سەردێڕ:

ئیتر قسەئەکەم (٥)

5/27/2019 6:31:32 PM
15467 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

پێشەکییەک لە جیاتی وەڵامدانەوە

دوای ئەوەی مام جەلال لە وتاری پلینیۆمی کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩دا‌ و ئیرتیجالی ھێرشی شەخسیی کردەسەر کاک نەوشیروان، ماوەیەکی کەم‌ و لە کاردانەوەی ئەو قسانەدا، دووەمیان نامیلەکەی (لە ھاوخەباتییەوە بۆ تەخوین) ئەنوسێ، ئیتر مام جەلال لە "ھاوڕێی خۆخستنە بەر گوللـە"وە لای کاک نەوشیروان ئەبێ بە "ئاغای تاڵەبانی".
لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمیش ناکۆکی ئەو دوو ھاوڕێیە و گروپێکی مەکتەبی سیاسی  ی ن ک، لە ساڵی ٢٠٠٥وە دەست پێ دەکات، بەڵام دوای ھەشت ساڵ‌ و کاتێ مەترسییەکە سەرھەڵدەداتەوە، کاک نەوشیروان نامیلکەی (کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم) دەنوسێ، ھەموو ئەو کۆنوسی کۆبونەوە و قسانەی نێوان خۆی‌ و مام جەلال‌ و مەکتەبی سیاسی بڵاودەکاتەوە.
بەندە، وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم پێداوە، تا بە قەواڵەیەکی ئەخلاقی‌ و حیزبی، بەو ھاوڕێیانەوە گرێدرابووم، ئیلتیزامم بەو بەڵێن‌ و گرێبەستەوە کردووە، بەڵام کاتێ دەگاتە تەخوین‌ و مەترسی جددی لەسەر مێژوی ژیانی شەخسی‌ و سیاسی‌ و بیری نەوشیروان مستەفا‌ و ناکۆکییەکان بۆ ناوزڕاندن قوڵ دەبنەوە، ئیتر بێدەنگی جگە لە تاوان‌ و ھەڵەی تەمەن، ھیچ مانایەکی تری نامێنێ.

فەرمانێک بۆ ٤٨ سەعات !

 ھەر ئەو رۆژەی کاک نەوشیروان بڕیاری گرتنەکەی لە دژەتیرۆری پارتییەوە بەدەست گەیشت، من وەک بەرپرسی میدیا‌ و شۆڕش حاجی وەک وتەبێژی بزوتنەوەکە بۆ جێبەجێکردنی، فەرمانی وەڵامدانەوەی مەسعود بارزانی راسپارد.

-پێشنیازدەکەم پەیوەندییەک بە یەکێتی‌ و راگەیاندنەکانیانەوە بکەین بۆئەوەی لەم بەرگریکردنەدا ھاوکار‌و ھاوئاھەنگیمان بکەن.

من ئەم قسەیەم کرد‌و کاک نەوشیروان وتی:
-زۆر باشە، لەگەڵ کاک قادری حاجی عەلی قسەبکەن، ئەو رێکیبخات.

ھەر لەوێ تەلەفۆنم بۆ کاک قادر کرد.
-کاک قادر ئەڵێ ئیعلامی یەکێتی لای ماڵی مام جەلالە، پێی باشە  کاک حەمەتۆفیق ئەو ھەماھەنگییە رێکبخات.
ئەمەم بە کاک نەوشیروان وت‌ و لەگەڵ شۆڕش حاجی خەریکی چپە بوین، بۆئەوەی کاممان پەیوەندی بە کاک حەمەتۆفیقەوە بکات.

-باسی چی ئەکەن، پێم بڵێن ؟

لەگەڵ ئەم قسەیەدا کاک نەوشیروان وتی" وازی لێ بێنن، بابزانین یەکێتی خۆیان چی ئەکەن، تاقیکردنەوەیەکی ئەوانیشە".

لەو کۆبونەوەیەدا رێککەوتین سەعات ٣ی پاش نیوەڕۆ، شۆڕش حاجی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکات‌ و بەدوایدا لە میدیای گۆڕانەوە ئەو فەرمانی "بریندارکردن‌ و ئازاردان"ەی بارزانی جێبەجێ بکەین.

چومە سەرەوە، کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ستافی میدیام رێکخست، لەو فەرمانەی کاک نەوشیروان ئاگادارمکردنەوە، دوو رۆژ پێش ئەوە، پێشبینی جۆرێ لە کاردانەوەمان کردبوو، بۆیە کەمێ ئامادەسازی کرابوو. شەوق‌ و حەماسی گشت کادیر‌و کارمەندەکانی میدیا بۆ بەرگریکردن‌ و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی کاک نەوشیروان (لە جوڵە و جەستە و جەسارەتیان)دا، ھەمان ئەو حەماسەی پێشمەرگەم بیرئەکەوتەوە کە فەرمانی چالاکییەکیان لە کاک نەوشیروانەوە پێئەگەیشت.
سەعات ٣, شۆڕش حاجی پێچەوانەی ئەو فەرمانەی کاک نەوشیروان لێدوانی دا، لە جیاتی ئازار، ھەتوانی  ساڕێژکردنی برینەکانی پارتی‌ و بارزانی کرد، ئامادەیی کاک نەوشیروانیشی بۆ چونە دادگا دەربڕی (لێدوانەکانی وتەبێژ لە سەعات ٣ی ١٦ حوزەیرانی ٢٠١٦دا بەدەنگ‌ و رەنگ‌ و نوسراو لە ئەرشیفدا ماون)، تەنیا شتێ دژی پارتی وتی، ئەوە بوو، کە دەبێ لەسەر ٣١ی ئابیش خەڵک دادگایی بکرێن. ئێمە توشی شۆک بوین، بەڵام دەستمان پێکرد‌ و وەک خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا بوین کە پێمان سپێردرابوو.

-ئەو حەملەیە لەسەر بارزانی ھەرئێستا راگرن.

-ئێوە بە قسەی کێ‌و بەچ ئامانجێ ئەم حەملەیە لەسەر بارزانی ئەکەن؟

-مەرج نییە کاک نەوشیروان ھەرچییەک بڵێ ئێوە جێبەجێ بکەن !

-ھەر شتێ رویدا، ئێوە لە میدیا بەرپرسن.

ئەم قسانەو زۆری تر، ھەریەک لەو ئەندامانەی گروپی "خڕ" دەیانکرد‌ و تەنیا یەک وەڵامم ھەبوو:

-فەرمانی رێکخەری گشتییەو بڕۆن لەگەڵ خۆیدا قسە بکەن.

سەعات ٥ی ئێوارەی ئەو رۆژە چومە لای کاک نەوشیروان، بەدیار KNN ەوە دانیشتبوو.

-دەستان خۆش بێ، ھەموی ئەبینم، توندتری بکەن.

-کاکە، بەڵام بابزانی فشارێکی گەورەمان لەلایەن ئەو برادەرانەوە بۆ راگرتنی لەسەرە.

کەمێک بە توڕەییەوە وتی:

-کێ فشارتان لێ ئەکا، پێم بڵێ کێن ؟ !

ھیچ ناوێکم نەوت، حەزیشم نەکرد بەو توڕەیی‌ و بێزارییەوە بیبینم، ھەرزو جێم ھێشت‌ و چومەوە سەرەوە.
لە ھەموو لایەکەوە تەلەفۆنی جیاجیا بۆ راگرتنی ئەو ھەڵمەتە دەھات، زۆریان لەژێر کاریگەری ئەو گروپەی "خڕ"دا تەحلیل‌ و تەفسیریان دەکرد، وەڵامی من بۆ ھەمویان ئەوە بوو "ئایا ئەزانن پارتی فەرمانی گرتنی کێی دەرکردوە ؟"، ھەندێکیشیان دەیانوت ئێمە قسەمان لەگەڵ خۆی کردوە و لەم حەملەیەی ئێوە ناڕازییەو وتوشیەتی "رایئەگرین".
سەعات ٧ی ئێوارە و بۆ دڵنیایی، جارێکی تر چومەوە لای کاک نەوشیروان.

-کاکە ھیچ رێنمایی تازەت نییە

-بەردەوام بن، دەستان خۆش بێ، ھەوڵ بدەن زۆرترین کەس قسەی لەسەر بکا

-پەیوەندی بە زۆر کەسەوە ئەکەین، فشاری ھاوڕێکانمان بەردەوامە، کاردانەوەی خراپی ھەیە و وایان کردوە کەمترین کەس ئامادەی قسەکردنن، دەشڵێن تۆ ناڕازیت‌ و وتوتە رایئەگرین؟!

-ناوم پێ بڵێ، کێ وای وتوە ؟

بەناچاری ئەمجارە ناوی ھەمو ئەوانەم ھێنا کە دژی ئەو بەرگریکردنەی ئێمە بون‌ و لەگەڵ بڕیارەکەی رێکخەری گشتیدا نەبون، رەخنەکانیشیانم پێگەیاند.

-ئەوانە ھەمویان بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتی‌ و ھەولێردا ھەیە، نایانەوێ لەخۆیانی تێکبدەن، ترسنۆکن‌و ...
ئێوارەی رۆژی دوایی ١٧ی حوزەیران، ھەرسێ بەرپرسی ئەوکاتی (سایتی سبەی، بەرنامەکان، ھەواڵ)م لەگەڵ خۆم برد و چووین بۆ کۆبونەوەی رێکخەری گشتی، وەک پیشەی ھەمیشەیم کە ھاوڕێکانم لەگەڵدا بووایە، دەرفەتم بە ئەوان دەدا، گەر پێویستیش نەبوایە خۆم لەو جۆرە کۆبونەوانەدا قسەم نەئەکرد، کاک نەوشیروان، رو لەوان‌ و پرسیاری کرد:

-دەنگ وباستان ؟ فشارتان لەسەر نییە ؟!

محەمەد رەئوف وەڵامی دایەوە:

-ھیچ گوێ بە فشاری پارتی نادەین.

-ئەزانم فشاری برادەرانی خۆمانتان لەسەرە، ئەوانە ھەر ترسنۆک بون، بزانە کەسیان ئامادەن یەک وشە لەدژی پارتی بڵێن، لە شاخیش ھەر ترسنۆک بون، پارتی ئەیەوێ لە ئاخری تەمەنما وەک کەسێکی لەیاسا دەرچوو مێژوی من رەش بکا، بەڵام بەداخەوە ھاوڕێکانمان کەسیان جورئەتی ئەوەیان نیە یەک دێڕ بۆ پشتیوانی من لەدژی پارتی‌ و مەسعود بارزانی بڵێن، تەنیا ئێوە بەرگری ئەکەن‌ و ئەیانەوێ رێگری لە ئێوەش بکەن، گوێ بەو ترسنۆکانە مەدەن.
لە ھەستاندا‌ و بە تەنیا‌ و بە چپە بیرم خستەوە کە ئێمە پابەندی ٤٨ سەعاتەکەین‌ و کاتی راگرتنی نزیک بوەتەوە.

-چیتر پێویستە بیکەین؟

-رەزاق بابزانی، من ئەو قسانەی کە لای ھاوڕێکانت کردم ئەم بەیانییەش ھەمویانم بانگ کردوە و لەوە خراپتر‌ و زیاترم پێ وتوون، وتوشمە تەنیا رەزاق دیفاعم لێ ئەکا ئەتانەوێ ئەویش بێدەنگ بکەن؟!

لەراستیدا تەنیا میدیای گۆڕان‌ و میوانەکانی ئەو دوو رۆژە بەرگرییان کرد، زۆرن‌ و ئەرشیفەکەی ماوە، لێرەدا ناکرێ ناویان بھێنرێ، بەڵام ئەوانە زۆر زیاتربوون کە لەژێر کاریگەری ئەم گروپەی "خڕ"دا دژایەتییان دەکردین، با ھەر کەس بە رۆژمێری خۆی‌ و لێدوان‌ و نوسینەکانیدا، بچێتەوە، لە ١٦‌و ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦دا، چی بۆ بەرگریکردن لە کاک نەوشیروان کردووە، حەتمەن بێدەنگی ھەر گۆڕانخوازێک بە (ویست) یان بە (پێویست) یاخود بۆ (بەرژەوەندی تایبەتی)، ناڕاستەوخۆ بەبەشێک بووە لە پشتیوانی بڕیاری دادگای دژەتیرۆری پارتی، ناکرێ لێرەدا ئاماژە بە تاقانە مقابەلەیەکی کاک قادری حاجی عەلی نەدەین کە لە سایتی سبەی‌ و لە وەڵامدانەوەی ئەو ھەڵمەتەی پارتیدا کردویەتی.

ھەرچەندە پارتی، زیاتر لە شەش مانگ بوو، ماکینەیەکی گەورەی ئیعلامییان بۆ تەشھیرو ناوزڕاندنی کاک نەوشیروان خستبووەگەڕ، لە کاردانەوەی ئەو ھەڵمەتە ٤٨ سەعاتییەی ئێمەدا، ئێوارەی ١٧ی حوزەیران، بۆ یەکەمجار مەسعود بارزانی بەیاننامەیەکی دەرکرد‌ و داوای لە پارتییەکان کرد، ھەڵمەتی راگەیاندن‌ و وەڵامدانەوە رابگرن، پێشبینییەکەی کاک نەوشیروان‌ و نھێنی ٤٨ سەعاتەکەی بۆ دەمکوتکردنی پارتی راست دەرچوو.

وا بووە ھەزار، بە تاقە مەردێ
بەزیوە، دەڵێن سەد قەل و بەردێ

خڕ یان گروپی سێ پێ؟

 سەرەنجام‌ و ئێستا، گۆڕین‌ و بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەکە، تەسلیمبون بە ھەرسێ فاکتەری پێ (پاوەر، پارە، پارتی)، ھەموو ئەو بۆچون‌ و شیکردنەوانەی کاک نەوشیروان بۆ کەسایەتی ئەم گروپەی "خڕ" و ھاوڕێکانی تری دەیکرد، راست‌ و دروست دەرچوون، لەپێش مەرگیدا‌ و بە نوسراو و بە خەتی خۆی، ھەمان بۆچون‌ و تەقیمی لەسەر ھاوڕێکانی نوسیوە و لای (دکتۆر چیا) ھاوڕێی ٥٠ ساڵەی خۆی پارێزراوە، چەندجارێکیش دکتۆر بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو گروپەی زیان بە فکر‌و ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا دەگەیەنن، ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردووە. 

دوای مەرگی کاک نەوشیروان‌ و تاکە تاکە نەبێ، ھەموو ئەوانەی لەو حەملەی بەرگریکردنەدا دژی پارتی وەستانەوە و پشتیوان‌ و بەرگریکاری بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا بوون، بەشێواز‌و بیانوی جیاجیا لە بزوتنەوەی گۆڕان دورخرانەوە.

ماویەتی..