سەردێڕ:

لە ململانێی سیاسییەوە بۆ ململانێی خێڵ

9/2/2019 10:20:26 AM
2652 جار خوێندراوەتەوە
د.کامەران مەنتک
+ -

رەسول حەمزاتۆڤ، لە کتێبی داغستانی مندا وتەیەکی جوانی نوسیوە:" ئەگەر خەنجەرت لەبەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵکیش پیاوە! ‌".

ئەمەش واتای ئەوەیە ھەرچەندە بەھێزیش بیت، پێویستە حیساب بۆ بچووکترین شتیش بکەیت و رێزی ھەموو شتیک بگریت. بەڵام لە کوردستان نەک ھەر ئەمە ناکرێت، بەڵکو رێک پێچەوانەکەی ئەنجام دەدرێت، ھەر کاتێک ھێزێک ھەست بە بەھێزبوونی دەسەڵاتی خۆی دەکات، ھەموو ئەوانەی تر نەک پشتگوێ دەخات، بەڵکو سوکایەتییان پێدەکات و تەنانەت ھەوڵی سڕینەوەشیان دەدات!

ھەرچەندە ئەو بەھێزبوونانەی ھێزەکانی کوردستانیش، دەرئەنجامی گەشەسەندنی خودی خۆیان و پێگەیشتنی خۆیان وەک ئەقڵێکی پێشکەوتوو و ئەفراندە نیە، ھێندەی ئەنجامی بە کۆیلە بوون و پاشکۆبوونی ھێزە ھەرێمیەکانی ترە. ئێمە دەبینین لە پەنای ھەر کۆیلەیەکی خۆ بەھێزو بەزلزان، زڕتەسۆرێکی ھەرێمی وەستاوە، کە داری داوەتە دەست و داریشی لەسەر بەرزرکردووەتەوە! 

رەفتارەکانی ھەموو ھێزەکانی کوردستان ئەمڕۆ بە ئاشکرا ئەو مۆرکەی پێوە دیارە، بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی!. بەڵام ئەوەی دەرھاویشتەکانی مەترسیدارتر دەکات و  خەریکە ترسناکتر بەدیاردەکەوێت، لە خۆبایی و بەخبوونی پارتیە، کە خەریکە بەڕاستی باوەڕ بەخۆی بکات، کە بەھێزترین حزبی کوردستانە ‌و خاوەنی ٤٥ کورسیە!. لە خۆبایی بوونی ئەو ھێزھوایکردووە، کە کرۆکە خێڵەکییەکەی خەریکە چوارچێوە حزبەکەی بە ئاشکرا ھەڵدەدڕێ و لە ململانێی نێوان حیزبەکانەوە، دۆخەکە بە ئاڕاستەی ململانێی نیوان خێڵەکان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفردەبات!." ھەموو شتێک لە پێناو مانەوەی بنەماڵەکەم و بنەماڵەکەشم لە پێناو مانەوەی خۆم".  ئەم زەنگە زۆر مەترسیدارە ‌و کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر کۆی مەسەلەی کورد لە قۆناغی ئێستادا ھەیە. 

ململانێی پارتییەکان لەگەڵ خێڵە گەورەکانی کوردستان، لە مێژووی ئەو حزبەدا، خاڵێکی بەرچاو و دیاربووە، تەنانەت فاکتەرێکی گرنگ و سەرەکیش بووە لەسەر دابەش بوونی خێڵەکان بەسەر دوو بەرە، بەرەی حکومەت و بەرەی دژە حکومەت، بەشێکیان ناویان لە خۆیان نا پێشمەرگە و چەتری خەباتی نەتەوەییان خستە خزمەتی خۆیانەوە، بەشەکەی تریش ناوی جاشیان پێبڕا. کە بەداخەوە لە کرۆکدا ئەوەی ھەردوو لای دەبزواند، ململانێ خێڵەکییەکە بوو نەک شتێک بەناوی مەسەلەی کورد و گیانی نەتەوایەتی.

لە قۆناغی ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان، یاخود وردتر بنەماڵەی بارزانی، خەریکە حکومەت و ململانێ سیاسییەکان بە ئاڕاستەی جڵەوکردنی خێڵە گەورەکانی تری کوردستان ئاڕاستە دەکەن، کە ئەمە وایکردووە و بە داخەوە، بەشێکی گرنگ خێڵە گەورەکانی تری کورد، کە ھەموویان ئەگەر خۆیان پێ لە بارزانییەکان گەورەتر نەبێت کەمتر نیە، بە ئاڕاستەیەکی تر کاربکەن و ھەوڵبدەن بۆ تێکشکاندنی ئەو بنەماڵەیە پەنا بۆ ھەموو شتێک ببەن، دیارە لە دۆخێکی ھەستیاری وەکو ئەمڕۆی ناوچەکە ‌و کوردستانیش، زۆر باوەشی گەرمتر کراوەیە و زیاتر رێزیان پێشکەش دەکات. ئەمەش لە کۆتاییدا کورد لە جیاتی شەڕی نێوان حزبەکان بە شەڕی نێوان بنەماڵە ‌و خێڵەکان خەریک دەکات. بڵاوبوونەوەی دنگۆی دروستکردنی فەوج لە لایەن کۆمەڵێک خێڵ و ھۆزی گەورەی باشوری کوردستان، دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە. بۆیە دیسان بۆ ئەوەی نیو سەدەی تر گوێی ئەم میللەتە بەشەری جاش و پێشمەرگە کاس نەکرێت، پێویستە ئاڕاستەی ململانێکان بە ئاقارێکی تری وادا بڕوا، خزمەت بەیەکڕیزی و بە سیاسیکردنی ھێزەکانی سەر گۆڕەپانی باشور بکات. با ئەمجارەیان شەڕی ناوخۆیی حزبەکان بچووکتر نەکرێتەوە بۆ شەڕی نێوان بنەماڵە ‌و خێڵەکان،کە زۆر مەترسیدار و ترسناکترە.