیار و قسەرۆیشتووەکانی عەشیرەتی ھەرکی لە خۆی نزیک بکاتەوە. ناوبراو چەندین شووقەی لە شووقەکانی زەکەریای بە دیاری پێشکەشی ئەو کەسانە کردووە و لەو رێگایەوە زۆربەیانی بەخۆیەوە گرێدابوو. لەو چوارچێوەیەدا دەتوانرێت بگوترێت کە نێچیروان بارزانی و دەوڵەتی تورکیا ھەوڵ دەدەن بەو لێدوانانە زەخت و گوشار بۆسەر مەسرور و حکومەتە تازەکەی مەسرور بھێنن. ئامانج لەمەش ئەوەیە کە لە رێگای تەھدید و سازدانی نائیستقراری، مەسرور بێننە سەر خەتی نێچیروان بارزانی و گرێدراوی خۆیانی بکەن. 
لەم ناوەدا مەسرور بارزانی ھەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی رەوشەکە دەدات و سەرقاڵی ئەوەیە کە ھاوسەنگیەکی دەمکورت ساز بدات. لەم چوارچێوەیەدا مەسرور بارزانی بە ناردنی ھێز و یارمەتی شەڕ بۆ خواکورک، دەیھەوێت تورکیا و پەکەکە لە شەڕدا سەرقاڵ بکات و شانبەشانی ئەمەش دۆخی ھەرێم بخاتە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆیەوە. 
ئەگەر کۆنگرەی سێنزدەھەمی پدک- عێراق، کودتایەکی حیزبی بووبێ بۆ بەھێزکردنی پێگەی مەسرور لە دژی نێچیروان، بوونە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە لایەن مەسرورە، ھەنگاوی دووھەمی ئەم کودتایەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی حکومەت و دامودەزگاکانی دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێم. 
لێرەدا تەنھا یەک شت ھەیە کە نێچیروان و مەسرور بارزانی بەیەکەوە گرێدەدات. ئەویش خاڵی پەکەکە-یە. ھەر دوو ئامۆزا لەسەر دژایەتی پەکەکە کۆکن. ھەر دوو ئامۆزا دەیانەوێت پەکەکە لاواز بێت، بەڵام ناشیانەوێت پەکەکە لەناو بچێت. ھەر بۆیە ھەر دوو لە ئەنجامدا دەکەونە خزمەت سیاسەتەکانی تورکیا لە عێراق و باشووری کوردستان. 
من لەو بڕوایەدام، کە رووداوی رێستورانتی حوقەباز چۆن کرابێت و کێ کردبێتی، گرنگ نیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە باڵی نێچیروان بارزانی راستەوخۆ بەشدارە لەم رووداوەدا.