سەردێڕ:

ئیتر قسە ئەکەم (٤)

5/18/2019 10:01:47 PM
21146 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+ -

دوای سەردانەکانی پارتی و دوا سەردانی فوئاد حسێن، ئیتر ئەوان دڵنیابوون لەوەی کە "نەخێر" بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم، دوا قسەی کاک نەوشیروانە ، چونکە چەندجارێک وتبوویان ئەگەر تۆ وەڵامەکەت "بەڵێ" بێ، مەسەلەی یاسا ‌و پەرلەمان ‌و دەسەڵاتەکانی بۆ ئێمە جێ بھێڵە. بەدوایدا، مەسەلەی دادگایکردنی کاک نەوشیروان ‌و تۆمارێکی دەنگی ئەویان لە راگەیاندنەکانەوە وروژاند، دواتر بە رەسمی دەعوایان لە ئاسایشی ھەولێر و بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لەسەر تۆمارکرد، لەگەڵیدا بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر کە سەربە ئاژانسی پاراستن ‌و شەخسی مەسعود بارزانییە، تەبلیغی ئامادەبونی بۆ نارد، ئازاد چۆمانی وەک وەکیل ‌و پارێزەری یاسایی کاک نەوشیروان، لە نزیکەوە ئامادەی دادگا ‌و چاودێری پرۆسەکەی دەکرد. چەند کاسێت و تۆمارێکی دەنگ و رەنگیشیان بە گشت سەفارەت ‌و کونسوڵخانەکاندا بڵاوکردەوە.

ھەفتەی یەکەم کەسمان لەو بڕوایەدا نەبوین پارتی ئەو مەسەلەیە بە گرنگ وەربگرێ، لەو ماوەیەشدا گشت نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە لە عێراق‌و ھەرێمی کوردستان بەچڕو پڕی سەردانی کاک نەوشیروانیان دەکرد.
پێشتر کاک نەوشیروان زۆر بە دەگمەن پێشوازی و کۆبونەوەی لەگەڵ بیانییەکاندا دەکرد، ھەمیشە دەیوت کورد بە مێژوی خۆی میللەتێکی کەسایەتی تێکشکاوە، سەرکردەکانی کورد لەجیاتی راستکردنەوەی، بە تەشەبوس و میوانداری بێگانە، ئەوەندەی تر ئەم تێکشکانەیان لای کورد بەرجەستە کردوە، ئەرکی گۆڕان ‌و سەرکردایەتی کورد ئەوەیە، شکۆ بۆ ئەو کەسایەتییەی کورد بگەڕێننەوە، ئەو وشەی "دیگنتی- Dignity" بەرامبەر ئەو شکۆیە بەکاردەھێنا‌و دەیوت من لەبەر ئێوە کە رێکخەری گشتیم نایان بینم، بڕۆن ئێوە بیان بینن، ھەندێ نمونەی مام جەلال و مەسعود بارزانیشی لەوبارەیەوە باس دەکرد.

لەو رۆژانەی مەسەلەی مەحکەمەکەدا، بیانییەکان بە فرسەتیان زانی، بەچڕوپڕی سەردانی کاک نەوشیروانیان دەکرد، ئەویش وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ درۆو دەلەسەکانی پارتی رەتی نەدەکردەوە. جارێ بە فرسەتم زانی‌و لێم پرسی:
- کاکە ئەو میوانە بیانیانە ھیچ کاتێ باسی ئەو تۆمارە دەنگیانە و دەعواکەی پارتی ناکەن؟
- ھەتا ئێستا نە ئەوان و نە من لە ھیچ دانیشتنێکدا باسمان نەکردوە.
ھەر لەو ماوەیەدا وەفدێکی باڵای جمھوری ئیسلامی لە تارانەوە ھاتنە لای، ئەوانیش خۆیان لەو باسە نەدا.
چەند جارێ لە مەترسییەکانی ئەو دادگایەی پارتی قسەم کرد ‌و کاک نەوشیروان لای گرنگ نەبوو، بەڵام لە ھەفتەی یەکەمی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا لەسەر ناوەرۆکی دەعواو تەبلیغەکەی پارتی، من و شۆڕش حاجی بانگ کرد، ئازاد چۆمانی بە فایلێکەوە لەو کۆبونەوەیەدا بوو، داوای لە ئازاد کرد ناوەڕۆکی دەعواکەمان بۆ باس بکات.

"چەند بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە لە فایلەکەدایە، چوار بۆ پێنج تۆماری دەنگیی و وێنەیی پشتڕاستی دەکاتەوە، بڕین و مۆنتاژی پێوە دیارە. دو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خۆیان لەبەردەمی حاکم وەک شایەت ئیفادەیان لەسەر ئەو بەڵگانە داوە ‌و ئیمزایان کردوە"، ئازاد لەگەڵ قسەکانیدا کاغەز‌و نوسراوەکانی ئەمدی و و ئەودیو پێ دەکرد، کاک نەوشیروان وتی:
- تۆ چیت پێ دەکرێ؟
- ئێمە لە ھەنگاوی یەکەمدا ھەوڵدەدەین دەعواکە بۆ سلێمانی بگوازینەوە، داواش دەکەین ئەو شایەتانە بە نھێنی نەمێننەوەو بێنە بەرەوڕو، ھەرچەندە ئەمەی دوەمیان قورسە ‌و رەنگە شایەتەکان لە پیشتی پەردەوە ئامادەبن، بەڵام دەکرێ دەعواکە بگوازینەوە بۆ سلێمانی.
کاک نەوشیروان ھیچ ئومێدکی لەسەر قسەکانی ئازاد ھەڵنەچنی ‌و روی لە ئێمە کرد ‌و وتی:
-لە ئەمڕۆوە چیمان پێ بکرێت ئەیکەین.

ھەڵچون‌ و توڕەبونێکی زۆر بە رویەوە دیار بوو، ھەرسێکمان رامان وابوو چاوەڕێ بین تا ئەو پێنجشەمەیەی کە ئازاد دەڵێ دەعواکە بۆ سلێمانی دەگوێزینەوە. قسەکەی ئێمەی قبوڵ کرد و وتی؛ باشە بزانین پێنج شەممە چی رودەدات.
چەند رۆژێک و لە نیوەڕۆی پێنج شەممەی ئەو ھەفتەیەدا، ئازاد چۆمانی بە ھەڵەداوان لە ھەولێرەوە گەیشتە سلێمانی، وەک ھەفتەی پێشوو من و شۆڕش حاجی بانگکردەوە و وتی؛ گوێ لە ئازاد بگرن.

-چیتر ھیچ ھەوڵێک سودی نیە، لە جیاتی وەڵامی داواکەی ئێمە بۆ گواستنەوە، ئەمڕۆ ئەم فەرمانی دەستگیرکردنەیان پێداوم.
ئازاد وای وت و بەدوایدا کاک نەوشیروان من و شۆڕش حاجی راسپارد:
-٤٨ سەعات بڕۆن شەخسی مەسعود بارزانی لە میدیاوە بکەن بە ئامانج، باس لە پارتی ‌و کەسی تری ناو پارتی مەکەن، ئازاریان بدەن.

بەش بە حاڵی خۆم لە چەندین وێستگەی نالەباری سیاسی و شەخسیدا ئەو پیاوەم بینیوە، دووجاریان لە نزیکەوە ‌و لە کەشفبونی خیانەتی گەورەی دوو پێشمەرگەی دەستەکەی خۆیدا، کە ھەوڵی کوشتنیان دابوو، لەگەڵیدا بووم، ھیچ جارێکیان ھێندە توڕە و بێزار نەمبینی بوو، بیرم دەکردەوە ئەندازیاری یەکەمی ئەم حکومەتەی ھەرێمە کە ھەموو تەمەنی لەپێناوی کورد ‌و شۆڕشەکەیدا دانا، ئێستا لە دادگای ئەو حکومەتەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بە خراپترین تۆمەت بۆ دەردەکرێ، چ کارەساتێکە، حوکمی رەش و عەقڵی رەش لەم وێرانەیی نیشتماندا!

ئەو؛ کاری دادگا ‌و کاردانەوەی پارتی لاگرنگ نەبوو، کۆڵی خەم و بێزاریی ئەو سەروەختەی ئاشکرابونی ئەو دوو ئەندامەی جڤات ‌و وێنەگرتن‌و دزەپێکردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانە بوو، بۆ یەکەمیان بەجیا، من و چەند کەسێکی بۆ دۆزینەوە راسپارد، ئێمەش ھەمو ھەوڵەکانمان لەچوارچێوەی (گومان) تێنەپەڕی و نەگەیشتینە بەڵگەی حاشاھەڵنەگر.
بەمدواییە و سەبارەت بە تۆمارە دەنگیی و وێنەییەکان ھەندێ سەرەداوی ئاشکرا دەرکەوتن، جارێکی تر لە سنورێکی بەرتەسکدا، داوای لێکۆڵینەوەم کرد، بەداخەوە لەبەر بەرژەوەندی تایبەت، پشتگوێ و دیزە بە دەرخۆنە کرا.
دەبێ خەڵکی کوردستان و ھەمو ئەوانەی خۆیان بە پشتیوانی بیری نەوشیروان مستەفا دەزانن، پێبزانن کە:
یەکەم: دوو ئەندامی جڤات وەک شایەتحاڵ لەدژی کاک نەوشیروان لە دادگا قسەیان لێوەرگیراوە.
دووەم: چەند کاسێتێکی تۆماریی ڤیدیۆیی کاک نەوشیروان لە فایلی دادگاکەی دژە تیرۆری پارتیدا ھەیە.

سێیەم: عەلی حەمەساڵح لە پێش دوا کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی و لەبەردەم ھەمویاندا لە ھەڵچونێکدا وتی: "دەنگ ‌و رەنگی کاک نەوشیروانم تۆمارکردووە کە باسی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات ‌و لە مۆبایلەکەمدا ھەیە، کێ ویستی پیشانی دەدەم". بەدوایدا، سەرەنجی یەکێک لە ئەندامەکانی جڤاتم بۆ ئەم قسەیە راکێشا، کە شارەزای کاروباری لێکۆڵینەوەی ئەمنی بوو، ئەویش لای خۆیەوە بەسەرسوڕمانەوە قسەکەی وەرگرتبوو، بێدەنگ بوین و شەو بە نامەیەک سکرتێری جڤاتم لەو قسەیەی عەلی ئاگادارکردەوە ‌و وتیشم؛ بیرتان نەچێت چەند کاسێتێکی ڤیدیۆیی لە دادگای ھەولێرە. ھیچ لێکۆڵینەوە نەکرا و عەلی حەمەساڵح بە وتەیەک کە گوایە مەبەستی ئەوە بووە لە یوتوب ‌و راگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە، خۆی لێ دەرباز کرد، لەکاتێکدا ئەو بە ئاشکرا وتی؛ "خۆم وێنەم گرتوە و لە تەلەفۆنەکەی خۆمدایە و کێش ئەیەوێ پیشانی بدەم".

خۆشبەختانە پاش ماوەیەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەتی کاک نەوشیروان لای (ئارام ئەحمەد)ەوە بڵاوکرایەوە، ھەمان گرتەی ڤیدیۆیی بەشێوەیەکی کەمێک جیاواز، لە KNN بڵاوکرایەوە.
عەلی حەمەساڵح ھاتەوە سەرخەت بۆ پینەکردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا وەک تێبینی دەنوسێت "چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی دیکەی کاک نەوشیروان ھەیە باسی زۆر کەسایەتی سیاسی ‌و چەند دۆخێک دەکات، بەئاگایی خۆیشی وێنە گیراوە، بەڵام ئەخلاقی سیاسیمان تائێستا رێگەی پێنەداوین ھیچی بڵاوبکەینەوە".
بەم قسانەی عەلیدا ئاشکرا دیارە، کۆمەڵێک کاسێتی ڤیدیۆیی کاک نەوشیروان دەستاودەستی کردوە و کاک عەلیش تائێستا بڵاوی نەکردوەتەوە!

ئێستا ھەمو ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ کاک نەوشیروان ژیاون ‌و ناسیویانە، با بکەونە ژێر باری ئەم پرسیارەوە:
ئایا خوڵق ‌و ئەخلاق و کەسایەتی کاک نەوشیروان ئەوە بوقە رێگە بدا ھیچ کەس وێنەی ڤیدیۆیی بگرێت لەکاتی ئاخاوتنی مەجلیس یان تەلەفۆن ‌و پەیوەندیکردندا؟ ئەم چەندین بەڵگە ڤیدیۆییەی کاک عەلی باسی دەکات، لە کوێن ‌و چەندیان ئەوانەی ناو فایلەکەی دادگای ھەولێرن ؟ ئەی ئەم ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەیە لە کێیە ‌و بۆ کێیە؟ کەمیش نین ئەو کەسانەی ئەو ڤیدۆیانەیان بینیوە و باسیانکردووە.
رۆژی دواتر عەلی بەپەلە نوسینەکەی لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سڕییەوە.
لەبەشی پێنجەمدا جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەی کاک نەوشیروان وەکو خۆی بڵاوئەکەمەوە.

مردن و نەمری !

"پەنجا ساڵە ‌و ھەموو کارەکتەرە سیاسییەکانی بیری پێشکەوتوخوازی کورد لەم ھەرێمەدا و یەک بەدوای یەکدا، کەوتن، ھەندێ خۆیان ئەو مێژوەیان سڕیەوە، ھەندێ ماڵ ‌و مناڵ و ھاوڕێکانیان کوژاندیانەوە، تەنیا کەسێ نەمرو بەپێوە مایەوە، نەوشیروان مستەفا بوو، ئێستا موئامەرەیەکی گەورە لەسەر ژیانی خۆی ‌و بیروباوەڕەکەی ھەیە، ئەرکی سەرشانی ئەم جڤاتی نیشتمانیەیە، کاک نەوشیروان ‌و بیروباوەڕەکەی بە زیندویەتی بپارێزێت، مناڵەکانی، ئەرکی رێکخراوەیی، ھەر بوارێک ئارەزو دەکەن بەشێوەیەکی دەستوری بۆیان رێکبخەن، گۆڕان وەسیلەیە و ئەگەر زیندوبمێنێتەوە، دەیان گۆڕانی تر دروست دەبێ، بەش بەحاڵی خۆم گۆڕان بم یان نا، ھەتا ماوم کار بۆ نەمری نەوشیروان مستەفا و بیروباوەڕەکەی دەکەم"، چەند مانگێ دوای مەرگی کاک نەوشیروان و لە کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتمانیدا کە زیاد لە ٥٠ ئەندام ئامادەی بوون، ئەم قسەیەم بە دورودرێژتر پێوتن ‌و بۆم رونکردنەوە، مەحزەری کۆبونەوەکانیش ماون.

ئەم رامان و روانینەم بۆ؟

لە ئاپۆڕای خەڵک ‌و گریان ‌و فیزاحی ئەو بەیانییەی ١٩ی ئایار لە حەوشەکەی شوقەکانی گردی زەرگەتە، ئەم گروپەی ئێستای "خڕ"، لەبیری بڵاوەپێکردن و دورخستنەوەی خەڵکدا بوون، ھەموان و ھەریەک بە بیانویەک، تەنانەت برا و مناڵەکانی خۆشیان دورخستەوە، با ھەریەک ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، لە نەریت ‌و ئەخلاقی کوردەواریدا بەگشتی ‌و شاری سلێمانی بەتایبەتی مردو ھەر کێ بێ و ھەر کارە بێ، سەرما‌و تۆفان یان گڕە و گەرما بێ، ئاشتی ‌و ئاژاوە بێ، شەو یان رۆژ بێ، کەسوکار‌و ھاوڕێ نزیکەکانی تا ناشتنی لێی دورناکەونەوە، ھەمو تۆمارە ڤیدیۆییەکان ‌و شایەتەکان ماون، (یەک کەسم پێ بڵێن لە کەسوکار، ئەندامانی خانە، ئەندامانی ھەردوو جڤات لەگەڵ تەرمی نەوشیروان مستەفادا، لە ماڵەوە بۆ خەستەخانەی فاروق بەپێ یان بە ئۆتۆمبێل ھاوڕێگەی بوبێ) دڵنیا بن کەسیان.

لێرەوە دەتانگێڕمەوە بۆ دەیان حاڵەت ‌و رەفتاری ئەم گروپەی "خڕ"‌و ھەندێ لە بازرگان ‌و چەند کەسێکی چاپلوسی دەوروبەری کوڕەکانی کاک نەوشیروان ‌و چەندین قسە و بیرۆکە و بڕیاری مەترسیدار، کە لە ھەمویاندا و لە سەرەتای ئازاری کۆستەکەدا، رۆژانە دەیاندەچڵەکاندم.
بە بڕیار‌و فەرمانی کۆپتەرەکەی سەید عومەر دەستی پێکرد ‌و لە کۆبونەوەیەکی پەلەدا پێشنیاریان کرد کەس پارە وەرنەگرێت بۆ ھاوکاری ئەم پرسەیە، بەداخەوە دواتر بیستم ئەم ‌و ئەو پارە و ھاوکاری ھەتا کارتۆنە ئاویش بە سەدەقە وەرگیرابوو، ھێشتا چلەی نەچوبوو، لە کۆبونەوەیەکدا، لیژنەیەکیان بەبیانوی نەبونی پارەوە بۆ گەڕان بەسەر دەوڵەمەندەکانی شاردا پێکھێنا، ناوی چیا و نما لەگەڵ ئاواتی شێخ جەناب بۆ ئەو لیژنەیە پێشنیاز کرا:
-تکایە کوڕی کاک نەوشیروان لە مەسەلەی پارەو پارەکۆکردنەوەدا باس مەکەن.
من ئەمەم وت و سەید عومەر وتی:
-ئەوان ئەزانن کێ ھاوکاری باوکیانی کردووە.
بە بێزارییەوە ھەستام ‌و بەگوێی کاک عومەردا وتم:
-کوڕی کاک نەوشیروان مەکەن بە دەسڕی سواڵ. خۆی بمایە ئەمەی قبوڵ دەکرد؟!
من بە چپە ئەمەم وت‌و کاک عومەر بە دەنگی بەرز‌و بە توڕەبونەوە وتی:
-ئێ چی بکەین، پارە بەوان دەدەن‌و بەئێمەی نادەن.

حەمەتۆفیق بەئاشکرا دەیوت کاتی ئەوەیە عوسمان ‌و قادر دەربکەین، عومەر سەید عەلی دەستەواژەی "نوێنەری ماڵی کاک نەوشیروان"ی بۆ حەمەتۆفیق بەکاردەھێنا، جوامێری برازای کاک نەوشیروان لە ھەفتەی یەکەمی پرسەکەدا لە کاروباری ژوری دیپلۆماسی دورخرایەوە، بەختیاری براو ھاوڕێی ٥٠ ساڵەی کاک نەوشیروان بێزارو دەبوغزێنرا، بەپەلەدەرکردنی قەسامی شەرعی ‌و قانونی کاک نەوشیروان و ئینتیقالی مەحکەمە و بەیاسایی و بەرەسمی دەرکردنی کچە تاقانەکەی لەو پرۆسەیەدا، تاپۆکردنی ھەمو مومتەلەکاتی گۆڕان و کاک نەوشیروان ‌و گواستنەوەی بۆسەر ھەردو کوڕەکەی، پشتیوانی ‌ کاک عومەر‌و قسە بەناوبانگەکەی کە دەیوت" بەشکم ئەم تەعزێیە ببێتە عاملی خێر بۆ ئاشتبونەوەمان لەگەڵ پارتی"، ئەمانە و بەئاشکرا ھەوڵی دورخستنەوەی نزیکەکانی کاک نەوشیروان وای کرد بەپەلە سێ گروپی جیاواز لە بزوتنەوەکەدا فەرز ببن. عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی ‌و ھاوڕێکانیان، عومەری سەید عەلی ‌و تەکەتولە کۆنەکەی، کوڕەکانی کاک نەوشیروان و حەمەتۆفیق و دەورپشتەکەیان. چەند کەسێکیش لەو تازە پیاکەوتوانەی گردەکە، لە ئەندام پەرلەمان، وەزیر‌و کادری فەیسبوک، لەنێوانیاندا، ھامۆشۆو زمانبەدییان دەکرد ‌و خۆیان ساغ نەکردبوەوە.

ھەڵپەکردن بۆ دەستبەسەراگرتنی ھەرسێ جومگەی (ئیعلام، موڵک ‌و دارایی، ئیرسی مەعنەویی کاک نەوشیروان) بەخێرایی تێدەپەڕی. تەکەتولەکەی سەید عومەر پشتیان لە بەڵێنی ھاوڕێیەتی عوسمان ‌و قادر کرد و لەگەڵ گروپی کوڕەکانی کاک نەوشیروان موساڵەحەیان کرد، لە دەیان رێگەوە فشاریان بۆ راگەیاندن (لە دەرفەتێکی تردا وردەکاری بڵاودەکەمەوە)، کار گەیشت بەوەی، ھیچ نامەیەکی رەسمی ‌و ناڕەسمی ئێمەیان نەدەخوێندەوە، کۆبونەوەی ژێربەژێر لەگەڵ کادرو دەستەی جیاواز بەبێ ئاگاداری ئێمە لە میدیا دەکرا، پەلەیان بوو خانەی راپەڕاندن دروست بکەن، دەیانویست عوسمان و قادر لە پێکھاتەی خانە دوربخەنەوە، ناوی ئەو دووانە بۆ ھەر پۆست و پلەیەک دەھات، حەمەتۆفیق وەک رکابەریان بۆ ئەو پۆستە راست دەبوەوە.

بەیانییەک ھەمو ئەو گلەییانەم گەیاندە سەید عومەر:
-حەمەتۆفیق دەوری خراپ دەگێڕێ، دەوروپشتی کوڕەکانی کاک نەوشیروان بیری خراپ و کاریگەری خراپیان ھەیە، تکایە تۆ لە جێگەی باوک ‌و مام ئەو کوڕانە بخەرە ژێر فەرمانی خۆتەوە.
لەم قسانەدا بوم، جەلال جەوھەر خۆی کرد بە ژورەکەی سەید عومەردا، بە لێبوردنەوە ویستی بڕواتە دەرەوە، بە فرسەتم زانی، ئەویشم تێکەڵاوی باسەکە کرد ‌و دوای گفتوگۆیەکی کورت وتی:
-سەد لەسەد تەیدی ئەو قسانەی عەبدولڕەزاق ئەکەم.

چەندجارێک لەگەڵ چیا و نما، پێکەوە ‌و بەجیا دانیشتم، ھەمو جارەکان سێ خاڵم بۆ پێشنیاز دەکردن.
یەکەم: باوکتان ھی ھەمو کورد بووە، تەجاوزی گۆڕان بکەن و وابکەن ئێوەش ھی ھەمو کورد بن.
دوەم: ئەم گردی زەرگەتەیە سەرقەبرانی باوکتانە، بەردێک لانابرێ ‌و دانانرێ، دەشزانم سورەت قەید و قەسام ‌و ئینتیقال ئێوە نەتان بیستوە ‌و نایزانن، ئەوەش نازانن دابونەریتی سلێمانی وایە باوکمردە لانی کەمی تا ساڵێک عەیبە بەلای ئەو دائیرانەدا بڕوات، پێیان کردن ‌و تازە تێپەڕی.

سێیەم: دوژمن و نەیارو رکابەرەکانی باوکتان پەنجا ساڵە بە سەدان ماکینەی ئیعلامی ‌و سیاسی ‌و ئیستیخباراتی کار بۆ شکاندنی دەکەن، ئەو بە مردنەکەی سیحری ھەمویانی بەتاڵکردەوە، دڵنیا بن پەنجا ساڵی تر کار بۆ مردنی راستەقینەی ئەو دەکەن، چونکە نایانەوێ کورد پیاوی وا دروست بکاتەوە، ئامانجی سەرەکیش ئێوەن، نەک گۆڕان‌و ئێمەومانان، دەکرێ ماوەیەک سەفەر بکەن، یان لە بڕیارو کاری سیاسی بزوتنەوەکە خۆتان دوربخەنەوە.

ھەمو جارەکان جۆرێ لە دڵنەوایی ‌و رەزامەندیم لای ئەوانەوە ھەست پێ دەکرد، تەنیا جارێک نەبێ، چیا لە درێژەی گفتوگۆیەکماندا وتی:
-کاک رەزاقیش وەک رێبین و مەریوان (رێبین ئەحمەد ھەردی، مەریوان وریا قانع) دەیەوێ ئێمە دوربکەوینەوە.
کاتێکیش ھەواڵی تاپۆکردنی گردەکە لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکرایەوە، گفتوگۆیەکی لاوەکی لەناو گۆڕانخوازاندا دروست کرد، رونکردنەوەیەکی (چیا و نما) لەڕێگەی مامۆستا جەمالەوە پێگەیشت ‌و وتیشی:
-من ‌و کاک عومەر پێکەوەین، کوڕەکان ئەم رونکردنەوەیان بۆ ناردوین ‌و رای تۆمان دەوێ.

تەنیا دەستەواژەیەک کە داوام کرد لەو رونکردنەوەیەدا بیگۆڕن، ئەوە بوو "گردی زەرگەتە لە خزمەتی گۆڕاندایە" بگۆڕن بە "گردی زەرگەتە ھی گۆڕانە"، ھەردوو مامۆستاکە راکەی منیان پێ دروست بوو، ھەرچەندە گۆڕینی ئەو دەستەواژەیە تەنیا ئەرزشێکی ئیعلامی ‌و مەعنەوی ھەبوو، بەڵام بۆ بەیانی کە ناردیان بۆ بڵاوکردنەوە، دەستکاری نەکرابوو، پێش بڵاوکردنەوەشی، پەیوەندیم پێوەکردن و وتم:
-بەڵێن بو ئەو دەستەواژەیە بگۆڕین؟!
لەوەڵامدا وتیان:
-ئێمە دەمانەوێ بەو قسەیە مەسەلەی ئەم گرد و تاپۆکردنە کۆتایی بێت.

ماویەتی